بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له گفتوگۆيێکى ته‌له‌ڤزيۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى (بالثلاثة)ى که‌ناڵى شەرقیە نیوز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، باسى له دۆخى عێراق و چارەسەرەکان بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کێشەکانی عێراق بە گشتیی کرد.
ده‌قى هەڤپەیڤینی شەرقیە نیوز له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى:
به‌شى يه‌که‌م..
شەرقیە نیوز: له ساڵانی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو له دایکبووی، ئه‌و کاته عێراق دامه‌زراندنی کۆماری عێراقی یه‌که‌م و دووه‌می به‌خۆیه‌وه بینی، جه‌نابى سه‌رۆک به‌رچاوترین رووداوی سیاسی کە ئەو کاتە له‌گه‌ڵی ژیابیت چی بووە؟
نێچيرڤان بارزانى: زۆر سوپاس بۆ که‌ناڵی شه‌رقییه، به‌خێربێن، هاتنی مانگی ره‌مه‌زان له ئێوه و هه‌موو گه‌لی عێراق و له هه‌موو موسڵمانان پیرۆز ده‌که‌م. ساڵی 1966 له عێراق له حاجى ئۆمه‌ران له کوردستانی عێراق له دایکبووم. دایکم خه‌ڵکی سلێمانییە و باوکیشم ئیدریس بارزانی بووه. به منداڵی تا ساڵی 1974 و 1975 له عێراق بووین و دوای نسکۆی شۆڕش ئاواره‌ی ئێران بووین. قۆناخی منداڵیم له ئێران بووین. باوکم سه‌رقاڵى کاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران بووه ئه‌وانه‌ی دوای نسکۆی شۆڕش لە ئێران پەنابەر بوون. ژیانمان به منداڵی له‌وێ بووه. تا ساڵی 1979 دوای شۆڕشی ئێران ورده ورده شته‌کان گۆڕان و هاتینه‌وه ناوچه‌ی کوردستانی عێراق، به‌ڵام ئه‌و کاتانه‌ش هه‌ر له شاخ بووین. قۆناخی منداڵیم قۆناخی ئاواره‌یی بوو له ئێران و هه‌ر له‌وێش قوتابخانه‌مان خوێندووه و چووینه‌ته قوتابخانه. سه‌باره‌ت به ژیانی سیاسیم، من له یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستانه‌وه ده‌ستمپێکرد، به‌ڵام زیاتر هاتنم بۆ ناو سیاسه‌ت به شێوه‌یه‌کی گشتی دوای ساڵی 1987 بوو که باوکم کۆچى دوايىکرد و دوای ئه‌وه زیاتر که‌وتینه ناو بواری سیاسه‌ت و کارکرن.
شەرقیە نیوز: ئه‌م ژیانه تا راده‌یه‌ک ئاڵۆزه و گواستنه‌وه‌ت له شاری دایک بۆ وڵاتێکی دیکه، بێگومان منداڵيی که‌سه‌کان یان مرۆڤه‌کان ده‌بات، ئایا ژیانی منداڵیی راسته‌قینه‌ت بینیوه؟
نێچيرڤان بارزانى: به‌ڕاستی نا. واته قۆناخی منداڵیمان وه‌ک پێویست نه‌بینی، کاتی منداڵیمان قۆناخێک بوو که ئاواره‌ی ئێران ببووین وه‌ک هه‌ر خه‌ڵکێکی دیکه که ئاواره ده‌بێت، واته نه‌ک بۆ ئێمه ئاسان نه‌بوو، بۆ هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی که ئاواره بوون له ئه‌نجامی نسکۆى شۆڕش سه‌خت بوو، به‌تایبه‌تی باوکم و جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی که ده‌کاته مامم، ئه‌وان زیاتر سه‌رقاڵى کارى رێکخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی دووباره بوون له عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ک پێویست ژیانی منداڵیمان نه‌دیوه.
شەرقیە نیوز: ئه‌مه یه‌که‌مجاره بێمه کوردستان و به بنيادنان و ئاوه‌دانی و پێشکه‌وتنی ئێوه شۆک بووم، ئه‌مه هۆکاره‌که‌ی چییه؟ چۆن توانیتان به ماوه‌یه‌کی کورت بنیادنان و ئاوه‌دانی وا پێشبخه‌ن؟
نێچيرڤان بارزانى: له‌ڕاستيدا عێراق به شێوه‌یه‌کی گشتی وڵاتێکی ئاوه‌دان نییه. ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه له کوردستان ده‌یبینین لە پرۆسه‌ی ئاوه‌دانى و بنیاتنان، دوای ساڵی 2004 ده‌ستیپێکرد. دوای ساڵی 2004 ئومێد بۆ خه‌ڵکی کوردستان گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به ئاوه‌دانی و بنياتنان بکات، ئه‌وه‌ی ئێمه له ده‌ستپێکدا ئه‌نجاممان دا، زۆر فۆکه‌سمان خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى که پێویسته که‌رتی تایبه‌ت له کوردستان دووباره بنیات بنرێته‌وه، که‌رتی تایبه‌ت داینه‌مۆی پێشکه‌وتنی هه‌ر وڵاتێکه. فۆکه‌سمان له‌سه‌ر که‌رتی تایبه‌ت و ده‌ستپێکرنی پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه له کوردستان بوو، خه‌ڵکیش یارمه‌تیداين به‌تایبه‌تی که‌رتی تایبه‌ت رۆڵێکى سه‌ره‌کی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ئێمه ده‌یبینین ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێکی ده‌وروبه‌ری خۆمان به‌راوردى بکه‌ین، ده‌بینین پێشکه‌وتنه‌کان زۆر خێرا و وه‌ک پێویست نین. پێویسته ئه‌و پێشکه‌وتنانه نه‌ک ته‌نها له کوردستان، به‌ڵکو له هه‌موو عێراقدا باشتر بکرێت.
شەرقیە نیوز: با بگه‌ڕێینه‌وه ژیانی که‌سيتان، نه‌وه به‌شێکی گرنگی ناسنامه و که‌سایه‌تیی ژیانی هه‌ر تاکێکی کورده، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی چیاکان به‌تایبه‌تی له‌کاتی خه‌بات و تێکۆشان‌دا چی ده‌گه‌یه‌نن؟
نێچيرڤان بارزانى: کورد هه‌ميشه قسه‌يه‌کى هه‌یه ده‌ڵێت "هیچ دۆستێکمان نییه چیاکان نه‌بێت". بۆ کورد هه‌میشه وا بووه، خه‌بات و به‌رخۆدانی خۆی هه‌میشه له چیاکان ده‌ستپێکردووه. ئێمه‌ش وه‌ک به‌شێک له‌و خه‌ڵکه‌ی که له چیا و کێو بووین و به‌شداربووین، هه‌ر له گه‌نجێتییه‌وه باوکم و مامم ئێمه‌یان فێرکردووه که ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازار و مه‌ينه‌تيى خه‌ڵکدا بژین، ئێمه قۆناخی پێشمه‌رگایه‌تیمان بینیوه، ئه‌و شانازييه‌م نه‌بووه وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌دا بین، به‌ڵام قۆناخی پێشمه‌رگایه‌تیشمان بینیوه و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه بووین. له چیاکان بووین و ئه‌م قۆناخانه‌مان هه‌مووی له ژیاندا بینیوه.
شەرقیە نیوز: جه‌نابى سه‌رۆک له‌وانه‌یه جه‌نابت گه‌وره‌ترین نه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی بیت، که‌سایه‌تيی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و باوکی ئیدریس بارزانی، مامی مه‌سعوود بارزانی و باپیری مه‌لا مسته‌فا بارزانی، لای که‌سایه‌تيی کۆتایی ده‌وه‌ستین، ئایا مه‌لا مسته‌فای بارزانی که‌سایه‌تيی ئیلهامبه‌خشی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه؟
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌و ماوه‌یه‌ی که مه‌لا مسته‌فا له ژیاندا بووه وه‌ک باپیرم، قۆناخی منداڵیم بوو. مه‌لا مسته‌فا له ساڵی 1976ه‌وه که تووشی نه‌خۆشی بوو، بۆ چاره‌سه‌رى چووه ئه‌م‌ریکا، ئه‌و ماوه‌یه‌ی که ئێمه له‌گه‌ڵ باپیرى خوالێخۆشبوومان ده‌ژیاین، ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی سیاسیم کردووه و وایکردووه که له‌ژێر سێبه‌ر و رێبه‌رایه‌تیی ئه‌ودا گه‌وره ببم، مامم مه‌سعوود بارزانی بووه. زیاتر ئه‌و بووه وه‌ک ئیلهامێک، وه‌ک که‌سايه‌تييه‌ک، وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌ک، وه‌ک مامێک و وه‌ک باوکێکیش سه‌یرم کردووه، زیاتر ئه‌و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی ژیانم له گه‌نجێتی و تا ئێستاش هه‌بووه.
شەرقیە نیوز: با بڵێین چی له مه‌لا مسته‌فا بارزانی فێر بوویت؟
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌وه‌ی هه‌موومان له مه‌لا مسته‌فا بارزانی فێری بووین ئه‌وه‌یه که ده‌بێت به دڵسۆزییه‌وه تێ‌بکۆشین بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی گه‌له‌که‌مان و خزمه‌تی بکه‌ین. ئه‌گه‌ر بتوانم به دوو وشه بڵێم، ده‌ڵێم رێبازی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، رێبازی خزمه‌ت کردنی گه‌له‌که‌ى بووه، رێبازی خزمه‌ت کردنی وڵات بووه، ئێمه له‌و که‌سايه‌تييه‌وه فێری ئه‌وه بووین که هه‌وڵی جددی بده‌ین بۆ خزمه‌ت کردنی دۆزی گه‌له‌که‌مان.
شەرقیە نیوز: هه‌روه‌ک ده‌رباره‌ی رۆڵی خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی باست کرد جه‌نابى سه‌رۆک، له‌کاتی باس کردنی کۆچی دوایيی باوکتدا جه‌نابت هه‌ستئامێز بووی، با باسی ماوه‌ی خه‌باتی بکه‌ین، رۆڵی ئه‌و له دۆزی کورد و هه‌روه‌ها لێکنزیککردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و کورددا چی بوو؟
نێچيرڤان بارزانى: له پرسی کوردي‌دا روون بوو که له‌ژێر سێبه‌ری باپیرم مه‌لا مسته‌فای بارزانيدا، هه‌م کاک ئیدریس خوا لێى خۆش بێت، هه‌م جه‌نابی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی هه‌ردووکیان له شۆڕشدا یاریده‌ده‌ری بوون. کاک ئیدریس له‌و ماوه‌یه‌ی که له شۆڕشدا بووه زیاتر پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازی به‌ده‌سته‌وه بووه. یارمه‌تيی مه‌لا مسته‌فای داوه و خۆیشی رۆڵکى زۆری بینی له رێککه‌وتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970 له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌وکات و چه‌ندینجار سه‌ردانى به‌غدای کردووه تا ئه‌و لێکگه‌یشتنه دروست ببێت، هه‌میشه شانازی به‌وه‌وه ده‌کرد که دوای رێککه‌وتنی ساڵی 1970 گه‌لی عێراق به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه له به‌سره‌وه تا هه‌موو شوێنه‌کانی دیکه‌ی عێراق زۆر به گه‌رمی پێشوازییان له‌و رێککه‌وتنه کرد، دوای چه‌ندین ساڵ خه‌بات و ماندووبوون گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌کی گشتی پێشوازییان له‌و رێککه‌وتنه کرد. یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی رۆڵی بینی و ئه‌وانی دیکه‌ش جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی و براده‌رانی دیکه‌ش زۆر رۆڵيان بينى، به‌ڵام ئه‌و خۆی شانازی به‌وه‌وه ده‌کرد که رۆڵی له‌و ڕێککه‌وتنه‌دا هه‌بووه له نزیکبوونه‌وه‌ی گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌کی گشتی به کورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانه‌وه، چونکه ئێمه زۆر بڕوامان به‌وه‌یه که پرسی کورد پێویستی به چاره‌سه‌ر هه‌یه له چوارچێوه‌ی عێراقدا. ساڵی 1970 هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه، ساڵی 1975یش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بووه، ئێستاش هه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌یه که پێویسته له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بۆ پرس و کێشه‌کان بدۆزرێته‌وه.
شەرقیە نیوز: ئه‌م چیرۆکانه هی ساڵانی حه‌فتاکانن و ئێستاش له‌سه‌ر مێزی دانوستاندنن، هۆکاره‌کانی چین که هه‌ولێر داوای کاڵکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان بکات و رۆڵی ده‌ستپێشخه‌ر بگێڕێت، له‌وانه‌یه داوای له به‌غداش کردبێت هه‌مان رێگه بگرێته به‌ر، هۆکاره‌کان چین؟
نێچيرڤان بارزانى: به بڕوای من کێشه‌کان زیاتر کێشه‌ی چۆنیه‌تیی بیرکردنه‌وه‌یه، بڕوام وایه کێشه‌کانی عێراق به‌وه چاره‌سه‌ر نابێت ئاخۆ کێ به‌هێزه و کێ لاوازه، کێشه‌کانی عێراق کێشه‌ی یه‌ک خێزانه، کێشه‌ی یه‌ک خێزانیش پێویستی به دانیشتن و گفتوگۆ هه‌يه، پێویسته له‌سه‌ر مێزی دانوستان چاره‌سه‌ر بکرێن. بیرکردنه‌وه‌ی کێ به‌هێزه و کێ لاوازه عێراقی تووشی زۆر کاره‌ساتی گه‌وره کردووه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه وانه له رابردوو وه‌رگرین، وانه له‌و هه‌ڵانه وه‌رگرین که هه‌موومان کردوومانه، به‌غداش هه‌ڵه‌ی کردووه و بێگومان هه‌ولێریش زۆر هه‌ڵه‌ی کردووه، له ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه سه‌قامگیریی عێراقه، سه‌قامگیریی عێراق له رووی سیاسییه‌وه، سه‌قامگیریی عێراق له رووی ئابوورییه‌وه گرنگه. ده‌بێت بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م کێشانه چۆن چاره‌سه‌ر بکرێن؟ کێشه‌ی عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌وه چاره‌سه‌ر ناکرێت به‌غدا ئه‌گه‌ر به‌هێز بێت، به واتاى لاوازى بێت بۆ هه‌ولێر، یان هه‌ولێر به‌هێز بێت، به واتاى لاوازييه بۆ به‌غدا! ئێمه ته‌واوکه‌ری یه‌کترین، به‌غدا و هه‌ولێر، کورد و عه‌ره‌ب له‌م وڵاته‌دا هاووڵاتیی ئه‌م وڵاته‌ن. ده‌بێ هه‌موومان پێکه‌وه هه‌وڵبده‌ین یه‌که‌م هاووڵاتیبوونی عێراقی له‌م وڵاته‌دا به‌هێز بکه‌ین، دووه‌م هاوبه‌شييه‌کى دروست بنیاد بنێین تاوەکو بتوانین پێکه‌وه له ئاینده‌دا به‌شدار بین. کێشه‌ی عێراق ئه‌وه‌یه هیچ پێکهاته‌یه‌ک له عێراق له ئاینده‌ی خۆی دڵنيا نییه! ده‌بێت ئه‌مه کۆتایی پێ بهێنین، گه‌لی عێراق به شێوه‌یه‌کی گشتی و به هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه شایسته‌ی ژیانێکی زۆر باشترن له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه. ده‌بێت هه‌موومان، هه‌موو سیاسییه‌کانی عێراق له‌م پێناوه‌دا پێکه‌وه کار بکه‌ین. له هه‌رێمی کوردستان له‌وه تێده‌گه‌ین که ئه‌رکمان له‌سه‌ر شانه و ئاماده‌ین جێبه‌جێی بکه‌ین. ئه‌رک و مافيشمان هه‌یه، ئاماده‌ین له هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م پره‌نسيپه له‌گه‌ڵ به‌غدا په‌یڕه‌و بکه‌ین تا بگه‌ینه لێکتێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌ی عێراق.
شەرقیە نیوز: جه‌نابى سه‌رۆک، ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێینه‌وه و باسی به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فای بارزانی بکه‌ین، ئه‌و چۆن له یه‌کێتیی عێراق و برایه‌تيی کورد و عه‌ره‌بی ده‌ڕوانی؟
نێچيرڤان بارزانى: ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو قسه‌کانی خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانی بکه‌ی، داکۆکيى ئه‌و له‌سه‌ر برایه‌تیی کورد و عه‌ره‌به، داکۆکى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌بێت کێشه‌کانى گه‌لی کوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه رژێمه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراق هه‌میشه به تووندوتیژی و چه‌ک وه‌ڵامی پرسی کوردیان داوه‌ته‌وه. پرسی کورد له عێراق پرسێکی جددییه و ده‌بێت چاره‌سه‌رکه‌یشی چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی بێت. وه‌ک نموونه‌یه‌ک باسی ده‌که‌م، دوای ساڵی 1970 هه‌وڵی کوشتنی مه‌لا مسته‌فا درا، ژماره‌یه‌ک له پیاوانی ئایینی‌یان نارده لای و هه‌وڵی کوشتنی درا، ئه‌وه جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی خۆی بۆ ئێمه‌ی باس کردووه، دوای ئه‌وه زۆر باس له‌وه ده‌کرێت که به چ شێوه‌یه‌ک تۆڵه بکرێته‌وه، باس له‌وه ده‌کرا که له‌وانه‌یه خه‌ڵکى مه‌ده‌نيش تيايدا ببنه قوربانی، جه‌نابی مه‌لا مسته‌فا یه‌کسه‌ر ره‌تیکرده‌وه و گوتی نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ببێته مه‌سه‌له‌ی کورد و عه‌ره‌ب و له‌سه‌ر من شه‌ڕ دروست ببێت، به هيچ شێوه‌يه‌ک ناکرێت. دوای مه‌لا مسته‌فا جه‌نابی سه‌رۆک بارزانی و ئێمه‌ش هه‌موومان باوه‌ڕی ته‌واومان به پرسی برایه‌تیی کورد و عه‌ره‌ب هه‌یه و ده‌مانه‌وێ ئه‌و گه‌لانه‌ی له عێراقدان، پێکه‌وه فۆرمۆلێک بۆ پێکه‌وه‌ژيان بدۆزینه‌وه. یه‌کێتیی عێراق و پرسی پێکه‌وه‌ژيانى هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراق هێزێکه بۆ عێراق، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که له مه‌لا مسته‌فا فێری بووین، فێری ئه‌وه بووین که کورد و عه‌ره‌ب ده‌بێت برا بن. نموونه‌یه‌کی دیکه له‌سه‌ر ئه‌وه باس ده‌کرێت جارێکیان پارێزگارێکی عه‌ره‌ب هه‌بووه له هه‌ولێر و دواتر به‌و لێکدانه‌وه‌يه که مه‌لا مسته‌فا پێی خۆش بێت پارێزگاره‌که‌یان گۆڕیوه و پارێزگارێکی کوردیان له شوێنی داناوه، له دیدارێکدا خوا لێى خۆش بێت به به‌غدای گوتووه زۆر پێم باشتره ئه‌و پارێزگاره عه‌ره‌به بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر، چونکه بۆ ئێمه ئه‌وه بابه‌تێک نییه کێ عه‌ره‌ب و کێ کورده، ئه‌وه‌ی گرنگه بتوانین پێکه‌وه هه‌موو لایه‌ک له‌م وڵاته‌دا به ئارامی و خۆشگوزه‌رانی بژین.
شەرقیە نیوز: ئێوه په‌يامى به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فا بارزانیتان وه‌رگرت و ئێستا جێبه‌جێی ده‌که‌ن، وا تێده‌گه‌م ئه‌و په‌يامه له کاتی هاتنی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌کاندا که له پارێزگاکانه‌وه هاتبوون ره‌نگى دايه‌وه. من هێشتا باس له چوارچێوه‌ی برایه‌تی و یه‌کێتیی عێراق ده‌که‌م؟
نێچيرڤان بارزانى: نامه‌وێت وه‌ک منه‌تێک ئه‌و بابه‌ته باس بکه‌م، چونکه ئێمه له هه‌رێمی کوردستان ئه‌رکی خۆمان به‌جێ گه‌یاندووه. ساڵی 2014 زۆر به‌داخه‌وه که داعش هات و زۆر ناوچه‌ی له موسڵ و ئه‌نبار داگیر کرد، خه‌ڵکی ئه‌و شوێنانه هاتنه هه‌رێمی کوردستان، ئێمه به ئه‌رکمان زانی ده‌رگایان بۆ بکه‌ینه‌وه و لێره بن. له‌و کاته‌دا نزیکه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی عێراق و په‌نابه‌ری سووریامان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی شانازییه، به سوپاسه‌وه ده‌مه‌وێت خه‌ڵکی عێراق ئه‌وه بزانن له‌و ماوه‌یه‌دا و تا ئێستاش ئێمه یه‌ک کێشه‌ى ئه‌منیمان له‌و ئاوارانه نه‌بینی وه‌ک مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، له هیچ يه‌کێک له وان نه‌مانبینی کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دروست ببێت له‌نێوان کورد و عه‌ره‌بدا، به پێچه‌وانه‌وه زۆر به خۆشی بوو، ئێستايش ئه‌وه‌ی گوێم لێ ده‌بێت زۆرێک له‌وانه‌ی به خۆشحاڵييه‌وه توانيويانه بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌کانی خۆیان له فه‌للووجه و ئه‌نبار و موسڵ و شوێنه‌کانی دیکه، ئه‌و په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیيان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک له هه‌رێمی کوردستان هه‌ر ماوه، ئه‌وه بۆ ئێمه جێگه‌ی شانازییه. ئه‌وه‌ی که ئه‌نجاممان داوه ئه‌رکه و ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا که‌موکوڕییه‌ک هه‌بووبێت، داوای لێبوردنیان لێده‌که‌ین. ئێمه ئه‌رکمان به‌جێ گه‌یاندووه، ئه‌و ئه‌رک و تێگه‌يشتنه‌ى له‌سه‌رى په‌روه‌رده کراوين جێبه‌جێمان کردووه که ده‌بێت رێز له برایه‌تیی کورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانی دیکه بگرین.
Your Comment