کوردپرێس:
گەلۆ عیسا سیاسەتوانی کوردی سووریا و ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پێکدادانی ئەم دوایییەی نێوان هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی ناسراو بە بەرگریی وەتەنی لە قامیشلۆ کرد کە ئەو هێزانە سەر بە دەوڵەتی ناوەندین.
گەلۆ عیسا لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: ماوەیێکی زۆرە کە دەوڵەتی سووریا ووڵاتانی دیکەی وەک ڕووسیا و تورکیا و چەند لایەنی دیکەش نیازیانە کە پێکهاتەی ئیدارەی خۆسەر لە ناو بەرن.
ناوبراو زیادی کرد: تورکیا لە لایێکەوە بە گوشار و هێرشی سەربازی ودەوڵەتی ناوەندیی سووریا بە هاندانی هاووڵاتییان و داخستنی ڕێڕەوە سنوورییەکان و ڕووسیا و دیکەی وڵاتانی ناوچەکەش لەڕێگای دیکەوە بەنیازن ئیدارەی خۆسەر بخەنە ژێر گوشارەوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: هێزە کوردییەکان بە نیاز نین کە هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەند لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامیشلۆ دەربکەن بەڵام ئەوە هێزەکانی سەر بە دەوڵەتن کە پێکدادانەکان دەست پێدەکەن.
ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (p.d.k.s) ڕوونیشی کردەوە: گرووپەکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەند خەڵکی عەشیرەتی "تەی"ن کە بەردەوام دەستیان کردۆتەوە و شەڕ و ئاژاوە دەنێنەوە و بوونەتە هۆی ناکۆکی لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامیشلۆ و حەسەکە.
ناوبراو بیریشی هێنایەوە کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا هێزێکی ئاسایش گیانی لەدەست دا و گرووپەکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەندیش زیانی قورسیان بەرکەوت.
گەلۆ عیسا گوتیشی: پاش نێوەندگیری کردنی ڕووسیا لە ئێستادا دۆخەکە ئارام بۆتەوە بەڵام ناتوانین بیشارینەوە کە وڵاتانی هەرێمی بە هاوکاریی ڕووسیا و سووریا کار بۆ تێکدانی دۆخەکە لە ئیدارەی خۆسەری کوردی دەکەن. ئەوەی کە لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات هیچ ڕوون نیە.
Your Comment