بۆ یەکەمجار تاوانبارانی داعش لە دادگایێکی سەربەخۆ لە هەرێم دادگایی دەکرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەوڵ دەدەین بۆ یەکەمجار تاوانبارانی داعش لە دادگایێکی سەربەخۆ و لە هەرێمی کوردستان دادگایی بکرێن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند: لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش ئاڵوگۆڕی تواناکان لەسەر ئاستی دام و دەزگاکانی حکوومەت و دامەزراندنی چەند ناوەندێک دەبێت.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم، باسی لەوەش کرد، ناوەندێکی گرنگی وەک ئەرشیف کردن بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو زانیاری و دۆکیومێنتانەی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی داعشدا دەستی کەوتووە دەکرێتەوە تا کۆی بەڵگە و ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان بەشێوەیێکی باش و بەگوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی ئەرشیف بکرێن.

دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو، تیمی نێودەوڵەتی "یونیتاد" لە ساڵی ٢٠١٧ و لەسەر داخوازی حکوومەتی عێراق دروست بوو تا هاوکاریی عێراق بکات لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی چەکدرانی داعش ئەنجامیان داوە.

ناوبراو هاوکات، ئاماژەی بەوەش دا، هەرێم هەوڵ دەدات لە رێگەی پشتیوانی نێودەوڵەتی تاوانبارانی داعش لەسەر سێ تاوانی سەرەکی، جەنگ و دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی "جینۆساید" بۆ یەکەمجار لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە دادگاکانی هەرێم دادگایی بکرێن.

زێباری وتیشی :"ئەوانەی لەسەردەمی داعشدا تاوانیان ئەنجام داوە بە سزای خۆیان دەگەن، وڵاتانی جیهانی پشتیوانی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دەکەن".

سەرچاوە: NRT

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1730

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha