لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا دەمەقاڵێ لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و یۆنان دروست بوو

بەشی تورکیا- کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆنان لە ئەنقەرە، بۆ دەمەقاڵێیێکی تووند گۆڕا.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا نیکۆس دێندییاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان، تورکیای بە پێشێل کردنی مافە سەروەرەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تۆمەتبار کرد.

وەزیری دەرەوەی یۆنان گوتی "هەلومەرجی پێویست بۆ باشتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە هەر کردەیێک کە ببێتە هۆی تێکدانی بارودۆخەکە. وابزانم لێرە من هیچ شتێكی نوێم نەگوتووە. تاوەکو چەند مانگێكی لەمەوبەریش کردە خراپەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکرد و هەموو هەوڵەکانمان بۆ دروستکردنی متمانە سووتاندووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا بەهۆی لێدوانەکانی هاوتا یۆنانییەکەی خۆی پێڕانەگیرا و وەکوو هەمیشە، هەڵوێستە تووندەکانی خستەڕوو و پرۆتۆکۆلە دیپلۆماسیەکانی تایبەت بە میوانداریی تێکچوو.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند لە راگەیێندراوەکەیدا، نیکۆس دێندییاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان بەداخەوە هەندێک تۆمەتبارکردنی تووندی نابەجێی دژ بە وڵاتەکەم کردووە. ئەو گوتی تورکیا پێشێلی مافە سەروەرییەکانی یۆنانی کردووە. ئێمە ناتوانین ئەوە پەسند بکەین، تورکیا ناچارە بەرگری لە مافەکانی بکات، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و هەروەها ئەوانەی تایبەت بە تورکەکانی قوبرس. ئامانج لە هەموو هەنگاوەکانمان بەرگریکردنە لە مافەکانمان.

ئەو سامانە گەورەی کە لە بن رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستدا هەیە، پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی تورکیا و یۆنانی ئاڵۆزتر کردووە و بەنزینی بە ئاگری ململانێی نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە کە لە ساڵی 1974ەوە و لەدوای جیاکردنەوەی باکووری قوبرس لەلایەن تورکەکانەوە، سەریانهەڵداوە.

وەزیری دەرەوەی یۆنان دەڵێت "ئەگەری گرتنەبەری رێکارەکان دژ بە تورکیا هەمیشە لەسەر مێزی ئەنجوومەنی ئەورووپایە؛ ئەگەر بێتو کردەی نایاسایی دژ بە سەروەری و مافە سەروەرییەکانی یۆنان ئەنجامبدرێن، ئەوا هەمیشە ئەگەری گرتنەبەری رێكاری دژ بە تورکیا هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە لە قووڵایی دڵمانەوە هیوادارین هیچ کردەیێکی نایاسایی روونەدات.

لە بەرامبەردا مەولوود چاوشئۆغڵو بە تووندی وەڵامی دێندییاس-ی دایەوە و گوتی "ئەگەر خاڵی هاوبەشمان هەبووایە، ئەوا سەرکەوتوو دەبووین، من تەنیا لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کاردەکەم نەک هەڵوێستی تاکلایەنانە. تورکیا وڵاتێک نییە کە شەرم لە یەکێتیی ئەورووپا بکات و ئەگەر خاڵ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش هەبن ئەوا ئەو کێشانە چارەسەر دەکەین؛ من لێرە دووبارە دەیڵێمەوە، ئەگەر ئێمە کێشەکان چارەسەر بکەین، وەکوو دوو وڵاتی دراوسێ چارەسەریان دەکەین، هەر شت و رێگەیێکی دیکە سوودی نییە بۆمان.

ماوەی چەند مانگێکە، لەنێوان تورکیا و یۆناندا لیژنەی هاوبەش هەن کە سەرقاڵی گفتوگۆکانن تاوەکوو زەمینەیەک بڕەخسێنن بۆ کۆبوونەوەیێکی لووتکەی نێوان هەردوو سەرۆکی تورکیا و یۆنان؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا جگە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان، هیچ بەرەوپێشچوونێک بە کرداری تۆمارنەکراوە.

نیکۆس دێندییاس باسی لەوە کرد "پێموانیە ئەمە یەکەمجار بێت تۆ ئەمە ببیستیت و بەڕاستی بەڕێز چاوشئۆغڵو من سەرسام دەبووم ئەگەر بزانم کە تۆ چاوەڕێی ئەو قسانەی منت نەکردووە کە لێرە لە ئەنقەرە بیکەم. من ناتوانم بێمە ئێرە و وا خۆم دەربخەم کە هیچ شتێک لە دەریای ئیجە یان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست رووینەدابێت.

وەزیری دەروەی یۆنان وتیشی: هەڵوێستی یۆنان روونە، لە دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تورکیا یاسای نێودەوڵەتی و پرۆتۆکۆلی یاساکانی دەریای پێشێل کردووە. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکوو تورکیا مافە سەروەرییەکانی یۆنانی پێشێل کردووە. تورکیا زیاتر لە 400 گەشتی ئاسمانیی بەسەر ناوچە سەروەرییەکانی یۆنان ئەنجام داوە، مەولوود، وڵاتەکەت بەسەر ناوچە سەروەرییەکانی یۆنان ئەنجامیداوە. هیچ فەرمان و بڕیارێک نییە رێگە بە ئەنجامدانی گەشتەکان بەسەر ناوچەکانی یۆنان بدات، من باسی ئەوە دەکەم، نەک گەشت بەسەر دەریاکان".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1643

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha