وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەمریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکار دێنێت

بەشی تورکیا- هەریەک لە وەزیری بەرگری، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا رەخنەیان لە ئەمریکا گرت لە بابەتی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە.

کوردپرێس:

مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان گرت. شەنتۆپ لەبارەی راگەیێنراوی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند، گوتی: "ئەمە راگەیێندراوێکە هیچ بنەمایەکی یاسایی، سیاسیی و مێژوویی نییە. ئەوە راگەیێندراوێکە وەک چۆن دژایەتیی ئەمریکای لەگەڵ یاسا و زانستی جیهانی خستەڕوو، هاوکات زیانیش بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەگەیێنێت کە پشتبەستووە بە مافەکانی مرۆڤ، سەروەریی یاسا و دۆستایەتی''.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەو راگەیێنراوەی بە تۆمەت ناوبرد، رووی دەمی کردە بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئەرمەنەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە و گوتی: "دەمەوێت ئەوە بە بیری بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بهێنمەوە کە پێشینەی مێژووییان هەیە و تەنانەت ئەمڕۆش تاوانی جیاکاری، رەگەزپەرستیی، کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکەن، کاتێک لەبارەی تورکیاوە قسە دەکەن پێویستە وریاتر بن''.

هەروەها خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا راگەیێنراوەکەی سەرۆکی ئەمریکای بە نکۆڵیکردن لە راستییەکانی مێژوو ناوبرد و رایگەیاند: "ئاشتی و ئارامیی ناوچەکەمان، کێشەی هاوبەشی ئێمە تورکیا و ئەرمینیایە، نەک ئەرمەنی تاراوگە و ئەو وڵاتانەی وەک دوێنێ ئەمڕۆش هەوڵ دەدەن بابەتەکە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربهێنن''.

هەروەها فەخرەددین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا، رایگەیاند: ''ئەوانەی بۆ راکێشانی تورکیا بۆ ئەو رێگەیەی خۆیان دەیخوازن ھەر لە تیرۆرەوە تا سەپاندنی سزا، پەنایان بۆ ھەموو جۆرە ھەڕەشەیەک برد، نەیانتوانی سەرکەوتووبن. پشتیوان بەخوا سەرکەوتوو نابن".

رۆژی 24ی نیسانی 2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی بە جینۆساید ناساند و لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا یادی هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لە سەردەمی عوسمانیدا جینۆسایدکران."

جۆ بایدن رۆژێک دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو بڕیارەی دەرکرد و کۆتایی بەو دوودڵیەی نێو ئیدارە یەک بەدوای یەکەکانی ئەمریکا هێنا و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی ناساند. ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جینۆسایدی ئەرمەنەکانی بە ''کارەساتی گەورە'' ناودەبرد.

106 ساڵ لەمەوبەر، رۆژی 24ی نیسانی 1915 کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەستیپێکرد، لەو پرۆسەیەدا نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە ئەرمەنەکان کۆمەڵکوژ و دەربەدەرکران.

News Code 1783

Your Comment

You are replying to: .
captcha