به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر 24 ئافرەت و 68 منداڵی داعش رادەستی ئۆزبەکستان دەکاتەوە

بەشی سووریا- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر ژماره‌یێک ئافرەت و منداڵانی چەکدارانی داعشیان رادەستی کۆماری ئۆزبەکستان کرده‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر لە کوردستانی سووریا لەسه‌ر زاری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، عەبدولکەریم عومەر گواستووەتەوە، کە لە میانی گۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا لە شاری قامشلۆ لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئۆزبەکستان، بەھرەمجان ئەعلایۆڤ، رۆژی ھەینی گوتوویەتی: ئەوان 24 ئافرەت و 68 منداڵی چەکدارانی داعشیان رادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئۆزبەکستان کردووەته‌وه‌، کە لە کەمپەکانی کوردستانی سووریا دەستەسەرکرابوون.

عەبدولکەریم عومەر گوتیشی: بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دراون؛ پشتڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه‌ کە ئەو کەسانە تاوانیان ئەنجامدابێت، ئێمەش منداڵە بێ باوکەکان و ھەندێک لە حاڵەتە مرۆییەکان کە پێویستییان بەچارەسەر ھەیە، لە دەرەوەی ناوچەکە رادەست کردوون.

دەزگا ھەواڵییەکانی نزیک لە ھەسەدە لە نوێنەری ئۆزبەکستانی گواستییه‌وه‌، کە گوتوویەتی: ئەوان ناوی 180 کەسیان لە ھەڵگرانی رەگەزنامەی ئۆزبەکستانی تۆمارکردووە، که‌ لە کەمپەکانی کوردستانی سووریان و حکوومەتەکەیان بەرنامەی تایبەتیی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئەو کەسانە بۆ نێو کۆمەڵگا و ئاسان کردنی بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی داڕشتووه‌.

ئەمە جاری یەکەم نییە ئۆزبەکستان ھاووڵاتییە گیراوەکانی خۆی لە کەمپەکانی کوردستانی سووریا دەگەڕێنێتەوە، به‌گویره‌ی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، که‌ لە نوێنەری شاندی ئۆزبەکستانی گواستووەتەوە، تا ئێستا 240 ئافرەت و منداڵ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌. ئۆزبەکستان یەکێکە لە ژمارەیێکی کەم لەو وڵاتانه‌ی ژماره‌یێکی زۆری لە ھاووڵاتییەکانیان که‌ پیشتر چووبوونه‌ ناو داعش، گەڕاندووەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1857

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha