هێزی سەربازیی تورکیا لە سێ ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان جێگیر کران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە سنووری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بەردەوامە و بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێش دەڵێت، تورکیا هێزەکانی خۆی بە دووریی کەمتر لە سێ کیلۆمەتر لە نزیک گوندی کێستە جێگیر کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای تورکیا لە ناوچەکە شەوی رابردوو تاوەکوو بەرەبەیان بەردەوام بوو. دوای ئەوە، تورکیا بە فڕۆکە هێزەکانی خۆی هێنایە ناوچەیێکی دیکە بەناوی ملاردێکە کە کەمتر لە سێ کیلۆمەتر لە گوندی کێستەوە دوورە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ، ئەو ناوچەیەی سوپای تورکیا تێیدا جێگیربووە بۆ خەڵکی ناوچەکە گرنگە، بەهۆی ئەوەی شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتی خەڵکییە.

لەبارەی زیانەکانەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ گوتی، بۆردوومان و تۆپبارانەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانی ماددیی هەبووە و خەڵکیش هەست بە ترس و دڵەڕاوكێیەکی زۆر دەکەن.

لە رۆژی هەینیی رابردووەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەورە برووسکە بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە بەرزاییەکانی سنووری ئامێدی دەستپێکردووە، پێشتریش هێزەکانی خۆی لەڕێگەی فڕۆکەوە لە زناری کێستە و دوو خاڵی سنووریی شارۆچکەی کانی ماسێ جێگیر کرد.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1829

Your Comment

You are replying to: .
captcha