پرسى کوردی سووریا دەبێت لە چوارچێوەى ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت
بەشی سووریا- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا رایگەیاند، پرسى کورد دەبێت لە چوارچێوەى سووریادا چارەسەر بکرێت.

کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەیڤید براونشتاین جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبووەوە و رایگەیاند: دەبێت کێشەى سووریا لە رێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانى باسی لەوەش کردووە، کە چارەسەریى دۆخى ئاڵۆزى سووریا بە شەو رۆژێک ناکرێت و رێگەى سەربازى چارەسەر نییە، دەبێت لە رێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت.

لای خۆشییەوە، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکاش وتوویەتی، هێشتا داعش لە سووریا مەترسییێکى راستەقینەیە و بۆ ئەوەش ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە هاوکارى و پشتیوانی کردنى هێز و لایەنە هاوپەیمانەکانى لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەى 'تیرۆر' بەردەوام دەبێت.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113