ملیشیاکانی سەر بە تورکیا باخە زەیتوونی کوردەکانی عەفرین تاڵان دەکەن

بەشی جیهان- میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بە تاڵان کردنی باخە زەیتوونی کوردەکانی عەفرین، ڕۆن زەیتوونی بە کوالێتیی بەرز بەقاچاخ دەبەنە ئەورووپا و لەوێوە بۆ زۆر وڵاتی دیکەی وەک ئەمریکای دەنێرن.

کوردپرێس:

شاری کوردنشینی عەفرین لە باکووری خۆرئاوای سووریا، لە 2018وە پاش ئوپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا کەوتە دەست میلیشیاکانی سەر بە سوپای تورکیا و دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردی ئەو کانتۆنە ئاوارە بوون و عەرەب و تورکمانی هاوردە لە شارەکە نیشتەجێ کران. باخە زەیتوونە بەرەڵاکانیش کەوتە دەست میلیشیاکانەوە.

گۆڤاری دەیلی بیست لە ڕاپۆرتێکدا باسی ئەوە دەکات کە بەرهەمی باخە زەیتوونەکانی عەفرین کەوتۆتە دەست میلیشیاکانی سەر بە تورکیا و ئەو هێزانە ڕۆنی زەیتوونەکە هەناردەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی ئەمریکا دەکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێستا ڕۆنی زەیتوونی بەرهەمی باخە زەیتوونەکانی عەفرین لە مۆڵ و مارکێتەکانی هەموو ویلاتەکانی ئەمریکا دەبینرێتەوە ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێستا کورد خاوەنی ئەو ڕۆنە نیە بەڵکوو میلیشیاکانی سەر بە تورکیا دەستیان بەسەر باخە زەیتوونەکانی عەفریندا گرتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دەیلی بیست فەرماندەکانی میلیشیاکانی سەربە تورکیا لە عەفرین زەیتوونی باخەکانی ئەو شارە لە ڕێگای تورکیاوە بە قاچاخ دەنێرنە ئەورووپا و لەوێوە دەست بە پاڵاوتنی ڕۆنەکە دەکەن. پاشان ڕۆن زەیتوونی بە کوالێتیی بەرز دەنێرنە وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا و داهاتەکەشی سەرفی شەڕی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا دەکەن.

گۆڤارەکە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە لە عەفرین دەیگێڕێتەوە کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا بەرهەمی زەیتوون بە زۆرەملێ هەناردە دەکەن یان خود باجی قورس لە خاوەن باخەکان وەردەگرن بە هۆی پێوەندیی باشی نێوان ترەمپ و ئەردۆغانەوە داهاتی ئەو زەیتوونانەش سەرفی میلیشیاکان دەکرێت.

چەندین مۆڵ و فرۆشگای ویلایەتەکانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ڕۆن زەیتوونی عەفرینیان بۆ فرشتن لایە و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی دەیلی بیست، کۆمپانیای تورکانا سەر بە تورکیا لە نیۆجێرسی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا دەستی کردووە بە ڕیکلام کردن و فڕۆشتنی ڕۆنی زەیتوونی عەفرین.

خاوەنی باخە زەیتوونەکانی عەفرین بەو گۆڤارەیان وتووە ئەو باخانەی کە کوردە ئاوارەکان بەتاڵیان کردووە کەوتوونەتە دەست میلیشیا شەڕخوازەکانی سەر بە تورکیا و ئەوان خۆیان بە تەنها بۆیان هەیە کە بەرهەمەکان هەناردە بکەن و ئەو باخانەش کە هێشتا بە دەست دانیشتووانی عەفرینەوەیە باجی قورسیان لێوەر دەگیرێت و داهاتێکی ئەوتۆ دەست خاوەن باخەکە ناکەوێت.

دەیلی بیست لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەتاڵان بردنی باخی کوردەکانی عەفرین لە کاتێکدایە کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا تۆمەتی ئەوەیان کەوتۆتە پاڵ کە تاوانی شەڕیان دژی کوردی سووریا ئەنجام داوە و ئەمریکا داوای لە تورکیا کردووە ئەو هێزانە سزا بدات.

News Code 186

Your Comment

You are replying to: .
captcha