وڵاتانی ناوچەکە گێچەڵ بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروست دەکەن

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: ئێمە بەدوای ئەودا نین کە لە ناوچەکەماندا تەنها کورد دەسەڵاتی بەدەستەوە ببێت بەڵکوو عەرەب، ئاشووری و تورکمانەکانیش لێرەدا خاوەنی مافی خۆیانن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە بەدوای ئەوەدان کە نائەمنی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بننەوە.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پێکدادانەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی ئاسایشی کوردستانی سووریا و گرووپێکی ناسراو بە "بەرگریی نیشتمانی" سەربە حکوومەتی سووریا لە قامیشلۆی کوردستانی سووریا و وتی: ئەوانە گرووپێکی نافەرمین کە هیچ ڕاهێنانیان بۆ نەکراوە کاری تێکدەرانە دەکەن و ساڵی 2012 لەلایەن حکوومەتی سووریاوە لەنێو ژمارەیک لە عەشایری عەرەب لەوان "تەى" پێکهێنرا کە ئەرکیان تەنها گێچەڵ نانەوە و دروست کردنی نائەمنییە و تا ئەم کاتەش بەرگرییان لە وڵات و نیشتمان نەکردووە.

ناوبراو درێژەی دا، بۆ نموونە فایل و دۆکیۆمێنتەکانی ژمارەیێکی زۆر لەوانەمان بەدەستۆیە کە ئەندامی گرووپی بەرگریی وەتەنی-ن کە دەریدەخات ژمارەیێکی زۆریان تاوانکارن و لە زیندان بوون و ئەمڕۆ لە ژێر ناوی "بەرگریی نیشتمانی" پڕچەک کراون. ئەم گرووپە لە ڕۆژێکەوە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێکهاتووە بۆ تێکدانی ئارامی و ئەمنیەتی ناوچەکەمان سەریهەڵدا.

کۆفان کەنعۆ زیاتر ڕایگەیاند: ئەمەش یەکەم جار نییە کە ئەم گرووپە کاری تێکدەرانە دەکات و هێزەکانی ئاسایشی قامیشلۆ دەکوژێت. ئەم گرووپە لە ماوەی چەند ساڵدا چەندین جار پێکدادانیان دەست پێکردووە و ئاشکرایە کە لە وڵاتانی ناوچەکەوە فەرمان دەگرن.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وتیشی: هێزەکانی ئاسایش توانییان بەشێکی زۆر لە کۆڵانەکانی تەی کونترۆڵ بکەن و ژمارەیێک زۆریش لەو هێزانەیان دەستگیر کردووە و ئێستاش بە نێوەندگیریی ڕووسیا و ڕیش سپیەکانی ناوچەکە ئاگربەست ڕاگەیێنراوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نایەوێت ئەم گرووپە لە قامیشلۆ بن بۆیە ئەگەر بەدوای تێپەڕاندنی ڕاسپاردەی خۆیانن باشتر وایە بۆ چواگۆشەی ئەمنییەتی کە حکوومەت پێکیهێناوە بگەڕێنەوە.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وەبیری هێنایەوە: دوو ڕۆژ پێش ئێستا قەناس بەدەستەکانی ئەم گرووپە یەکێک لە شێخە عەرەبەکانیان کردە ئامانج کە بۆ دانوستان لەگەڵ گرووپەکانی ئێمە هاتبوو بەڵکوو شەڕ لەنێوان کورد و عەرەبەکانی قامیشلۆدا هەڵگرسێنن، ئەمانە بەدوای فیتنەدان.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئێمە بەدوای ئەودا نین کە لە ناوچەکەماندا تەنها کورد دەسەڵاتی بەدەستەوە ببێت بەڵکوو عەرەب، ئاشووری و تورکمانەکانیش لێرەدا خاوەنی مافی خۆیانن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە بەدوای ئەوەدان کە نائەمنی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بننەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1748

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha