ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و خەتاباری سەرەکی/ داهاتووی کوردەکانی تورکیا

بەشی جیهان- دوکتور عیسمەت کۆناک لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی گوت: دەوڵەتی ئەردۆغان بۆ وەرگرتنی ڕای نەتەوەپەرستەکان و جووڵاندنی هەستی حەماسییان پێویستی بە ئوپەراسیۆنێکی سەربازی لەهەرێمی کوردستان هەیە و بەو بۆنەیەشەوە بە بیانووی بوونی پەکەکەوە بەردەوام دەبێت لە ئوپەراسیۆنەکان. لەبارەی دوورنواڕی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیاش دەڵێت ئەو پڕۆسەیە ئاسۆیێکی لێڵی هەیە.

کوردپرێس:

خولی نوێی ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بەرپەرچدانەوەی پەکەکە لەو ناوچەیە دەستی پێکردۆتەوە و سوپای ورکیا ماوەی دوو ڕۆژە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بە چڕی بۆدرومان کردووە و نزیکەی 10 کیلۆمەترێک لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستان پێشڕەویی کردووە.

تورکیا لە 2018وە و هاوکات لەگەڵ فراوان کردنی ئوپەراسیۆنی سەربازی دژی کوردەکانی سووریا دەستی بە ئوپەراسیۆنی سەربازی لە هەرێمی کوردستانیش و بە ناو و پاساوی جۆربەجۆرەوە ئەو ئوپەراسیۆنانەی کردووە. دەوڵەتی ئەردۆغان لەگەڵ فراوان کردنی ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستی بە سەرکوتکردنی دژبەرانی سیاسییش کردووە. بە شێوەیێک کە هەزاران کەس لە لایەنگران و ئەندام پەرلەمانەکان و شارەوانەکانی سەر بە پارتی کوردیخوازی دیموکراتیکی گەلان لە کار لادراون یان خود زیندانی کراون. لە لایێکی دیکەشەوە جۆبایدەن وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا پێش ئەوەی دەسەڵات وەربگرێت وەعدی پشتگیری کردنی دژبەرانی تورکیا و بەتایبەت کوردەکانی دابوو بەڵام تا ئەم کاتەش هیچی نەکردووە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەو بابەتانە دیمانەیێکی لەگەڵ دوکتور عیسمەت کۆناک توێژەری کاروباری کورد کردووە. ئەو توێژەرە لەبارەی بەردەوام بوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تا ئەو کاتەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بێت هۆشداریی داوە و لەبارەی پشتگیری کردنی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا یان ڕووسیا لە کوردەکان دەڵێت ئەوان کار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن و فەزڵی تورکیا دەدەن بە سەر کوردەکاندا.

ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و خەتاباری سەرەکی

دوکتور عیسمەت کۆناک لەبارەی ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە پاساوی هەبوونی پەکەکە بە کوردپرێسی گوت: هەروەک دەزانین تورکیا لە 2015دا لە نزیک مووسڵ بنکەی سەربازیی باشیکی دروست کرد. لە ئوپەراسیۆنی گارەدا کۆپتەرە تورکییەکان لەو بنکە سەربازییەوە هەڵدەستان. لە ڕاستیدا سوپای تورکیا سەرەتا هەوڵی ئەوەی دەدا کە بێتە شەنگال بەڵام ئێرانیش و دەوڵەتی عێراقیش ڕێگەیان پێنەدا. هەر بۆیە هێزەکانی سوپای تورکیا بڕیاریان دا هێرش بکەنە سەر چیای گارە. لە ڕاستیدا ئەو ئوپەراسیۆنە بۆ دەربازکردنی بارمتەکانی دەستی پەکەکە نەبوو بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئوپەراسیۆنێک بوو بۆ دەستبەسەرکردنی کەسانی بەرجەستە و پلە سەرووی ڕیزەکانی پەکەکە. لەو بارەیەشەوە سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا هەڕەشەی کردبوو کە موراد قەرەیلان دەکات بە هەزار پارچەوە.

ئەو توێژەرە کوردە ئاماژەی بە بەو لایەنانەش کرد کە پشتگیریی ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکەن و پێ دەچێت خەتاباری سەرەکیی ئەو هێرشە بن و دەڵێت: پێ دەچێت هەرێمی کوردستان و سەربازە ئەمریکییەکان یان بەغدا لەبارەی قەرەیلانەوە زانیارییان بە تورکیا دابێت. بۆیە بە ڕای من پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بەرپرسە لە هەبوونی تورکیا لە خاکی هەرێم. سۆران عومەر ئەندام پەرلەمانی کوردستان کە پارێزبەندیی پەرلەمانییەکەی لە ژێر گوشاری پارتیدا هەڵگیرا ئیدعای کرد کە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە. لە ڕاستیدا پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دوو سەری جیایان هەیە و لەم دوایییەدا شەراکەتەکەیان ڕەخنەی توندی کوردەکانی لێکەوتۆتەوە. بەڕای من پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پێویستە بە گوێرەی بەرژەوەندیی کوردستانییەکان کار بکات.

دوکتور کۆناک جەختی کردەوە ئوپەراسیۆنی گارە کۆتایی ئوپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان نابێت چوونکە حکوومەتەکەی ئەردۆغان کە نوقمی گەندەڵی بووە و بڕواپێکراویی خۆی لە دەست داوە پێویستی بە حەماسەتێکی پاڵەوانانە هەیە و ڕاست وەک قیادە پێشووەکانی خۆی دەورە خراپەکە دەخاتە ئەستۆی کوردەکان. نیسبەتدانی ڕۆڵی ڕوستە بە ئەردۆغان کە ئوستوورەیێکی فارسییە دەبێت هۆی دەستپێکردنی ئوپەراسیۆنی سەربازیی نوێ.

هەوڵی دوو حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ هەڵوەشانەوەی هەدەپە

توێژەری کاروباری کوردەکان لەبارەی هەوڵی لایەنی دەسەڵاتداری تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان بۆ هەڵوەشانەوەی پارتی دیموکراتیکی گەلان دەڵێت: ئاشکرایە کە تورکیا بۆتە وڵاتی خەزن کردنی پارتە قەدەغەکراوەکان. دیموکراسیەتی تورکیا لە ڕابردووەوە تا ئێستا وەک گیوتینێک پێکهاتەی ئەتنیکیی نایەکسانی کردۆتە ئامانج. ئەمڕۆکە پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرست وەک دوو هاوپەیمان و وەک دوایین عەقڵیەتەکان کە قەدەغەکردن لە تورکیا دەسەپێنن هەوڵ دەدەن هەدەپە هەڵبوەشێننەوە. لە ڕاستیدا هەر لە ئێستاشدا ئەو حیزبە کارامەییی نەماوە. ئەندامانی ئەو پارتە و سەرۆکەکانی هەموو ڕۆژێک دەستبەسەر دەکرێن و پارێزبەندیی نوێنەرانی پەرلەمانی وەردەگیرێتەوە. بە هەموو ئەمانەشەوە هەدەپە سێهەم پارتی گەورەی پەرلەمانی تورکیایە و من لەو قەناعەتەدا نیم کە ئەو حیزبە دابخرێت. قەدەغەکردنی هەدەپە وەک ڕشتنی بەنزینە بە سەر ئاگردا. ئەو کارە لە ڕووسی سیاسی و ئابوورییەوە تێچوو و باجی زۆری بۆ تورکیا دەبێت.

ئەگەری مامەڵەکردنی تورکیا و ئەمریکا لە سەر کورد

دوکتور کۆناک لەبارەی خەیانەتی وڵاتانی وەک ئەمریکا و ڕووسیا دەرحەق بە کوردی سووریا و فەزڵدانی تورکیا بە سەر کوردەکاندا بۆ بەرژەوەندیی زیاتر، دەڵێت: پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بڵێین کە تورکیا ئێستاش شەریکێکی بەنرخە بۆ ئەندامانی ناتۆ. لە ئەنجامدا پێوەندیی بازرگانیی زۆر لە نێوان ئەو دوو زلهێزە درێژەی پێدەدرێت. هەر بۆیەش ئەمریکا بە ئاسانی دەست لەو شەریکەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵناگرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە تورکیا بۆ ئەمریکا وەک شەریکێک وایە بەڵام کوردەکانی سووریا یان هەمان هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕوانگەی ئەمریکاوە تەنها هێزێکی سەربازین. لەو پێناوەشدا بایدەن لەبارەی سووریاوە هەرچی بکات بەرژەوەندییەکانی تورکیا ڕەچاو دەکات. چ ڕووسیاش و چ ئەمریکاش بە گوێرەی ئەرزی واقیع سیاسەت دەکەن و ئەوان بە گشتی بۆ بەردەوامی دان بە شەڕەکانی ئەم ناوچەیە پێویستیان بە گۆشتی سەر تۆپەکە دەبێت. کوردەکان لەو بارەیەوە پێویستە زۆر وریا بن و عاقڵانە بیر بکەنەوە. کوردەکان ئەگەرچی بە تەواوی متمانەیان بە ئەمریکا و ڕووسیا کرد بەڵام لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی لە پشتەوە چەقۆیان لێدرا. دەوڵەتی ئەردۆغان بەنیازە ئیدارەی خۆسەری کوردیی سووریا لاواز بکات و بەو مەبەستەش نیازیەتی ئیمتیاز بە ڕووسیا بدات. چەندین پڕۆژەی وەک تورک ستریم، وزەخانەی ناڤۆکیی ئاق قویو و کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400 لە ڕووسیا نیشانەی ئاشکران لەو سیاسەتەی مامەڵەکردن. کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400 لە ڕووسیا بە شێوەیێک لە شێوەکان جۆرێک داواکردنی باجە لە ئەمریکا. ڕاپۆرتی زۆر لەم چەند مانگەدا لەبارەی سزاکانی ئەمریکا دژی تورکیا لە سەر کڕینی سیستەمی مووشەکیی ئێس 400 بڵاو کراوەتەوە بەڵام بەڕای من سزاکان ناتوانێت ئەوەندە بەهێز بێت کە ئەردۆغان لە دەسەڵات دوور بخاتەوە. پێ دەچێت ئەم سزاگەلە لە ڕووی ئابوورییەوە لاوازی بکات بەڵام لە بەرامبەردا دەتوانێت هەستی دژەئەمریکی لە نێوخۆی تورکیا بەهێز بکات کە ئەوەش دەبێت هۆی مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات.

ناوبراو زیای کرد: بە گشتی لەم ڕۆژانەدا کۆنڤانسیۆنی مۆرنترۆ لەبارەی گەرووە ئاووییەکانەوە مافی ئەوە بە تورکیا دەدات کە گەرووەکانی بسفر و دردانل کۆنتڕۆڵ بکات و لە دەریای ڕەش خۆی بە هێز بکات. دەوڵەتی ئەردۆغان ڕەنگە موناقەشە لەسەر ئەو پەیمانەش بکات بۆ ئەوەی پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە دەست نەدات. هەر بۆیە پێ دەچێت لەم ڕێگایەوە پێگەی تورکیا لە سووریا بەهێزتر بکات.

توانای جۆبایدەن بۆ کەم کردنەوەی گوشاری سەر کوردەکان و لایەنی ئوپۆزسیۆنی تورکیا

دوکتور کۆناک لەبارەی تەعامولی دەوڵەتی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی بایدەن بەراورد بە سەردەمی دەوڵەتی ترەمپ دەڵێت: بێگومان بایدەن بەراورد بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، سنووری زیاتر بۆ ئەردۆغان دادەنێت. بەو حاڵەشەوە ئەگەر کوردەکان چاوەڕوانی هەنگاوی بەبڕشتی بایدەن بن پێ دەچێت بێهیوا ببن. پێوەندیی وڵاتان بە گوێرەی تەوەرکان دەستنیشان ناکرێت بەڵکوو بە گوێرەی بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتدار و پارەدار دیاری دەکرێت. دنیای نیۆلیبراڵ لە سەر بنەمای کرێ پێکهاتووە. هەر بۆیە کوردەکان نابێت تووشی هەڵەی پێش کامێرەکان ببن. گرینگترین شت ئەوەیە کە دەبێت بەبڕشت بن و بە جیدییەتەوە هەموو جووڵە دەولییەکان و مافی چارەی خۆنووسین بسەپێنن چوونکە کوردەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا خاوەنی خاکێکن کە تێیدا دەژین.

