ئەمریکا بۆ کوردەکانی سووریا پڕۆژەی بەدەستۆیە

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) دەڵێت: ئەمریکا جیدیە لە درێژەدان بە دانوستانی کوردی-کوردی لە سووریا.

«عەبدولڕەحمان ئاپۆ» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کۆبوونەوەکانی جێگری نێرده‌ی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە قامیشلۆ و هەولێر و ڕایگەیاند: سەردانەکەی "مایکل ڕۆبن" جێگری نێرده‌ی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا قۆناخێکی نوێیە لە هەڵمەت و پشتیوانییە دیپلۆماتیکەکانی ئەمریکا بۆ دانوستانی کوردی-کوردی لە نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی (PYNK).

ناوبراو درێژەی دا لەم سەردانەدا جێگری نێردەی ئەمریکا هەم لەگەڵ جەنابی "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەم لەگەڵ "مەسعوود مەلا" سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و شاندێکی ئەنەکەسە کۆ بوویەوە و جەختیان لە درێژەی هاوکارییەکان کردەوە.

عەبدولڕەحمان ئاپۆ زیاتر وتی: ئەم سەردانە دەریدەخات کە ئەمریکا لە دانوستانەکاندا جیدیە و دەیهەوێت لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن و جەختیشی کردۆتەوە کە ڕۆڵی گەرنتی کردنی ئەم گفتوگۆیانە دەگێڕێت.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: لە کۆبوونەوەکاندا هەندێک بابەت لەوان درێژەدان بە گفتوگۆکان تا گەیشتن بە ئەنجامێکی ستراتێژیک، گەڕانەوەی هێزەکانی لەشکری ڕۆژ بۆ کوردستانی سووریا و ئامادەبوونی ئەنەکەسە لە هاوپەیمانێتیی نەیارانی سووریا تاوتوێ کران.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK-S) وەبیری هێنایەوە: ئەمریکا جیدیە لە درێژەی دانوستانی لایەنە کوردیەکانی سووریا و هەروەها ئاشکرایە کە پڕۆژەیێکی بۆ کوردەکانی سووریا بەدەستۆیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1706

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha