ڕێگا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا خۆش نییە

بەشی جیهان- جەیمز کێری، شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکانی تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ کوردپرێس وتی: من ڕێگایێک نابینم بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ نموونە جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا و هیچ یەک لە ئەندامانی حکوومەتەکەی تاوەکوو ئێستا پێوەندییان بە ئەردۆغانەوە نەکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەیوەندیی تورکیا و ئەمریکا لەساڵی 2014 و پاش ئەوەی ئەمریکا دەستی بە هاوکاریی لەگەڵ کوردەکان بە تایبەت کوردی سووریا بۆ شەڕی دژ بە داعش کرد؛ تووشی گرژی بووەتەوە. لە پاش ئەمەشدا کڕینی سیستەمی بەرگریی ئیس 400ی ڕووسی لە لایەن تورکیا و تێ هەڵقورتان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ڕەش و شەڕە ناوخۆییەکانی لیبیا، هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتنن. لەلایێکی دیکەوە تورکیا ساڵی 2018 هێرشی کردە سەر ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە سووریا و هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان بەبیانووی بوونی پەکەکە زیاتر کرد. جەیمز کێری، شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکانی تورکیا و سەرنووسەری گۆڤاری ژیئۆپولتیکاڵ کە بابەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدەداتەوە، ژمارەیێک لە پرسیارەکانی ئاژانسی کوردپرێسی لەبارەی پرسەکانی سەرەوە وەڵام دایەوە.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق و سووریا

جەیمز کێری لەبارەی دەسکەوتی تورکیا لە هێرش کردنەسەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: من دڵنیا نیم کە دەسکەوتەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشاندەری سەرکەوتن و کۆتایی هاتنی ئەم ئۆپەراسیۆنگەلە بن بەڵکوو نیشانەی لاواز بوونی سوپای تورکیایە. تا ئەو کاتەی پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان هەموو ڕۆژێک خەڵک و هێزەکانی پۆلیس و هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دەستگیر دەکات و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا فەرماندە باڵاکان لەکار دوور دەخاتەوە و کەسانی گوێڕایەڵ دەکاتە جێگریان، بەئەگەری زۆرەوە ئەرتەشی تورکیا زیاتر دادەبەزێت.

ناوبراو ئاماژەی دا بە ئەگەری درێژەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و زیادی کرد: سەرەڕای دابەزینی تواناکانی ئەرتەشی تورکیا ئەردۆغان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات. ڕەنگیشە ئۆپەراسیۆنی شکستخواردووی گارە ببێتە بیانوویێک بۆ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکان.

ڕۆڵی ژمارەیێک لە حزبە کوردیەکان لە پەلکێش کردنی تورکیا بۆ ناوچە کوردنشینەکان

شرۆڤەکارەکەی پرسەکانی تورکیا لەبارەی تۆمەتبار بوونی ژمارەیێک لە حزبە کوردییەکان لەوان پارتی بۆ فەراهەم کردنی بەستێنی ئامادەبوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وتی: من گومانم هەیە لەوەی کە حزبە کوردییەکان ڕۆڵێکیان ببێت لە ئامادەبوونی تورکیا لە ناوچە کوردنشنەکانی عێراق و سووریا. گرینگترین داڵغەی ئەردۆغان بۆ ئەوەی هەوڵی ئامادەبوونی سەربازی لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا دەدات ئەوەیە کە پێگەی خۆی لە تورکیا بەرز بکاتەوە و خۆی وەکوو بەهێزترین ناسیۆنالیست لە وڵاتێکدا نیشان بدات کە لێوانلێوە لە توندڕەوە ناسیۆنالیستەکان. بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ئەنقەرە هەموو ئەوانەی کە لە ناوچە کوردنشینەکان بەرخۆدان دەکەن بە پەکەکە دزانێت، گومان هەیە کە بیر لەوە بکاتەوە کە چ کەسێک دەکاتە ئامانج.

هەوڵی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کوردیی دیموکراتیکی گەلان

جەیمز کێری لەبارەی کاردانەوە بیانییەکان بۆ ئەگەری هەڵوەشانەوەی پارتی دیموکراتیکی گەلان لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بە کوردپرێسی وت: ئەگەر پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بیەوێت پارتی دیموکراتیکی گەلان هەڵبوەشێنێتەوە پاشهاتی زۆر بەرچاوی بۆی نییە. هەڵبەت مومکینە لەلایەن ئەمریکا و ئەرووپاوە گەمارۆی بخرێتە سەر و تەمێ بکرێت. ئەمەش دەتوانێت ببێتە دەسکەوتێک بۆ ئەردۆغان وەکوو کەسێک کە ڕووبەڕووی هێرشی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بووەتەوە.

داهاتووی پەیوەندییەکانی نوێان ئەنقەرە و واشنتن

جەیمز کێری دەڵێت داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی جۆ بایدن-دا ناڕوونە و من ڕێگا بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا خۆش نابینم. جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا و هیچ یەک لە ئەندامانی حکوومەتەکەی تاوەکوو ئێستا پێوەندییان بە ئەردۆغانەوە نەکردووە. بە ئاوڕدانەوە لە گرژییەکانی نێوان دوو وڵات لەسەر سیستەمی مووشەکیی ئیس 400، سووریا، عێراق، فەتحوڵڵا گولەن، گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ و هەندێک بابەتی دیکە؛ ڕێگایێک بۆ سازیانی نوێان دوو لایەنەکە بوونی نییە.

ناوبراو وتیشی: تا ئەو کاتەی ئەردۆغان لە تورکیا دەسەڵاتی بەدەستەوە ببێت پێوەندیی دۆستانە لەگەڵ ئەمریکادا دروست نابێت. بەمانەیشەوە جۆ بایدن دەبێت وشیار بێت چوونکە ئەگەر ڕێگا لە ئەردۆغان نەگرێت سەرۆکی تورکیا سەرکێشتر دەبێت و ئەگەریش بیخاتە ژێر گوشارەوە مومکینە ئەردۆغان حزبەکەی بکاتە قوربانی و هەوڵی مەترسیدارتریش بدات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1625

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha