زەریف: کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق ڕێزگرتنە لە سەروەریی ئەم وڵاتە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە میانی کۆبوونەوەی محەممەد جەواد زەریف لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عێراق سیاسەتی کرانەوە پەیڕەو دەکات و هەوڵ دەدات رۆڵێکی ئەرێنیی هەبێت بۆ لێکنزیک کردنەوەی بۆچوونەکان.

کوردپرێس: بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە لە بەغدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەممەد جەواد زەریف کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندیی دۆستانە و پتەوکردنی ئاسۆی هاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کرا لەگەڵ دوا پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەکرد، کە عێراق سیاسەتی کرانەوە پەیڕەو دەکات لەگەڵ بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ چواردەورە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمانی عێراقیش پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەت دەکات لەو بوارەدا و جەختی کردەوە کە سەقامگیریی عێراق رەنگدانەوەی دەبێت بۆ سەر داروسێکانی و ناوچەکە.

لای خۆیەوە زەریف دووپاتی کردەوە لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ هاریکاری لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکان و هەوڵەکان لە پێناو عێراقێکی سەقامگیر.

هاوکات سڵاو و سەرەخۆشی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێرانی پێگەیاند لە بەرامبەر کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمان لە رێگەی وەزیری دەرەوە سڵاوی بۆ حەسەن ڕۆحانی و سەرۆکی ئەنجوومەن نارد هیوای سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئێران خواست.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113