لەڕێی حکوومەتی عێراقییەوە وەڵامی هێرشەکەی سەر سەربازگەی زلیکان دەدەینەوە
بەشی تورکیا- باڵوێزی کۆماری تورکیا لە بەغدا پایتەختی عێراق، شێوازی وەڵامدانەوەی بۆردوومان کردنی سەربازانی وڵاتەکەی لە نەینەوا، ئاشکرا کرد و وتی لەڕێی حکوومەتی عێراقییەوە وەڵامی هێرشەکە دەدەینەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ شەممە 17-4-2021، فاتح یڵدز، باڵوێزی تورکیا لە بەغدا، سەردانی پارێزگای نەینەوای کرد و لە بارەگای پارێزگا کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیی لەگەڵ نەجم جبووری، پاریزگاری نەینەوا ساز کرد.

فاتح یڵدز رایگەیاند: وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی بۆ ئەو گرووپە چەکدارییانەی سەربازگەی وڵاتەکەیان لە نزیک باشیک بۆردومان کرد، "لەڕێی حکوومەتی عێراقییەوە دەبێت".

باڵوێزی تورکیا لەبارەی دەرکردنی گرووپە چەکدارییەکان لەشنگال، رایگەیاند: تورکیا بە گرنگییەوە لە رێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆی، دەڕوانێت.

فاتح یڵدز ئاماژەی بەوەش کرد، کە دوای هەست کردن بەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ کراوە، تورکیا پاڵپشتیی وەبەرهێنان لە شنگال و نەینەوا بە گشتی دەکات.

شەوی چوارشەممە 14-4-2021، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: بە مووشەک هێرش کرایە سەر سەربازگەی زلیکان لە نزیک باشیک و بەهۆیەوە سەربازێکی تورکیا گیانی لەدەست دا.

سەرچاوە: باسنیووز

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113