پێویستە گوێ لە دەنگی ڕەخنەگران و کوردە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بگیرێت
بەشی جیهان- خاتوو شێری لیزەر لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس گوتی: پێویستە دەنگی کوردە سەربەخۆکانی عێراقیش گوێی لێبگیرێت. ناڕازییان، ڕەخنەگران و ڕۆشنبیرانیش پێویستە ڕەچاو بکرێن و ئاوڕیان لێبدرێتەوە. بیمەندە ناسەربەخۆکانی سەر بە دوو پارتی دیموکرات و یەکێتی دەتوانن یارمەتیی دەستەبەرکردنی چاکسازی و لیبراڵ کردنی هەرێمی کوردستان بدەن. بۆچی دەبێ ڕەخنەگرتن لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان سانسۆر بکرێت؟

کوردپرێس:

خاتوو شێری لیزەر یەک لە چاودێران و شرۆڤەکارانی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە و لە 40 ساڵی ڕابردووەوە پێوشوێنگیریی کاروباری ناوچەکە و کوردەکان دەکات و کتێب و وتاری زانستیی لەو بارەیەوە بڵاو کردۆتەوە. ئاژانسی ەهواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی دواپێشهاتی هەرێمی لە ناوچە کوردنشینەکان و بەتایبەتی لەهەرێمی کوردستان و تورکیا و هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، دیمانەیێکی لەگەڵ ئەو بەڕێزە کردووە. دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

هەڵوێستی دەوڵەتەکانی عێراق بەرامبەر کورد

خاتوو شێری لیزەر لەبارەی هەڵوێستی دەوڵەتە جۆربەجۆرەکانی عێراق بەرامبەر بە پرسی کورد بە کوردپرێسی گوت: بە ڕای من هەڵوێست و ڕوانگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەرامبەر بە کورد وەک ڕابردووە و هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە. بەو حاڵەشەوە تا ئەو کاتەی سەرکردە کوردەکانی عێراق دەستەواژەی سەربەخۆیییان بە زاردا نەهێنابوو دژایەتی کردنی کورد بە ئاشکرا نەدەکرا. دابەش کردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان بۆ ئەو سەرکردە کورد و عەرەبانەی دوور خرابوونەوە پاش گەڕانەوەیان بۆ عێراق و ڕووخانی سەردام حوسێن بە دڵی ئەوان بوو. ژمارەیێکی تر لەوان بۆ ماوەیێک لە یەکێتیی سۆڤیەت ژیابوون بەڵام کۆمەڵگی کورد و عێراقی کۆمۆنیست کە لە ڕابردوودا شوێن پێی پتەویان هەبوو، پێگەیان دابەزی.

ناوبراو لەبارەی شوێندانەریی ڕیفراندۆمەکەی 2017ی هەرێمی کوردستان لە سەر هەڵوێستەکانی بەغدا بەرامبەر بە کورد دەڵێت: بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بووە هۆی ئەوەی ئەو ڕوانگە شاراوەیە بەرامبەر بە کورد ئاشکرا ببێت و ببێتە هۆی هەرا و ئاژاوە. ئەوان دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆیان و سیاسەتی ڕاستەقینەی خۆیان پیشان دا. ئەوان نەیاندەویست سەرە دەرزییێک بەرامبەر بە کورد تەنەزول بکەن بەڵام بە بۆنەی ڕووداوەکانی 1988 تا 1991 لە کۆتاییی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا پەراوێز کەوتبوون. ململانێی نێوخۆی کوردەکانی عێراق بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی لە ساڵانی 1994 بۆ 1998 سەلماندی کە دژبەرانی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی دەتوانن بە فێڵی "دوو فاقی پەرە پێبدە و حومڕانی بکە" دەسەڵات بگڕێن. ڕیفراندۆم، دەسەڵاتی ئەوانی لاواز کرد و سەرباری ئەوەی تا کاتی گۆڕانکاری کردن لە سیاسەتی نێوماڵی کورد، گۆڕانی زۆر ڕووی نەدەدا بەڵام ڕیفراندۆم دەیتوانی بەستێنی دامەزراندنی کیانێکی گەورەتر بێت.

