تورکیا دەیەوێت بەشێکی هەرێمی کوردستان بخاتەسەر نەخشەی وڵاتەکەی
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی هۆشدایی دەدات ئامانجی سەرەکیی تورکیا داگیرکارییە و ئەردۆغان دەیەوێت بەشێکی هەرێم بخاتەسەر نەخشەی تورکیا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان  بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: تورکیا دوو ئامانجی لەو هێرشانەدا هەیە، ئامانجی یەکەمی شەڕکردنە لەگەڵ پەکەکە، بەڵام ئامانجی گەورەتر و نهێنی بریتییە لە داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان.

ئارێز عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەکات، کە تورکیا دەمێکە چاوی بڕیوەتە سنووری ویلایەتی کۆنی موسڵ، دەشڵێت: ئەگەر پەکەکەش لەم شوێنانە نەبوایە تورکیا هەر هێرشی دەکردە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەکو کارتێک لەدەستی خۆی دەهێڵێتەوە بۆ ئەو سەوداو مامەڵانەی لەداهاتوودا پێویستی پێی دەبێت.

سەبارەت بە بێدەنگی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر هێرشەکانی تورکیا، ئەم ئەندامەی سەرکردایەتی یەنەکە وتی: "پێموانییە بە بێ ڕەزامەندی عێراق یان ئەو وڵاتانەی کاریگەریان لەسەر عێراق هەیە تورکیا ئەو هەنگاوانە بنێت، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش ئەو لایەنانەی پەیوەندیان لەگەڵ پەکەکە لەئاستێکی خراپدایە ئەگەر هاوکاری تورکیایان نەکردبێت لە پرۆسەی داگیرکاریدا، ئەوا چاوپۆشیان لەو داگیرکارییە کردووە".

ناوبراو پێشیوایە، ئەگەر ئێستاش هەرێم و عێراق زیان لەو داگیرکارییە نەکەن بێگومان لە داهاتوودا زەرەرمەند دەبن، "چونکە ئەو سوپایەی کە دێت خاکی هەرێم داگیر دەکات بە ئاسانی ناڕواتەوە و خاکی کوردستان چۆڵ ناکات، وەک چۆن ئەردۆغان دەڵێت لە ساڵی ٢٠٢٣ دا نەخشەی تورکیا گەورەتر دەبێت، کە مەبەستی ئەوەیە بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی تورکیا".

ئارێز عەبدوڵا باسی لەوەش کرد، کە تورکیا قازانجی لەوەدایە حکوومەتی هەرێم لاوازبێت، وتیشی دەبێت پەکەکەش ڕەچاوی بارودۆخی حکوومەتی هەرێم و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بکات.

ئارێز عەبدوڵا داواشی کرد لانیکەم یەکێتی، پەکەکە و پارتی لە یەک تێبگەن و مامەڵەیێکی باشتر لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا بکەن کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113