قەڵای کەرکووک خرایە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکان
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەستەی گشتیی شوێنەواری عێراق رایگەیاند، قەڵای کەرکووک لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە لیستی سەرەتایی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.

کوردپرێس:

ئەحمەد کازم بەڕێوەبەی بەشی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری عێراق رایگەیاند،" رێکخراوی یونسکۆ لەم دواییانەدا قەڵای کەرکووکی خستە لیستی سەرەتایی شوێنەوارەکانی جیهان، ئەمەش بەهۆی گرنگی قەڵاکەوەیە لەروی ئەو فرە کولتورییەی کە تیایدایە لەوانە مزگەوتی پێغەمبەر دانیال، مزگەوتی گەورە و مزگەوتی عوریان هەروەها بونی کەنیسەی کلدانی ئوم ئەحزان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد،" بڕیارەکەی یونسکۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە قەڵای کەرکووک بەهایەکی جیهانی گرنگی لە روی رۆشنبیرییەوە هەیە، و لەسەر پێوه‌رەکانی رۆشنبیری و دەگمەنی شارستانیەتی زیندو ئەو بڕیارەدراوە چونکە ئەو قەڵایە نموونەی باڵایە لەڕوی جۆری بنیاتنان و ئەندازەیی و دەرخەری قۆناغێکی گرنگە لە مێژوی مرۆڤایەتییدا".

قەڵای کەرکووک چەند یەکەیەک لەخۆ دەگرێت لەوانەی بازاڕی قەیسەری و گومەزی سەوز کە مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی ئەتابكی ساڵی 752 ی کۆچی لەگەڵ چەند خانویێکی کولتووری.