سەرۆکى حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش کۆ بووەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کۆ بووەوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەممە 2021/4/19  مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کەریم ئەسەد ئەحمەد خان ،  ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و هەماهەنگیی دەسەڵاتی دادوەریی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایێکی تایبەت بە دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان کرا.

ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یونیتاد، ستایشی هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێم و پشتگیرییەکانی سەرۆکی حکوومەتی لە کار و ئەرکەکانی تیمی یونیتاد و سیستەمی دادوەریی کرد و ئەزموونی هەرێمی کوردستانیشی لەم بوارەدا، وەک نموونەیێکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە ناوبرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش سوپاسی ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی یونیتادی کرد بۆ ماوەی کارکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێناو هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانییانی تاوانەکانی داعش و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان. پیرۆزباییشی لێکرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک داواکاری گشتیی دادگای نێودەولەتیی تاوانەکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.