کورد نیگەرانە لە سازشی نێوان ڕووسیا و تورکیا لە سووریا

بەشی جیهان- پەیمانگای واشەنتن بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوڕەاست لە خوێندنەوەیێکی خۆیدا لەبارەی شوێندانەریی ڕێککەوتنی تورکیا و ڕووسیا لە سەر پێگەی کوردەکانی سووریا نووسیی: سازشی ڕووسیا وتورکیا لە سووریا، کوردەکانی سووریا دەخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

کوردپرێس:

پەیمانگای واشەنتن بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە خوێندنەوەیێکی خۆیدا کەتایبەت بووە بە دۆخ و پێگەی کوردی سووریا، دەڵێت ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا یەکێکە لە مەترسیدارترین هۆکارەکانی گۆڕینی پێگەی کورد و دەشنووسێت: ساڵانێکە شرۆڤەکاران پێشبینیی ئەوە دەکەن کە هەڵوێستی دژبەیەکی تورکیا و ڕووسیا پێ دەچێت ئەو دوو وڵاتە بەرەو پێکدادانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوخۆی سووریا پەلکێش بکات. سەرباری ئەوەی لەو ماوەیەدا کە پێکدادان لە نێو سووریا بووە ئەو دوو وڵاتە توانای خۆیان بۆ سازش کردنی سەرکەتوو و بە گوێرەی بەرژەوەندیی هاوبەش پیشان داوە. ئەو پڕۆسەیە بۆ کوردی سووریا کە بە ئاشکرا کێشەی لەگەڵ هەر دوو وڵاتەکە و هاوپەیمانەکانیان هەیە لێکەوتەیێکی خراپە. هەر بۆیەش لە کاتێکدا کە ئیدارەی بایدەن سەرقاڵی ئامادەکردنی سیاسەتی خۆی لە بارەی سووریایە، هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا هیوایان بەوەیە کە ئەو دەوڵەتە ڕێگر بێت لە دەسەڵاتی تورکیا و ڕووسیا بە سەر هەلومەرجی سیاسی لە سووریا.

لە درێژەی شرۆڤەکەدا نووسراوە: توانای ڕووسیا و تورکیا بۆ سازش کردن لە سەر سووریا بە ئاوڕدانەوە لە قورساییی دژبەیەکیان لە پێکدادانەکانی سووریا جێی سەرسوڕمانە. لە کاتێکدا کە ڕووسیا پشتگیریی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەکات، تورکیا زیاتر پشتگیریی هێزە دژبەرەکان و ئیسلام خوازەکانی کردووە. لە ڕاستیدا لە نۆڤەمبێری 2015دا ئەو کاتەی کە تورکیا فڕۆگەی جەنگیی ڕووسیای لە نزیک سنووری تورکیا و سووریا خستە خوارەوە ئاستی پێوەندیی نێوان تورکیا ڕووسیا لە سووریا کەمترین ئاستی خۆی دەبینی. بەڵام پاش ئەو کارە و کوودەتای 2016ی تورکیا، ئەردۆغان ئامادەکاریی خۆی بۆ کاری ئاشتیخوازانە بەکار هێنا و سەلماندی کە نیگەرانییە نێوخۆییەکان بوونەتە هۆی هاندانی ئەو لە پێناو هەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی تەنگەژە لە سیاسەتی تورکیا.

پەیمانگای واشەنتن لەبارەی ئەنجامەکانی سازش کردنی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سووریا نووسیی: لەوکاتەوە ڕووسیا و تورکیا توانایێکی سەرسوڕهێنەریان بۆ ڕێگری کردن لە پێکدادان بەکار هێناوە. ئیدلیب – بەرەی سەربزێو بە پێکهاتەی مەدەنیی بەرچاو لە سنووری دەسەڵاتی هێزەکانی سەر بە تورکیا- نموونەیێکی ئاشکرایە لە شێوەی سازش کردنی نێوان ڕووسیا وتورکیا. هێزە دەوڵەتییەکانی سووریا لە سەرەتای 2020ەوە بە پشتیوانیی ڕووسیا بەرەو ئیدلیب پێشڕەوییان کرد و فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا و سووریا لە هەمان شوێندا هێزەکانی تورکیایان بۆردومان کرد و 33 کەس لە سوپای تورکیا کوژران. سەرباری ئەوە مانگێک پاش ئەوە ئاگربڕی نێوان تورکیا و ڕووسیا جێگیر کرا و لەو کاتەوە پووتن و ئەردۆغان بەردەوام خۆین لە تەنگەژە دوور خستۆتەوە و خواستی هاوبەشییان بۆ درێژەپێدانی دانوستانەکان لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی ئەستان پیشان داوە.

ئەو پەیمانگایە لەبارەی پشکی ڕووسیا لە سەرچاوەکانی ئەو سازانەی نێوان تورکیا و ڕووسیا نووسیی: وەک بەشێک لەو بەرژەوەندییە هاوبەشە، ڕووسیا بێگومان لە کەلێنی نێوان تورکیا و لایەنەکانی دیکەی ناتۆ –کە ڕووسیا بە دوژمنی ڕاستەوخۆیان دەزانێت- سوودیان بینیوە. هەروەها ڕووسیا سوودیلە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بردووە کە فڕۆشتنی کەرەستەی سەربازی و دامەزراندنی هێڵی بۆریی گاز و گرێبەستی کردنەوەی وزەخانەی ئەتۆمی نموونەی ئەو سوودانەن.

لەبارەی هۆکارەکانی سازانی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سووریا ئاماژە بەوەش کراوە کە بەشێکی سەرەکی لە خواستی دوولایەنەی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە بۆ بەردەوامی دان بە هاوکارییەکانیان لە سووریا پێوەندیی بە دژایەتیی هاوبەشیان لە سەر نفووزی ئەمریکا لە باکووری سووریا و هاوکاری کردنی هێزە کوردییەکان هەیە. نە پووتن و نە ئەردۆغانیش هیچیان پێیان خۆش نیە ببینن کە ناوچەیێکی خۆسەری کوردی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بە پشتگیریی ئەمریکا دابمەزرێت. نەخوازەڵا ئەگەر ئەو مەسەلەیە ئەگەری بوونی سەربازیی سنووردار بەڵام هەمیشەیی و دیپڵۆماسییانەی ئەمریکا لە ناوچەکە مسۆگەر بکات.

لە درێژەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە زۆرینەی کوردەکانی سووریا ڕکابەریی ڕووسیا و تورکیا لە وڵاتی خۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە هەردووکیان هەوڵی ئەوە دەدەن لە سەر بنەمای مۆدیلێکی مێژوویی لە ئیمپراتوورییەت پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە پتەوتر بکەن. پووتن دەرکی بە کەسایەتیی ئەردۆغان کردووە کە کەسایەتییێکی چاوچنۆکە و هەوڵ دەدات شۆناسی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بووژێنێتەوە بۆیە پووتن سەرباری ناکۆکیی سیاسی لە سەر کاروباری هەرێمی، ئەردۆغان بە یەک لەو کەسایەتیی هەرەبەدەساڵاتانە دەزانێت کە لە سووریا دەتوانێت هاوکاریی بکات.

پەیمانگای واشەنتن لەبارەی شوێندانەریی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سەر ژیانی کوردەکانی سووریا نووسیویەتی: بە ئاوردانەوە لەو خەسارانەی کە هەماهەنگیی پێشووی ڕووسیا و تورکیا لە شارە کوردنشینەکانی سووریا بوویەتی، کوردکانی سووریا بەتایبەت نیگەرانن لە پڕۆژەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیان. لای گرووپە کوردەکان پاشەکشێ کردنی پاساوهەڵنەگری ڕووسەکان و مل دانیان بە ئەنجامدانی ئوپەراسیۆنی چڵە زەیتوون لە 2018 سەلماندی کە چۆن دوو لایەن دەتوانن بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشیان دەسەڵاتی لایەن بەرامبەریان فراوان بکەن. پاش ئەوەی سەرکردە کوردەکان لە بەرامبەر گوشاری پاساوهەڵنەگری ڕووسیا بۆ قبووڵ کردنی یەککەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد و ڕادەست کردنی خاکی ژێردەسەڵاتیان بە سوپای سووریا ملیان نەدا ڕووسیا هێزەکانی خۆی لە ناوچەکە کشاندەوە و ڕێگەی بە تورکیا و لایەنە توندڕەوەکانی سووریا دا کە شارە گرینەکانی تەل ڕەفعەت و عەفرین داگیربکات کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا بوو.

لە هەمان ساڵدا تورکیاش بە هەمان شێوە میلیشیاکانی جەیش ئیسلامی ناچار کرد بەشێک لە خاکی بەری خۆرهەڵاتی غووتە ڕادەستی حکوومەتی سووریا و ڕووسیا بکات. تورکیا هەروەها لە هەمان ساڵدا حەلەبی ڕادەستی ڕووسیا و حکوومەتی بەشار ئەسەد کرد و ڕێگەی بە ڕووسیا و سووریا دا 70 لە سەدی خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.

لە ڕوانگەی پەیمانگای واشەنتنەوە پێ دەچێت ئەو سیاسەتانە هێشتا کاریان پێ دەکرێت. چوونکە ئەمڕۆکە لە کاتێکدا کە میلیشیاکانی سەر بە تورکیا شارە کوردنشینەکانیان لە بندەستدایە. هێزە ڕووسییەکان هێرشیان نەکردە سەر میلیشیاکانی دژی خۆیان کە تورکیا پشتگیریی دەکردن و ڕێگەشیان بە تورکیا و هاوپەیمانەکانی دا کە بە بۆ هیچ ترسێک دەست بە سەر ناوچە کوردنشینەکاندا بگرن. ئەو بابەتەی بۆتە جێی نیگەرانیی سەرکردە کوردەکانی سووریا، ڕێککەوتنی ڕووسیا و تورکیا لە سەر دەوریەی هاوبەشە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کوردەکان ئەوەش لە کاتێکدا کوردەکان تەنها توانیویانە بە بەردهاویشتن کاردانەوەی خۆیان بەو بابەتە پیشان بدەن.

شوێندانەریی هاوکاریی ڕووسیا و تورکیا لە پێکدادانەکانی سووریا

پەیمانگای واشەنتن لەبارەی ڕێککەوتنیان سازانی نێوان ڕووسیا وتورکیا لەبارەی سووریاوە نووسیی: لە ئیدلیب، دوایین پارێزگای ژێردەسەڵاتی تورکیا لە ئێستادا ئارشتەیێکی هێز لە بەرامبەر هێز هەیە کە ئەگەر گوشارەکان پەرە بسێنن دەبێتە شەڕێکی خەست. سەرباری ئەوەش بوونی شەڕ نە لە بەرژەوەندیی پووتینە و نە بە قازانجی ئەردۆغانیشە. لە بەرامبەردا هەردوو لایەنەکە، ئیدلیب بە کارتێکی گوشار دژی ئەورووپا و ئەمریکا دەزانن. بۆیە ئەو گەرە هەیە کە ڕووسیا و تورکیا بەیەکەوە لەبارەی دۆخی چەقبەستووی ئیدلیبەوە هاوکاری بکەن. بەتایبەت بە سەرنجدان لە نیگەرانییەکان ئەردۆغان و کێشە ئابوورییەکانی ئێستای تورکیا، ڕەنگە ڕووسیا ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و تورکیا بگرێتە دەست. ڕووسیا لەو مامەڵەیەدا ئەگەر بکرێت، ئیدلیب کۆنتڕۆڵ دەکات و ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێت کارتی گوشار بۆ تورکیاش و ڕووسیاش لەو دانوستانەی چارەسەری قەیرانی سووریا دروست بکات کە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرۆکایەتیی دەکات.

پەیمانگاکە لەبارەی نیشانەکانی سازانی نوێی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سووریا نووسیویەتی: دانیشتنی سێ قۆڵیی نێوان ڕووسیا و تورکیا و قەتەر کە هاوپەیمانی تورکیایە و 11ی مارچی 2021 کرا پێشاندەری ئەوەیە کە ڕەنگە چوارچێوەیێکی لەو شێوەیە ڕوو بدات. لە گفتوگۆکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لایەنەکانی بەشداربوو پێبەند بن لە ڕێککەوتنی ئەستانە کە مانگی مەی 2017 لە نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران واژۆ کرا بەڵام ئەوان کۆمەڵێکی نوێی بەرژەوەندیی هاوبەشیان جێگی کردووە کە شوێندانەریی لە پێوەندیی نێوان ڕووسیا و تورکیا وەرگرتووە. ئەو پلەتفۆڕمە نوێیەی ڕووسیا و تورکیا جەخت دەکاتە سەر یارمەتیی مرۆڤدۆستانە و دەستەبەرکردنی دەستووری نوێ کە چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا فەراهەم بکات و هەمووان کۆکن لە سەر ئەوە کە بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. ئەو پلەتفۆرمە ناڕاستەوخۆ لە باری سیاسی و سەربازییەوە بۆ ڕێگری کردن لە کوردەکان وەک هاوپەیمانی ئەمریکا کار دەکات و دەستەبەرکردنی کرداریی ئەو پڕۆژەیە دەسەپێنێت بە سەر ئیدارەی بایدەن و شێوەی مامەڵەکردنی لەگەڵ سووریا.

لەبارەی شوێندانەریی قووڵ کردنەوەی هاوکاریی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سەر کورد، نووسراوە: قووڵ بوونەوەی هاوکاریی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سووریا لە هەر ئاستێکدا بێت هۆی نیگەرانیی هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا دەبێت لە باکووری سووریا و هەروەها پێچەوانەی بەرژەوەندییە ستراتێژییکییەکانی ئەمریکا لە سووریاش و لە ناوچەکەش دەبێت. ئەردۆغان وێڕای دەست بردن بۆ تاوانی شەڕ دژی کوردەکان لە باکووری سووریا، چەکوچۆڵی ڕووسییشی کڕیوە و پشتگیریی گرووپی چەکداری تیرۆریستیی سووریاش دەکات. ئەردۆغان هەروەها خواستی خۆی نواندووە بۆ ئەوەی شەڕی سووریا وەک کەرەستەیێک بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی هەرێمیی خۆی بەکار بهێنێت. ئەردۆغان هەوڵ دەدات گفتوگۆکان بۆ چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی خواستی نێودەوڵەتی لەپێناو سەروەریی کۆمەڵگای دیموکراسییانە بەکار بهێنێت.

پەیمانگای واشەنتن لەبارەی ئەگەری هەڵوێست وەرگرتنی ئەمریکا دژی هێرشەکانی تورکیا نووسیی: هەموو ئەم بابەتانە ئیدارەی بایدەن دەخەنە دۆخێکی ئەستەمەوە بۆ دابین کردنی سیاسەتی نوێ لەبارەی سووریاوە. لە کاتێکدا دەوڵەتی بایدەن هەڵوێستی توندتر بەرامبەر ئەردۆغان وەردەگرێت بۆیە تورکیا زیاتر کشاوە بەرەو هاوکاری کردنی ڕووسیا لە سووریا و ئەوەش دەتوانێت پێوەندیی ئەمریکا وتورکیا بکاتە پۆڕەپانێکی مینڕێژکراوی دبڵۆماسییانە. ڕەفتاری ڕابردووی ئەردۆغان چ لە سووریا و چ لە وڵاتەکەی خۆیشی دەریدەخات کە ئەستەمە ئەردۆغان لەبارەی ڕەفتاری ئۆتۆریتەیەوە و لەبارەی چاککردنەوەی پێوەندییەکەشی لەگەڵ هاوپەیمانە گێچەڵاوییەکەی ناتۆ پاشەکشەی کردبێت. بە هەمان ششێوەش هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەکەن هەڵوێست ڕوون و ڕژدانەی هەبێت لە سەر هاوکاری کردنی تورکیا و ڕووسیا لە سووریا. کوردەکان داواشیان کردووە ئەمریکا، ئەردۆغان ناچار بکات بەوە لە نێوان هاوپەیمانێتی لەگەڵ ناتۆ و پێوەندی لەگەڵ ڕووسیا یەکیان هەڵبژێرێت. ئەو هەڵوێست وەرگرتنانە تەنها لە حاڵەتێکدا ئەنجامی دەبێت کە دبڵۆماتە ئەمریکییەکان بتوانن قەناعەت بە وڵاتانی عەرەبی بهێنن بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان. هەروەها هێزێکی هاوبەش بنێرنە ئیدلیب و ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و عێراق بۆ ئەوەی ئاشتی جێگیر ببێت و ڕێگری بکرێت لە شەڕ تا ئەو کاتەی دانوستانەکانی ژنێڤ کۆتایی پێدێت.

ئەو پەیمانگایە پێشنیاری کردووە کە ئەمریکا و سەرکردە کوردەکان ئەو گرووپە توندڕەوانە دەربکەن کە دەستیان بۆ تاوانەکانی جەنگ بردووە. ئەو هێزانە و ڕەفتاری توندئاژۆیان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە سووریا دەکەن.

پەیمانگای واشەنتن لەبارەی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا و کارتێکەریی ئەو بوونە لە سەر ڕەفتاری تورکیا لە سووریا نووسیی: بوونی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا پێویستە وا بێت کە ببێتە هۆی پاشەکشەکردنی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان لەبەر ئەوەی متمانە بە هاوپەیمانە کوردەکان بگەڕێتەوە و ڕێگر بێت لە گەڕانەوەی داعش و هەروەها ڕێگە بە هاووڵاتییانی مەدەنیی کورد و عەرەب و مەسیحی و موسڵمان بدات کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لە کۆتاییدا جەختیش کراوەتەوە کە ئەگەر ئەو کارانە نەبێتە هۆی گۆڕانی هەڵوێستی تورکیا لە سووریا ئەنجامەکە ئەوەیە کە پێویستە ئەمریکا پێداچوونەوە بە پێوەندیی خۆی لەگەڵ تورکیا بکات.

News Code 1860

Your Comment

You are replying to: .
captcha