«هێمن موکریانی»؛ شاعیری عیشق و ئازادی

بەشی ئازاربایجانی ڕۆژئاوا- ئەمڕۆ شەممە ١٧ نیسان، ٣٥ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا هێمن شاعیری گەورەی کورددا تێپەڕ دەبێت.

کوردپرێس:

محەممەدئەمین شێخولئیسلامی موکری، ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی بەھاری ساڵی 1300ی هەتاوی لە گوندی لاچینی سەر بە مەھاباد لەدایک بووە.

سه‌ره‌تای خوێندنی له‌لای مامۆستا سه‌عید ناكام ده‌ست پێكردووه، ئینجا باوكی ناردوویه‌تی بۆ شاری مه‌هاباد و له قوتابخانه‌ی "سه‌عاده‌ت" له‌به‌ر خوێندنی فه‌رهمیی داناوه و تاكوو ته‌واوكردنی پۆلی چواره‌م به‌ زیره‌كی ده‌رچووه، ئینجا باوكی له‌و قوتابخانه‌یه‌ی ده‌رهێناوه و بردوویه‌تییه به‌ر خوێندنی مه‌لایه‌تی له خانه‌قای شێخ بورهان و چوار ساڵیش له‌و خانه‌قایه‌ لەگەڵ مامۆستا هەژار خوێندووه و له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتووه و بووه‌ته لاوێكی خوێنده‌واری هۆشیار و له‌ وێژه‌ی كوردی و فارسیدا شاره‌زایه‌كی باشی په‌یدا كردووه.

له سا‌ڵی 1941ه‌وه به‌هره‌ی شاعیری له‌لا خولقاوه و ده‌ستی به‌ هۆنینه‌وه‌ی شیعر كردووه و وەک خۆی دەڵێت ‌سه‌ره‌تا لاسایی شاعیره مه‌زنه‌كانی پێش خۆی كردووەته‌وه و له دواییشدا بووته خاوه‌نی ڕێچکە و ده‌نگی تایبه‌تیی خۆی.

مامۆستا هێمنی شاعیر، دووری لە نیشتمان و غەریبی کاریگەریی زۆری لەسەر بیری شاعیریی داناوە و شیعری بەناوبانگی (ناڵەی جودایی) بەرهەمی ئەو سەردەمەیە.

هەتا ساڵی ١٩٧٩ کە ڕژێمی پاشایەتی ڕووخا و لە ئێران شۆڕش کرا، مامۆستا هێمن لە هەرێمی کوردستان مایەوە و دواتر گه‌ڕایه‌وه گونده‌كه‌ی خۆی لاچین و دەستی بە کاری کشتوکاڵ کرد و ماوه‌یه‌كیش له مه‌هاباد ژیاوە.

مامۆستا هێمن لە ورمێ وێڕای چەندین مامۆستا و نووسەری دیکە گۆڤاری سروه‌ی ده‌رکرد و سەرەنجام پاش تەمەنێک خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی، له ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٦٥ی هەتاوی (17ی نیسانی 1986ی زایینی) كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی هونەرمەندانی مەهاباد بە خاک سپێردرا.

بەشێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن بریتین لە: تاریک و ڕوون، هەواری خاڵی، ناڵەی جودایی و توحفەی موزەفەریە.

هێمن بە یەکێک لە شاعیرانی گەورە و کاریگەرەکانی کورد لە سەدەی ڕابردوو دادەنرێت و خاڵە بەرجەستەکان لە شیعری مامۆستا هێمندا بریتین لە بیری بەرزی نەتەوەیی، پرسی ژنان و ئازادی و سەربەستی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1660

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha