بەهۆی هەڵەی ئاکەپەوە، تورکیا لە پرۆگرامی F-35 دوور خرایەوە

بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لەبارەی دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی F-35 لەلایەن ئەمریکاوە رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئاکپارتی گرت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تویتێکی لەبارەی دوورخستنەوەی تورکیا لە پڕۆگرامی F-35 بڵاو کردەوە و دەڵێت: "دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی F-35، ئەنجامی سیاسەتی بێ پرەنسیپانەی ئاکەپەیە لە 6 ساڵی رابردوودا لە سیاسەتی دەرەوە.

ناوبراو دەشڵێت ئەو خاڵەیە کە لە ئەنجامی یاری کردن لە نێوان هێزە گەورەکاندا پێیدەگەیت. ئاکەپە بەو یارییە ویستی هەناسە لە کوردەکان ببڕێت".

تورکیا لە ساڵی 2006 بەشداریی لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35ی A و Bی کرد. پابەندبوونی خۆی راگەیاند بەدروست کردنی هەزار و پێنج پارچەی ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە. بەڵام بەهۆی ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێس-400ی رووسی کڕی، ساڵی 2018 ئەمریکا ئەندامێتیی تورکیای لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35 بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسارد.

ئەمریکا لە رابردوودا هۆشداریی دایە تورکیا لەوەی پاشگەز ببێتەوە لە کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس400، بۆ ئەوەی بتوانێت لە پرۆژەی دروست کردنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 بەردەوام بێت. بەڵام تورکیا هەنگاوی بۆ ئەمە نەنا و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوو هەم لەگەڵ ئەمریکا و هەمیش لەگەڵ ڕووسیادا لە بابەتەکانی ئێس400 و F-35 بەردەوام بێت.

شایانی باسە ئێستا تورکیا سیستەمی بەرگریی ئێس400ی لەبەردەستدایە بەڵام هێشتا کارای نەکردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1726

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha