تورکیا ئاو وەکوو چەک بەکار دێنێت/ ئاستی ئاوی فۆرات 5 مەتر دابەزیوە

بەشی سووریا- ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکارێکی سووریا دەڵێت: تورکیا ئاوی کردۆتە چەکێک لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە سایەی بێدەنگیی کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا دەیهەوێت دەست بەسەر ئەم ناوچانەدا بگرێت.

«جمعە محمد» ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری ناوچەکە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە کەمتر بوونی بەشە ئاوی سووریا لە ڕووباری فۆرات و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا حکوومەتی تورکیا بەشەئاوی سووریای لە ڕووباری فۆات بەڕێژەیێکی بەرچاو کەم کردۆتەوە.

ناوبراو درێژەی دا: بەپێی ڕێککەوتنی ساڵانی پێشوو کە لەنێوان حکوومەتی تورکیا و دەوڵەتی سووریا کراوە، دەبێت تورکیا مۆڵەت بدات 500 مەتری سێجا لە چرکەدا ئاو بگاتە سووریا بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ 200 یا زۆر کەمتر لەمەش دابەزیوە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئاوی خواردنەوە و ئاو بۆ جووتیارن لە سووریا ڕێژەیێکی زۆرتر لەمەی پێویستە.

جومعە محەمەد زیاتر وتی: لە سووریا سێ بەنداوی گەورە لەسەر فۆرات بەسراوە و ئەرکیان دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە لەوان شاری گەورەی حەلەب و هەم بۆ کاری جووتیارانە هەم بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا.

ناوبراو درێژەی دا بەهۆی هەڵمەتەکانی تورکیا و کەم کردنەوەی بەشە ئاوی سووریا بەرهەم هێنانی کارەبا لە 20 کاتژمێرەوە بۆ 8 کاتژمێر دابەزیوە. پێشتر بەنداوەکان نزیکەی 20 کاتژمێر کارەبای دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای دابین دەکرد. بەڵام ئێستاکە بەنداوەکان توانای دابین کردنی کارەبایان نەماوە و ئەگەر ئەم دۆخەی کەم کردنەوەی ئاو درێژەی پێبدرێت ئەم ڕێژە کەمەی کارەبایەش چیدی بەرهەم ناهێنرێت.

شرۆڤەکارە سووریەکە وتیشی: پرسێکی دیکە مانەوە و بۆ کردنی ئاوی فۆراتە کە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی گواستراوە لە ناوچەکەدا. پاش کەم کردنەوەی بەشە ئاوی سووریا چیدی ئاوی ڕووبارەکە وەستاوە و ئەوەی کە لە شوێنی ڕووبارەکەدا دەمێنێتەوە تەنها قۆڕ و بۆی گەناوی مانەوەی ئاوەکەیە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئێستا لە بەنداوی تەشرین ئاستی ئاو 5 مەتر کەم بووەتەوە و لە بەنداوی فۆرات 4 مەتر دابەزیوە و ئەگەر یەک مەتری دیکە کەم ببێتەوە چیدی بەرهەم هێنانی کارەبا نامومکین دەبێت و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەچێتە نێو تاریکی.

ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردەی سووریا ڕاشیگەیاند: تورکیا ئاوی کردۆتە چەکێک لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە سایەی بێدەنگیی کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا دەیهەوێت دەست بەسەر ئەم ناوچانەدا بگرێت.

جومعە محەمەد وتیشی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە چوار لاوە گەمارۆی خراوەتە سەر. لە حاڵێکدا تورکیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئاوی فۆرات دەبڕێت حکوومەتی سووریاش دەروازە سنوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادەخات تا گوشاری ئابووری و سیاسیی سەر ئەم ناوچەیە زیاتر بکرێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1850

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha