«یووسف سولەیمان» بەرپرسی لقی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا ئێوە دوورنواڕی ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ڕایگەیاند: پاش دەستبەکار بوونی "جۆ بایدن" سەرۆکی نوێی ئەمریکا هێشتا ئامانجە سیاسییەکانی ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە لە سووریا ڕوون نییە، بەڵام کاتێک وتەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، بەرپرسانی نوێ، وەزیری دەرەوە و بەرپرسە ئەمنییەکان دەبین هەموویان دژی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد-ن.
ناوبراو درێژەی دا: ئەمریکا، بەشار ئەسەد بە جەنایەتکاری جەنگی ناو دەبات؛ شەرعیەتی نێونەتەوەیی حکوومەتەکەی بەتایبەت پاش ئەوەی تۆمەتی بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لەدژی خەڵکەکەی خۆی خرایە پاڵی و ناوەندە نێونەتەوەییەکانیش پشتڕاستیان کردەوە لەدەست چووە و ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە سزا بەسەر خۆی و بنەماکانی دەسەڵاتەکەیدا دەسەپێنێت و تەنانەت وڵاتانی لایەنگریشی وەکوو ڕووسیا و ئێران و حزبوڵڵا سزا دەدات.
یووسف سولەیمان زیاتر ڕایگەیاند: هەموو ئەم هەڵمەتانە لە بەرژەوەندیی گەلی سووریایە و هۆکاری دادپەروەرانەی ئەوانە بۆ ڕزگار بوون لە حکوومەتی ئێستا و دامەزراندنی وڵاتێک لەسەر دادپەروەری و یاسا، من پێم وایە لە کاتێکی کەمدا بەشێوەیێکی گشتی پڕۆژەی ئەمریکا لە سووریا و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات، شوێنی جێگیر کردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکات.
ناوبراو ئاماژەی دا بە سەفەری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا بۆ ڕۆژهەڵاتی فۆرات و هەرێمی کوردستانی عێراق و وتی: نوێنەری نوێی ئەریکا و جێگرەکەی بۆ کاروباری سووریا، ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ حزبە سەرەکییە کوردەکانی سووریا ئەنجام داوە و هەروەها کۆبوونەوەی جیاجیایان لەگەڵ حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و هەروەها "مەزڵووم عەبدی" فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەنجام داوە.
بەرپرسی لقی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: سەردانەکەی "مایکل ڕۆبین" بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و دیدار لەگەڵ "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی پارتی و هەروەها سەرۆک وەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنێن. ناوبراو وتیشی دیداری شاندێکی دیکەی ئەنەکەسە لەگەڵ کونسۆڵی ئەمریکا لە هەولێر و بەرپرسانی سیاسیی دیکە هەموویان بەمەبەستی تێگەیشتن لە ڕا و هەڵویستی لایەنەکان بووە وە هەروەها هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی بەستێنی گونجاو بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆی کوردی-کوردی کە زیاتر لە پێنج مانگە ڕاگیراوە، هەموو ئەمانەش ئاماژەی ئەرێنین و گەشبینییەکان زیاتر دەکەنەوە.
یووسف سولەیمان درێژەی دا: بەبڕوای من ئەمریکییەکان، کوردەکان وەکوو یەکێک لە بەشە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی فۆرات دێننە ئەژمار و دەزانن کە لەناوچەکەیاندە ئاسایش و ئەمنیەت بەرقەرارە و ئەمریکییەکان ڕۆڵی نێوەندگیر و پشتگیری دانوستانەکان دەگێڕن.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پێچەوانەی ئەوەی کە ژمراەیێک لە سیاسەتوانەکان باسی لێوەدەکەن، بەشێوەی گشتی ئەمریکییەکان گەرەنتیکەری دانوستانی کورد-کوردین و بەێ گۆمان گفتوگۆکان دووبارە دەستپێدەکەنەوە و بە ئەنجامێکی باش دەگەن.
یووسف سولەیمان لەبارەی داهاتووی ڕێککەوتنەکان وتی: بە ڕای من لە کۆتاییدا دانوستانەکان بەشداربوونێکی گشتگیریان لێناکەوێتەوە و ڕێگە نادێت پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ زێدی خۆی بگەڕێتەوە تا خزمەتی گەل و ئامانجەکانیان بکات.
ناوبراو جەختی کردەوە: ئەم بابەتەش نیشاندەری ئەوەیە کە پێکهاتەی پەکەکە و پەیەدە بە باشی دەناسم کە تا چەندە پاوانخوازن و دەیانهەوێت ENKS هاوشێوەی PYNK تەنها کۆپیێکی بێ ڕۆح لەوان بێت.
بەرپرسی لقی دانمارکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا لەبارەی تایبەتمەندییەکانی بەشدارییێکی گشتگیر لە کوردستانی سووریا وتی: بەشداربوونی ڕاستەقینە، هەمیشەیی و دیموکراتیک ئەوەیە کە کۆتایی بە دەستوەردانەکانی پەکەکە لەهەموو بوارەکاندا بێت و واز لە هەندێک دەستەواژەی ئۆتۆپیای وەکوو میللەتی دیموکراتیک، گۆڕینی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان، دۆکتۆرینی هێزە چەکدارەکان، ئایدۆلۆژیای ڕاهێنانی سیستەماتیک، بهێندرێت.
ناوبراو درێژەیدا دەبێت هەندێک بابەتی دیکەش ڕوون بکرێنەوە لەوان: چارەنووسی ئەو کوردانەی ڕفێنراون، دۆسیەی هاوردە ئابووریەکان و هەناردە و هاوردە و فرۆشتنی نەوت، خاڵە سنوورییەکان و گرینگتر لە هەموویشیان گەڕانەوەی لەشکری ڕۆژ بۆ کوردستانی سووریا بۆ ئەنجامی ئەرکە پیرۆزەکانیان، هەموو ئەمانە هۆکاری ئەوەن کە گەشبین بین بە ئەنجامی دانوستانەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment