دەرچوونی بایدەن بۆ سەرۆککۆماریی ئەمریکا بە واتای پشتگیری کردنی کورد نیە

بەشی سووریا- ئەندامێکی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە: بڕیار نیە سەرکەوتنی بایدەن لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەمریکا بە واتای پشتگیری کردن لە کورد بێت چوونکە بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان دیاریکراوە و تورکیاش کارتی تایبەتی خۆی بەدەستەوەیە.

کوردپرێس:

هۆشەنگ دەروێش ئەندامی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی هەواڵنێری کوردپرێسی داوەتەوە و لەبارەی سەرکەوتنی بایدەن یان ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و شوێندانەریی سەرۆککۆماری داهاتووی ئەو وڵاتە لە سەر دۆزی کورد بە کوردپرێسی وت: ئەمریکا بەرژەوەندیی ستراتێژیکیی لە جیهاندا هەیە و بە تەنها سەرۆککۆمار نیە کە سیاسەتی ئەمریکا دەنووسێت بەڵکوو چەندین دامەزراوەی جۆربەجۆر بەرپرسن لەو بوارەدا.

ناوبراو گوتیشی: ئەگەر بەراوردێک لە نێوان بایدەن وترەمپ بکەین دەردەکەوێت کە بە پلەی یەکەم لای ترەمپ کاروباری ئابووری گرینگ بوو و بە پلەی دووهەم ترەمپ، لە بواری سیاسەت و دبڵۆماسیدا توانا نەبوو و بایدەن پێچەوانەی ترەمپە.

دەروێش زیادی کرد: بایدەن لە بواری دبڵۆماسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتوانایە و چەندین جار هاتۆتە هەرێمی کوردستان و تا ڕادەیێکی زۆر لەگەڵ کاروباری کورد ئاشنایە.

ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی زیاد کرد: هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە کە بایدەن پشتگیریی کورد دەکات و پشتیوانی کورد دەبێت. پێویستە سەرەتا ئەم پرسیارە بکەین کە بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان ئەوەیە لەگەڵ کێ بن؟ وەڵامەکە ئاشکرایە. بەرژەوەندیی دەوڵەت ئەوەیە لەگەڵ دەوەڵەتەکانی دیکە بێت. ئەو کاتە باسی قازانج و بەرژەوەندی بێت بێگومان تورکیاش ئەوەندەی کارت بەدەستەوەیە کە پێشکەشی ئەمریکای بکات. ئەوەی ئێمە دەتوانین بۆی بچین ئەوەیە کە ئەگەر ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و تورکیا تەشەنەی سەند ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر تورکیا کە هەڕەشەکانی دژی کوردستانی سووریا کەم بکاتەوە.

هۆشەنگ دەروێش لە کۆتاییدا ئەوەشی ئاشکرا کرد: دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە بە گوێرەی بەرژەوەندیی ئەو وڵاتەیە. ئەمریکا لەم ناوچەیە و لە سووریا هەڵگری کۆمەڵێک قازانج و بەرژەوەندیی سیاسی و سەربازی و ئابووری و ئەمنییە بەڵام وا دیارە بوونی بایدەن دەتوانێت هەندێک لە هەڕەشەکانی تورکیا دژی باکووری سووریا کەم بکاتەوە.

News Code 174

Your Comment

You are replying to: .
captcha