هێمن و ڕەوڕەوەی مێژوو/ سەلاحەدین خەدیو

بەشی فەرهەنگ- هێمن ئەگەر سەر لە بەیانی 29خاکەلێوەی 1365 سەری نەنابایەوە، ئێستا ڕێک سەد ساڵی تەمەن بوو. شاعیری عیشق و ئازادی لە سەرەتای سەدەی چاردەی هەتاوی چاوی بە جیهان پشکووت. سەدەیێکی ونبوو کە ئێستا خەریکی ئەسپەردەکردنی دوایین مانگ و ڕۆژەکانی و سەر بە ژوورداکردنی سەدە و چاخێکی تازەین.

کوردپرێس:

ساڵی 1300 کە بێشکەی لە دایک بوونی هێمن بوو، جیهانی کوردیی تازە شەقی شکا بوو. جەستەی ئەنجن ئەنجن کراوی سابڵاغ و دەڤەری موکریان بە شیری ساڵداتی ڕووس، هێشتا خوێنی لێ دەچۆڕاوە: ئەوە تیری غەزەبی مودیرنیتەی ڕۆژاوایی بوو لە کادڵی نووستووی جیهانی کوردان ڕۆچووبوو و بە خوێن ساردی، خەمساردی نەریت و داب و ڕەسمی کۆنی لەقاو دەدا: خەڵکینە نووستن بەسە! ڕاپەڕن لە خەو! جیهان و سەردەم گۆڕاوە! هەڵبەت جیهان لە مێژ بوو گوڕابوو، بەڵام کوردی بێ ئەنوا، بێ خەبەر بوو و کاتێک وەخۆ هات، نیشتمانەکەی پارچە پارچە کرابوو و هەر لقەی کەوتبووە سەر نەو دەوڵەتێک.

گۆێزەبانەی هێمن بوو کە لەشکری سمکۆی شکاک گەیشتە سابڵاغ. شەڕسالاری کورد گەرەکی بوو لەو بێنە و بەرەی پاش شەڕی یەکەم، شتێک بۆ کورد بپچڕێ. ئەوجار کورد بۆ خۆی بوو و بە واتای بڕون سیسینی کوردناس، سروشتی بوو کە سابڵاغ وەک ناوەند چاوی لێ بکرێ.

شاری تاڵان کراو بە دەست لەشکری شکاک کە دوو ڕەشە کوژی گەوڕەشی لە چل ساڵی ڕابردوودا بە دەس لەشکری عەجەم و عوڕوس ئەسپەردە کردبوو، بە زەحمەت دەیتوانی لە سەر لاقی بورژوازێکی هەناسە بڕکە و ئیلیتێکی نوخبەی شارنشین ڕاوەستێ. هاوکێشەی نێوان شار و عەشیرەت، قەڵەم و شیر، وەزیر و ئەمیر، مەدینە و بادیە، هێشتا بە قازانجی دووهەمی لاسەنگ ببوو و جڵەوی کار تەواو بە دەست شار نەبوو.

لە 1840 کە حوکماتی ئەمیرانی موکری کۆتایی پێهات و شازدە قەجەریەکان بوونە خودانی موکریان، دەنگی خێڵ لە بەرانبەر شاردا دلێرتر بوو و " شێخ " یش کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا هاتە سەر ئەو خوانە، نەیتوانی ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە.

بەو پێیە ئیلیتی کوردستانی سەد ساڵ پێش لە چەن توێژی سەرووی کۆمەڵگا پێک هاتبوون کە لە چرکە ساتێکی مێژووییدا دەبوو پێشەنگی نویخوازی و کوردایەتی بن. دەرەبەگە گەورەکان، شێخ و مەلا دەسڕۆیشتووەکان و هەندێک تاجر و بازرگانی دەوڵەمەند خاوەندارێتیی زەوی و هاوبەشی و میراتگری ڕەچەڵەک و بنەماڵە و ژن و ژنخوازی، دوو چەمکی گرینگ بوون کە تان و پۆی فەڕشی کوردیان لێکی گرێ دەدا.

حەوەجێ بە کوتن ناکا لە کۆمەڵگایێکی پێش مودێرن کە ئێستا ئابووری سەرمایەداری نەیتەنیوەتەوە و بە فەرهەنگی کشت و کاڵ گۆش کراوە، پێکهاتەیێکی کۆنەپارێزی وا کوا بۆی هەبوو دەوری پێشڕەو بگێڕێ؟ ئەو بە دەگمەن بیرە تیژ و مێشکە تازانەی هەشبوون، لە بەرانبەر قورسایی و بارگرانیی محافزەکاریی سەردەمدا دەستەوەستان مابوون.

چارەگە سەدەیێک پێویست بوو تا ڕەوڕەوەی زەمان بئاژوێ و لە سۆنگەی کاردانەوەکانی مودیرنیزاسیونی پەهلەوی و دواتر هوروژمی لەشکری سووری سۆڤیەت، کۆمەڵگا، تۆخێکی دیکە باوێ و بە حاستەم، هاوسەنگییێک لە نێوان شار و عەشیرەت سەر بگرێتەوە. تەمەنی هێمنیش گەیشتبووە 25 ساڵان و لە چاو ئەودەم وەک چل ساڵەیێکی ئەوڕۆ دەهاتەوە.

هیمن هەم شاهیدی ئەم گووران و گۆڕانە بوو و هەم وەک خۆی، بە یاغی بوون لە بنەماڵە و پەیوەست بوون بە شار، ڕەوتەکەی خێراتر کرد. کەسێک کە بە دابی قەدیم لە مەکتەبخانە و حوجرە و فەقێتی ڕا دەستی پێکرد بوو، بە دەست چەرخی زەمان نە تەنیا تێکەڵ بە ژیانی ڕووناکبیری بوو، بەڵکوو بە کردەوە بوو بە یەکێک لە باوکەکانی خوڵقێنەری بەها و فەرهەنگ و نەریتی تازە.

چرکە ساتی مێژووییی ژیانی هێمن کەنگێ بوو؟ 1946، کە نێوی دەرکرد و وەک شاعیری نەتەوەیی ناسرا، یان سەرەتای حەفتاکان کە شاکاری ناڵەی جودایی چڕی؟ یان 1979 کە پاش شۆڕش هاتەوە و شۆڕشێکی ئەدەبی و زمانیی کەم وێنەی بەرپا کرد؟

وڵام‌دانەوە بەو پرسیارانە هاسان نیە، نکۆڵی لەوەش ناکرێ، ئەوەندی نێوانی شاعیر لە گەڵ سروشت خۆش بوو، دانووی لە گەڵ سیاسەت نەدەکوڵا. هەرچەند سیاسەت و هەوراز و نشێوەکانی بە کردەوە تەواوی ژیانیان داگیر کرد.

شاعیری گەل کە لە ساڵی سمایل ئاغا و لە سەردەمانێک لە دایک بوو کە جڵەوی دەسەڵاتی ورمێ بە دەست کوردەوە بوو، لەو شارە و سەردەمی کۆماری ئیسلامی وەفاتی کرد لە کاتێک کە سەرپرشتیاری گۆڤاری سروە بوو. پێشینەی ڕۆژنامەگەری کوردی لە ورمێ پێش هێمنی موکریانی دەگەڕێتەوە سەر موکریانێکی تر: زانایێکی ئایینی سەر بە ماڵباتی زاناپەروەرەی تورجانی زادە کە وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردی سمکۆ، هێمایێکی مێژوویی لە یەک گرتنەوەی پیاوانی چەک و قەڵەم لە بڕگەیەکی مێژوویی پێشان دا. هەرچەند تەمەنی ئەم ئەزموونە کورت بوو و دیار نەبوو کە سەرەنجام لە کۆی و چ کات وەک هێمن دەگاتە دووڕێیانی مێژوویی خۆی: چەک یان قەڵەم، شار یان چیا؟

News Code 1669

Your Comment

You are replying to: .
captcha