هێزەکانی ئاسایش و گرووپی بەرگریی نیشتمانی ئاگربڕی نوێیان جێگیر کرد

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا بە کوردپرێسی گوت بە نێوەندگیریی ڕووسەکان ئاگربڕی کاتی لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی کورد و گرووپی بەرگریی وەتەنی لە قامیشلۆ جێگیر کرا.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 23ی نیسانی 2021 فەرهاد تەلۆ سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پێکدادانی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان هێزەکانی ئاسایشی کورد و هێزەکانی ناسراو بە "بەرگریی وەتەنی" سەر بە سوپای سووریا کرد و ڕایگەیاند لە کاتژمێر 6ی عەسری ئەمڕۆوە تا 6ی بەیانیی سبەی ئاگربڕ لە نێوان دوو لایەنەکە جێگیر کراوە.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئەم ناکۆکییانە ناکۆکیی دوورمەودا و لە 2012وە لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی بوونی هەیە و ئەمانە لە لایەن دەوڵەتەوە پشتگیری دەکرێن و لەم دواییەدا چەند وڵاتێکی هەرێمی و سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان و بەتایبەت عەشیرەتی "تەی" پشتگیرییان کردوون.

فەرهاد تەلۆ گوتیشی: هێرشی ئەوان بۆ سەر هێزەکانی ئێمە بۆ ماوەیێکی درێژە بەردەوامی هەیە و هەر جارەو کەسانێک لە هێزەکانی ئاسایش دەکەنە ئامانج بەڵام ئەم جارەیان ئاسایش ویستی کە وەڵامێکی قورسیان بداتەوە.

ناوبراو زیادیشی کرد: ڕووسەکان نیازیان ئەوە بوو کە دەستوەردان بکەن بەڵام ژمارەیێک لە هێزەکانیان (بەرگریی وەتەنی)ی سەر بە وڵاتانی هەرێمی بوون و هەر بۆنەیەشەوە ڕووسەکان تا ئەمڕۆکە تەداخولی قەزیەکەیان نەکردووە.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا ئاشکراشی کرد: هێزەکانی ئاسایش تا ئەم کاتە 70 لە سەدی گەڕەکەکانی عەشیرەتی "تەی"یان کۆنتڕۆڵ کردووە کە بە هۆی پێکدادان و تەقەی هێزەکانی بەرگریی وەتەنی شێخێکی عەشیرەتی تەی لە ماڵەکەی خۆی گیانی لە دەست دا.

ناوبراو گوتیشی: ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕووسیا و هێزەکانی ئاسایش و سوپای سووریا لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ جارێکی تر ئاگربڕێکی کاتی لە 6ی ئێوارەی ئەمڕۆوە تا 6ی بەیانی جێگیر کرا هەڵبەت ئەگەر ئەو ئاگربڕە لە لایەن گرووپی بەرگریی وەتەنییەوە پێشێل نەکرێت.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا ئەوەشی زیاد کرد کە ئەو گرووپە نایاسایی و نافەرمییە لە عەشیرەتی "تەی"ن و دەوڵەتی ناوەند بەکاریان دێنێت و بەردەوام رەفتاری تاوانبارانە لە قامیشلۆ و کوردستانی سووریا ئەنجام دەدەن.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمە هیوای ئەوە دەخوازین کە پێکدادانەکان کۆتایییان پێ بهێنرێت. ئەندامانی ئەو گرووپە پێشتر سەر بە سەدام بوون و یان لە گرووپە جیهادییەکاندا چالاکییان دەکرد و ئەمڕۆکە ناوی خۆیان گۆڕیوە بە ناوێکی ترەوە تەیار کراون و ئامانجیشیان ئەوەیە ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن.

News Code 1742

Your Comment

You are replying to: .
captcha