پەیەدە پێبەند نیە بە ئەنجامی ڕێککەوتنەکان

بەشی سووریا- سکرتێری پەیوەندییە گشتیەیکانی ڕەوتی ئایندەی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی گوت: پێویستە پەیەدە هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنەوە ئاشکرا بکات و ڕایبگەیەنێت کە ئایا بڕوای بە دیالۆگ و دانوستاندن بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتن هەیە یان خود وەک پێشوو پێبەندی ئەنجامەکان نابێت.

کوردپرێس:

فادی مەرعی سکرتێری پەیوەندییە گشتیەیکانی ڕەوتی ئایندەی کوردستانی سووریا کە هاوکات ئەندامی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریایە لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە قۆناغی دووهەمی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا کرد و ڕایگەیاند: سەردانی بریکاری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا لە قامیشلۆ و دیدارکردنی لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، کەشەکەی بۆ درێژەپێدانی دانوستان لە نێوان ئەنەکەسە و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (PNKS) ڕەخساند و ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بە هۆی لێدوانی بەرپرسانی پەیەدەوە سەبارەت بە پێشمەرگەی ڕۆژ و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا گفتوگۆکان وەستابوون.

ناوبراو گوتیشی: لە دیدار لەگەڵ نوێنەری ئەمریکادا لەبارەی هەڵمەتەکانی پەیەدە و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ئەنەکەسە و سووتاندنی نووسینگە و بارەگاکانی ئەنجومەنەکە دەنگی ناڕەزایی بەرز کرایەوە.

فادی مەرعی زیادیشی کرد: شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لەو دیدارەدا تیشکی خستە سەر ڕژدبوونی ئەو لایەنە لە درێژەپێدانی دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر ئەوەش لە سەر بنەمای پەیمانی دهۆک کە ساڵی 2014 واژۆ کراوە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە: پێویستە پەیەدە هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنەوە ئاشکرا بکات و ڕایبگەیەنێت کە ئایا بڕوای بە دیالۆگ و دانوستاندن بۆ دەستەبەرکردنی ڕێککەوتن هەیە یان خود وەک پێشوو پێبەندی ئەنجامەکان نابێت.

News Code 1677

Your Comment

You are replying to: .
captcha