هۆکارەکانی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی PDY/YPG لە سووریا

بەشی جیهان- پەیمانگای کلینگنداڵی هۆڵەندا نووسیی: هۆکاری سەرهەڵدان و دەسەڵات گرتنی پارتی کوردیخوازی یەکێتیی سووریای دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل کە سەر بە پەیەدەن و وەک باڵی سەربازیی ئەو پارتە کار دەکەن بەستراوە بە چەن خاڵەوە: یەکەم پشتگیرییەکانی پەکەکە لەو پارتە دووهەم هێشتنەوەی پێوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا سێهەم وەرگرتنی پاڵپشتیی ئەمریکا و چوارەم مل نەدانی تورکیا بە پێدانی مافی کوردەکان و ئازادیی کارکردنی لایەنە کوردییەکان.

کوردپرێس:

پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات (پەیەدە) و ئیدارەی خۆسەری کوردی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەیەدەیە و هاوپەیمانی ئەمریکان دەوری گرینگیان بینیوە لە دەسەڵات گرتنی کوردەکان لە باکووری سووریا کە بە بەراوردی پەیمانگای سیاسیی کلینگنداڵی هۆڵەندا نزیکەی 20 بۆ 30 لە سەدی خاکی سووریا پێکدێنێت.

ئەو پەیمانگا سیاسییە کە بەشێکی زۆری چالاکییەکانی تەرکیز دەکاتە سەر دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شی کردنەوەی دەوری ئەو هێزانەی تێیدا قورساییان هەیە و تاوتوێی هەمەلایەنەی هۆکارەکانی سەرهەڵدان و دەسەڵات گرتنی پارتی کوردیی پەیەدە لە باکووری سووریا دەکات.

بەپێی ئەو شرۆڤەیە چوار هۆکار کارتێکەر بوون لە پێکهاتن و بەهێزبوونی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات. کلینگنداڵ ئیدعا دەکات کە پشتیگرییەکانی پەکەکە –کە بەشێکی هەرە زۆری چالاکییەکانی لە باکووری عێراقە- دەوری گرینگی بینیوە لە سەرهەڵدان و دەسەڵات گرتنی پارتی کوردیخوازی پەیەدە لە باکووری سووریا. هۆکارێکی دیکە دەگەڕێنێتەوە بۆ پێوەندیی ئەو پارتە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا کە تا ئێستاش بەردەوامە و هەرگیز پێکدادانی جیدی لە نێوان ئەو هێزانە و دەوڵەتی ناوەند ڕووی نەداوە. سێهەم هۆکاریش دەبەستێتەوە بە هاوپەیمانێتیی کوردەکان لەگەڵ ئەمریکا پاش گەمارۆدرانی شاری کوردنشینی کۆبانێ. هۆکاری چوارەمیش کە کارتێکەر بووە لە سەرهەڵدان و بەهێزبوونی پەیەدە ئەوەیە کە تورکیا مل نادات مافی کوردەکانی ئەو وڵاتە بدات.

بە گوێرەی ئەو خوێندنەوەیە، هۆکارە کارتێکەرەکانی سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتە کوردییە و باڵی سەربازیی ئەو پارتە تەعامول کردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکان کە تا ئەمڕۆکەش بەردەوام بووە.

کلینگنداڵ یەک لە خاڵە نێگەتیڤەکانی جێگیربوونی ئەو پارتە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەدیلێک بۆ سیستەمی دیکتاتۆری خۆجێیی و ڕێگەنەدان بە چالاکی کردنی دیکەی لایەنەکان و بەتایبەت پارتە کوردییەکان لە نێو ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا.

خاڵێکی نێگەتیڤی دیکەش بەوە دەزانێت کە پەیەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل بوونەتە گرووپێکی سەربازیی سەر بە ئەمریکا و جێگیربوونیان لە ناوچە کوردییەکان کە هەموو پێکهاتەکانی تەنها کورد نیە و پێکهاتەی دیکە و بەتایبەت عەرەبیشی تێدایە.

کلینگنداڵ لەبارەی بوونی ئەو پارتە کوردیخوازە وباڵە سەربازییەکەی لە سووریا دەڵێت سەرهەڵدانی ئەو دوو لایەنە ئەنجامی شەڕێکی ناوخۆیە کە لە تێیدا دەرفەت بۆ ئەوانەی چەک و پارە و پشتیوانیان هەیە دەڕەخسێت و دەتوانن نەزمێکی سیاسیی نوێ فەراهەم بکەن.

نووسەرانی ئەو خوێندنەوەیە بڕوایان وایە کە بە بێ ڕەچاوکردنی هاوسەنگیی وردی نێوان لایەن و هێزەکان، ڕاستیی ئێستا ئەوەیە کە پەیەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەل مودیلێکی دیکتاتۆریەتن بۆ ئیدارەدانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان و سەرباری وەعدی ئەوەیان داوە ئیدارەکەیان گەورە بکەن هیچ ناڕەزایییێک قبووڵ ناکەن و مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن وو بە پشتگیریی ئەمریکا حوکمڕانیی هەندێک ناوچەش دەکەن کە لەو ناوچانە پێشوازییان لێنەکراوە.

پەیمانگاکە دەشڵێت ئایندەیێکی ناڕوون چاوەڕوانی ناوچەی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا دەکات چوونکە هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئیدارەیێکی فراوانتر و گەورەتر ئەنجامی نەبووە.

لە ڕوانگەی ئەو پەیمانگاوە تاکە هۆکار کە دەبێتە کارتی گوشاری سەر ئەو حیزبە کوردییە و باڵی سەربازیی حیزبەکە بۆ گۆڕانکاری کردن لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا، ئەمریکایە. هەڵبەت لەو ڕووەوە کە ئەمریکا نەخشەڕێگا و پلانی تۆکمەی بۆ سووریا نیە و ئامانجی ئێستای ئەوەیە ڕێگری بکات لەوەی دەستی ڕووسیا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بە کێڵگە نەوتییەکان بگات، ناکرێت زۆر لە سەر ئەم کارتەی گوشاریش چاوەڕوانی دروست بکرێت.

پەیمانگا هۆڵەندییەکە دەشڵێت دۆخیئێستای باکووری خۆرهەڵاتی سووریا کە بە دەست پەیەدە و یەپەگەوەیە زۆر دەوامی نابێت و پێویستە ئەوان بڕیار بدەن بە ڕێگایێکی دیکەدا بڕۆن چوونکە ئەو ناوچەیە ئێستا لە لایەن تورکیا و هەرێمی کوردستان و ڕووسیاوە لە ژێر گوشاردایە.

لە ڕوانگەی پەیمانگاکەوە باشتر ئەوەیە کە ئەو لایەنانەی دەتوانن لە ڕەخساندنی بەستێنێکی باشتر لە باکووری سووریا و دامەزراندنی حوکمڕانیی باشتر قورساییان هەبێت لەگەڵ یەکتر دیالۆگ بکەن. بۆیە داوای لە یەکێتیی ئەورووپا و ڕووسیا و ئەمریکا و تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کردووە بۆ باشترکردنی وەزعەکە لە باکووری سووریا دەست بە گفتوگۆ بکەن.

پەیمانگاکە هۆشداریی ئەوەشی داوە کە یەک لە هۆکارەکان کە دەتوانێت کارتێکەریی زۆری لە دۆخی ناوچە کوردنشینەکاندا هەبێت بڕیاری ئەمریکا بۆ کشانەوە لە خاکی سووریایە. بەو پێیەش ئەگەر ئەمریکا بە تەواوەتی لە سووریا بکشێتەوە زاڵ بوونی تورکیا و ڕووسیا و دەوڵەتی ناوەندی بە سەر ناوچەکاندا ئەگەرێکی جدی دەبێت ئەگەر واشەنتن وێڕای ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا وەک ڕکابەری پارتی دەسەڵاتداری کوردستانی سووریا و هەروەها تورکیاش ڕێبکەوێت دەسەڵاتی پەیەدە و یەپەگە لەو ناوچانە تووشی کێشەی جدی دەبێت.

News Code 1690

Your Comment

You are replying to: .
captcha