وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق شتێکی مەترسیدارە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دژایەتیی خۆی لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق ڕاگەیاند و دەڵێت کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان شتێکی مەترسیدار دەبێت.

کوردپرێس:

تەلەڤزیۆنی کوردستان 24 ڕایگەیاند ژان ئێف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە لێدوانێکدا بە تەلەڤزیۆنی LCIی وتووە: داعش ئێستاش ماوە و جێی سەرسوڕمانە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیازیەتی هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە. ئەمە شتێکی مەترسیدارە.

کریستۆفەڕ سی میلەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق تا 15 جانیڤێری بۆ 2 هەزار و 500 هێز کەم دەکرێتەوە.

پاش لێدوانەکەی میلەر، ڕۆبرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش وتبووی دۆناڵد ترەمپ چاوەڕوان دەکات تا مانگی مەی 2021 هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و ئەفغانستان بگەڕێنەوە ئەمریکا.