ئەندامەکانی پێشووی گۆڕان باس لە هۆکارەکانی پەیوەندی کردنیان بە پارتییەوە دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  دوای ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵای کوێخا موباره‌ک و هاوڕێ و نزیکانی به‌ فه‌رمی هاتنه‌ ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگه‌یاند، له‌ کۆنگره‌یێکی رۆژنامه‌نووسیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ که‌مال که‌رکووکی، به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی که‌رکووک گه‌رمیانی پارتی، هۆکاره‌کانی په‌یوه‌ندیکردنی به‌ پارتییه‌وه‌ ڕاگه‌یاند.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 2/5/2021، عه‌بدوڵڵا کوێخا موباره‌ک، له‌ کۆنگرەیێکی‌ رۆژنامه‌نووسییدا ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌چه‌ند حزبێکی تر بووین و ئێسته‌ به‌ نوێنه‌ریه‌تیی هاوڕێیانمان هاتووینه‌ته‌ ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئه‌ندامێکی پارتین و پشتیوانی ئه‌م حزبه‌ ده‌که‌ین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ڕه‌نگه‌ بپرسرێ ئێمه‌ دوای 12 ساڵ له‌ ڕه‌خنه‌ی توند له‌ شێوازی حوکمڕانی، بۆچی بووینه‌ته‌ پارتی، بۆیه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان ڕیکخستنه‌وه‌ی خۆمان بوو له‌ یه‌ک به‌ره‌دا، دوای ئه‌و لێکدابڕانه‌ی به‌ هۆی ململانێی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ دروست بوو، که‌ لێک دوور که‌وتبووینه‌وه‌.

وتیشی: پارتی ئێسکی نه‌شکاندبووین و وه‌کوو حزبێکی وه‌فادار ڕه‌چاوی خه‌باتی باوباپیرانی کردووین و به‌شی ئاشتی بۆ هێشتبووینه‌وه‌.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک: بەهۆی راستگۆیی و جدییەتی نوێنەرانی پارتی لە حکوومەت و راستیی سیاسەتی پارتی لەبارەی کەرکووک هاتووینەتە ریزی پارتییەوە

عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، له‌ به‌شێکی گوته‌کانیدا، وتی: ئێمە لەگەل سەرکردایەتیی پارتی باسی هیچ پلە و پۆست و پارەمان نەکردووە تەنیا داوامان کردووە پارتی رێزمان بگرێ و لە رێگەی نوێنەرەکانیەوە هەوڵبدەن خزمەتی چەمچەماڵ بکرێت

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: داوا لە هەموو هاوڕێ و خزم و دۆستانمان دەکەین چیتر لەو جەهالەتەدا نەمێننەوە و وەرن پێکەوە لە ریزی پارتی خزمەت بکەین.

عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک، له‌ به‌شێکی گوته‌کانیدا، دووپاتی کرده‌وه،‌ که‌ خۆفرۆشی و خیانه‌ت رووی دا و به‌شیکی گرینگی کوردستانمان لێ دابڕا‌.

لای خۆیه‌وه‌ که‌مال که‌رکووکی، به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی که‌رکووک - گه‌رمیاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕای گه‌یاند: به‌خێرهاتنی کاک عه‌بدوڵڵا کوێخا موباره‌ک و هاوڕێ و که‌سانی نزیکی ده‌که‌ین.

وتیشی: سوپاسی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ین که‌ ڕۆڵیان هه‌بوو، له‌وه‌ی ئه‌م تیمه‌ دڵسۆزه‌  شۆڕشگێره‌ له‌ پارتی و و قوتابخانه‌ی پارتی نزیک بنه‌وه‌ و به‌ سه‌رۆکایه‌تیی مەسعوود بارزانی کار بکه‌ن.

دووپاتیشی کرده‌وه‌: پارتی ئه‌و حزب و دامه‌زراوه‌یه‌یه‌،‌ که‌ بارزانی به‌ دووربینیی خۆی پێکی هێنا و ئه‌و ڕێبازه‌یه‌، که‌ تێیدا   مرۆڤی کورد ده‌بێ باوه‌ڕی به‌ خۆی  و میلله‌ته‌که‌ی خاکه‌که‌ی و دۆسیه‌که‌ی هه‌بێ. ئه‌م که‌سانه‌ له‌ هه‌ر شوێنێک بووبێتن بۆ کورد و کوردستان و ئازادی و سه‌ربه‌ستی کاریان کردووه‌‌.

که‌مال که‌رکووکی گوتیشی: ده‌رگای پارتی بۆ که‌سانی دڵسۆز و تێکۆشه‌ر و شۆڕشگێر کراوه‌یه‌، ئه‌وه‌ی بیه‌وێ به‌ پاکی و دڵسۆزی خزمه‌تی گه‌ل و خاکی کوردستان بکا،  ئیمه‌ پێشوازی لێ ده‌که‌ین و ڕیزی لێ ده‌گرێن.