کوردی سووریا ئامادەیی بۆ دانوستاندن لەگەڵ تورکیا ڕادەگەیێنێت

بەشی جیهان- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا ئامادەن لە گەڵ تورکیا لە سەر ناکۆکییەکانیان گفتوگۆ بکەن.

کوردپرێس:

سینەم محەمەد نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتیی کورد لە ئەمریکا بەشداریی کۆنفڕانسی تاوتوێ کردنی پرسی کوردی کردبوو کە لە زانکۆی ییلی ئەمریکا بەڕێوە چوو و لە وتارێکدا ڕایگەیاند ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا ئامادەیە لە سەر ناکۆکییەکانی نێوانیان لەگەڵ تورکیا دانوستان بکات.

سینەم محەمەد لە کۆنفڕانسەکەدا کە بە شێوەی ئۆنلاین کرا گوتیشی: ئێمە ئامادەین لەگەڵ تورکیا کێشەکانمان و هەروەها مەسەلەی داگیرکردنی شارەکانی سووریا لەلایەن دوڵەتی تورکیا چارەسەر بکەین بەڵام ئەوان بەردەوامن لە بۆردومان کردنی شارەکان.

نوێنەری کوردەکانی سووریا لە ئەمریکا زیادیشی کرد: تورکیا ئێستاش شاری کوردنشینی عەفرینی لە بندەستدایە و مافی کوردەکانی ئەو ناوچەیە پێشێل دەکات.

سینەم محەمەد لەبارەی دانوستانی نوێان کوردەکانی سووریا و دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشقەوە گوتی: ئیدارەی خۆسەری کوردی هەوڵی داوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەعامولی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند هەبێت بەڵام دیمەشق ئێستاش هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی سەرتاسەری وڵات دەدات و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێستا گۆڕانی زۆر ڕوویان داوە و ڕووداوی زۆر لە 10 ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە.

ناوبراو لەبارەی وەزعی باکووری سووریاشەوە گوتی: ئیدارەی خۆسەر بە شێوەی فەرمی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیەی بە دەستەوەیە. سەرباری ئەوەی کە نزیکەی 2 ملوێن کورد لەو ناوچانە دەژین بەڵام کوردەکان تاکە پێکهاتە نین لەو ناوچانە بەڵکوو عەرەب و سریانی و تورک و ئێزدییەکانیش لەوێن.

نوێنەری سیاسیی ئیدارەی خۆسەر لە ئەمریکا لەبارەی کێشەکانی ئێستای ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەڵێت: ئێمە ئێستا سێ کێشەمان لە بەردەمە: یەکەم بەردەوام بوونی حەیاتی ئایدیۆلۆژیی داعش و دووهەم بەردەوام بوونی داگیرکاریی تورکیا لە هەندێک ناوچە و سێهەم هاتنی ئاوارەکانی ناوچە داگیرکراوەکان.

News Code 1812

Your Comment

You are replying to: .
captcha