کاروانی دووهەمی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر گەیشتنی بارێکی دیکەی ڤاکسینی فایزەری بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر سەرهەنگ جەلال، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: بڕی دوو هەزار و 340 قورچک ڤاکسینی کۆرۆنا لە جۆری فایزەر گەیشتە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە رەوانە کراون. هەروەها سەرهەنگ جەلال ئاماژەی بەوە دا: هەزار و 170 قورچکی بۆ نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر و هەزار و 170 ژەمەکەی دیکە بۆ شارۆچکەی سۆران دەبێت.

بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر ئاشکراشی کرد، ئەو ڤاکسینانە بەو کەسانە دەدرێت کە پێشتر ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی تۆمارکردبوو.

لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە ڤاکسینی تایبەت بە کۆرۆنا بەردەستە و لە هاونیشتمانیان دەدرێت، هەر سێ جۆرەکەی ڤاکسین (فایزەر، ئەسترازێنیکا، سینۆفارم) وەرگیراون، تاوەکوو ڕۆژی 26ی نیسانی 2021 زیاتر لە 20 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر ڤاکسینی کۆرۆنایان لێدراوە و نزیکەی 60 هەزار کەسی دیکە خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لەم پارێزگایە تۆمارکردووە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ، لە 24 کاژێری رابردووەدا 1109 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشان کراون و لەو ماوەدا 11 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە، هاوکات 921 تووشبووی پێشووش چاک بوونەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1785

Your Comment

You are replying to: .
captcha