دەستپێشخەریی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی تورکیا

توێژەری کاروباری کوردەکان لەبارەی دەستپێشخەریی سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی نێوان لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن دەڵێت: بێگومان دەستپێشخەرییەکەی دەمیرتاش بۆ پێکهێنانی بەرەیێک بەرامبەر بە لایەنی دەسەڵات هەڵگری گرینگیی تایبەتە بەڵام لە ڕوانگەی منەوە پێکهێنانی هاوپەیمانیی یەکگرتوو دژی پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشە و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا مومکین نیە. بەتایبەت لەو ڕووەوە کە ئیی پارت وەک ئوپۆزسیۆنێکی نەتەوەپەرست بەشداریی ئەو هاوپەیمانێتییە ناکات چوونکە ئایدیۆلۆژیی ئەو حیزبەش لە سەر ئەساسی تورک بوون و نەتەوەپەرستی دامەزراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەش پێویستە لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن و بەتایبەت پارتی کوردیخوازی دیموکراتیکی گەلان پێگەی سیاسیی خۆی تا لەکارلادانی دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان بهێڵێتەوە. پێن پارتی سەرەکیی ئوپۆزسیۆنی تورکیا پێویستە وەک پێنج کارەکتەری یاریی وڵتروون دەور بگێڕن و ئەگەر پێویست بکات بە شێوەی ستراتێژیکی و پیشەیی بەرامبەر بە دژبەرەکانیان یەکگرتوو بن.

سەرباری پەرەسەندنی گوشارەکان، ئەگەر دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی دوبارە لە نێوان کوردەکان و ئەنقەرە هەیە؟

دوکتور کۆناک دەڵێت لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان کوردەکان و دەوڵتی تورکیا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بێهیوا بووە و دەشڵێت: بە ڕای من تا ئەو کاتەی ئەردۆغان لە تورکیا خاوەنی دەسەڵات بێت پڕۆسەیێکی ئاشتیی دیکە لە نێوان کوردەکان و ئەنقەرە دانامەزرێت. جگە لەوەش ئەگەر هەیە کە هەدەپە وەڵامی نەخێر بەو پێشنیازە بداتەوە. قبووڵ کردنی ئەو پێشنیازە ئەگەریش بکرێت و ئەردۆغان بیکات تەژی دەبێت لە داو و ڕەنگە هەدەپە لە ڕووی سیاسییەوە تووشی گرفت بکات. بە تەواوی ڕوونە کە سیستەمێکی دەوڵەتی کە دوو پارتی ئاکپارتی و نەتەوەپەرست حوکمڕانیی دەکەن گەندەڵە و ڕزیوە. قسەیێکی نەسەقی ئانادۆڵۆ هەیە کە ماناکەی ئەمەیە: خواردنی باش لە گۆشت خراوبوو دروست ناکرێت.

ناوبراو لەبارەی دەست پێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی نوێ پاش سەردەمی ئەردۆغان دەڵێت: دەستپێکردنەوەی ئاشتیی نوێ لە نێوان کورد و ئەنقەرە ڕەنگە پاش ڕووخانی دەوڵەتی ئەردۆغان بێت و ئەنجامی هەستپێکراوی هەبێت. کوردەکان لە ئەنجامدا دەستیان بە مافی خۆیان دەگات. تۆفێق فیکرەت شاعری بەناوبانگی تورکیا لە شێعرێکدا دەڵێت: «شەو تا قیامەت ناخایەنێت».

News Code 1769

Your Comment

You are replying to: .
captcha