تورکیا جارێکی تر پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەی گەلی هەسپا لە نزیک گوندی بازێ لە ناحیەی کانی ماسێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆردوومان کرد.

کوردپرێس: سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکوو ئێستاش بۆردوومان لە سنووری گوندەکانی کانی ماسێ و قەزای ئامێدی بەردەوامە. بەڵام ئاماژەی بە زیانەکان نەکردووە و دەڵێت "زیانەکان نەزانراون."

بۆردوومانەکە کاتژمێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 04-05-2021 بووە. و تورکیا زۆر بەسەختی بۆردوومانی گەلی هەسپای لە سنووری گوندی بازێ کردووە و بەهۆیەوە ئاگر لە زناری کێستە کەوتووەتەوە و تاوەکوو ئێستا نەکوژاوەتەوە.

تورکیا 12 رۆژە ئۆپەراسیۆنێکی لە زناری کێستە دژی پەکەکە دەستپێکردووە، و تاوەکو ئێستاش دەنگی فڕۆکەی چاودێری و بۆردوومان لەو سنوورە نەبڕاوە.

تورکیا لە شەش خاڵەوە بە فڕۆکە سەربازی دابەزاندووەتە زناری کێستە و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنوورە.

ئەم بۆردوومان و تۆپبارانەی تورکیا لەو ناوچە سنووریانە دەیکات، کاریگەریی لەسەر هاونیشتمانیانی گوندەکانی، کێستە، هروور، خشخاشا، بازیڤ، بریفکا و قومری دروست کردووە.

پێشتر سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو کە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا "زیاتر لە 500 پوورەی هەنگ لەنێوچوون. سوپای تورکیا لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومانی دەوروبەری چیای کێستە دەکات و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو خەڵکی گوندی کێستە دروست کردووە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەربەست سەبری گوتی لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی چەند رۆژی رابردوودا رووبەری 1600 دۆنم زەوی ناوچەکە سووتاوە. خەڵکی ناوچەکە ناتوانن بچن رەز و بێستانەکانیان ئاوبدەن، بەوهۆیەش رەز و باخەکان، جگە لە زیانی بۆردوومان، بەهۆی کێشەی ئاونەدانەوە خەریکە وشک دەبن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1890

Your Comment

You are replying to: .
captcha