ناسا سه‌رکه‌وتنی تاقی کردنه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌ره‌که‌ی له‌سه‌ر مه‌ریخ راگه‌یاند
بەشی تەکنەلۆژیا- هێلیکۆپته‌ره‌که‌ی رێکخراوی ناسا له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ به‌سه‌رکه‌وتوویی تاقی کرایه‌وه‌.

کوردپرێس: دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌ ڤیدیۆییه‌کانی فڕینی فڕۆکه‌که‌ که‌ راسته‌وخۆ له ‌میدیاکانی جیهانه‌وه‌ گوازرایه‌وه‌، رێکخراوی ناسا سه‌رکه‌وتنی تاقیکردنه‌وه‌ی هێلیکۆپته‌ره‌که‌ی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ راگه‌یاند و ئه‌و چرکه‌ساته‌ش ناونرا "چرکه‌ساتی برایانی بنیاتنه‌رمان".

هێلیکۆپته‌ره‌وه‌ که‌ کێشی 1.8 کیلۆگرامه‌ کاتژمێر 3:34-ی سه‌رله‌به‌یانی بۆ به‌رزی 10 پێ له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ به‌رزبووه‌وه‌ و بۆماوه‌ی 39.1 چرکه‌ فڕی ئه‌وه‌ش یه‌که‌م فڕینی ئامێره‌ له‌سه‌ر هه‌ساره‌یێکی دیکه‌، ناسا ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ی به‌سه‌رکه‌وتوو و هه‌نگاوێکی مێژویی له‌قه‌ڵه‌م دا.

وێنه‌کانی فڕینی هێلیکۆپته‌ره‌که‌ی ناسا له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ له‌دووریی 173 ملیۆن میله‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی گوازرایه‌وه‌ و دوای سێ کاتژمێر له‌هه‌موو کونجێکی ئه‌و دونیایه‌ به‌رده‌ست بوون.

ئه‌ندازیارانی فرۆکه‌که‌ له‌تاقیگه‌ی "پرۆپه‌ڵژن" له‌کالیفۆرنیاوه‌ به‌وردی چاودێری فڕینی هێلیکۆپته‌ره‌که‌یان ده‌کرد که‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ بوو به‌رنامه‌یان بۆ داده‌نا.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113