شێری لیزەر، وڵاتانی ڕۆژئاواشی بە شەێک لە ناکامییەکانی کوردی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵات دەزانێت و دەڵێت: وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەشێک لەو هەڵمەتە بوون کە ڕێگریی لە سەربەخۆبوونی کوردەکان کرد بەڵام بەرژەوەندیی ڕۆژئاوا کە ئەولەویاتی بازرگانییە بەو شتە زیانی لێدەکەوێت. ڕۆژئاوا بەرپرسی سەرەکیی ناکۆکیی نێوماڵی کوردە. من لەو دوایییەدا ئەم سیاسەتی ڕۆژئاوام لە بارەی گەندەڵی و دیکتاتۆریەت لەو ناوچەیە زەق کردۆتەوە کە لێکەوتەی خراپی لە سەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت. کەس خەمی ئەو منداڵانە ناخوات کە لەو هەلومەرجەدا لە دایک دەبن و تەرمەکان لە سەر شەقام دەبینن یان خود وەک هێزێکی بکوژ دەچنە خزمەت کردن بە داعش.

ناوبراو ئاماژەی بە ناڕەزاییی هەندێک لە کوردەکانی هەرێمی کوردستان لە هەلومەرجی ئێستا کرد و گوتیشی: سەرباری هەموو ئەمانە من هیوام بەو ناڕەزایییانە هەیە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی تر دێنە ئاراوە. ئێستا جیلێکی تازە دەبینین کە لە خەو هەستاوە و بوونی خۆی بە پێوەندی کردن بە ڕیزەکانی داعش نازانێت و مەبەستی نیە پێوەندییان پێوە بکات.

سەرباری ئەوەی جیلێک سیاسەتوانی تازە لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە سەر کار، وەزعی هەرێمی نەگۆڕاوە

شرۆڤەکاری کاروباری کوردەکان پێی وایە سیستەمی ئێستای دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ڕەخنەگرانی، سیاسەتی دیکتاتۆرییانەیە و دەڵێت: ئێمە دەبینین کە چۆن ڕەخنەگران و ناڕازییان بە دیکتاتۆریەت سیاسەتی دەمکوت کردن و بەکارهێنانی زۆر و دەستبەسەرکردنی نهێنی و تەنانەت کوشتن بەکار دەهێنن. تەنها لەبەر ئەوەی دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان دەزگای داد و هێزی ئاسایشیان لە بندەستدایە و تا ڕادەیێکی زۆر بە شێوەی ئەردۆغان لە تورکیا کار دەکەن. تەنانەت شێوەی قسەکردنیان لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی لە ئەردۆغان دەچێت. لەجیاتی ئەوەی گوێیان لێبگرن و بۆ لای خۆیان ڕایانکێشن، هەڕەشەیان لێدەکەن و ناسەقامگیری کەوتۆتە پێش سەقامگیری.

ناوبراو هۆکاری بوونی قەیران بەتایبەت قەیرانی دارایی لەهەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە بۆ شێوازی حوکمڕانیی سەرکردە کوردەکانی پێشوو و ئێستا و دەڵێت: ڕەنگە ئەوە شتێکی گاڵتەجاڕ بێت بەڵام زۆربەی چاودێران، بەگشتی پێوەندیی ژمارەیێکی حیزبی دەسەڵاتدار لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییە دەزانن. جیلی نوێی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان کە پاش ڕەوە گەورەکەی 1991 تامی پلەیێکی بەرزی دەسەڵاتیان کردووە لە جیاتی پەیڕەو کردنی خاڵە پێویستەکانی یەکگرتن، ئێستا ئەو دەسەڵاتەیان بە شێوەی فەرمی بنکوت کردووە و کۆنتڕۆڵی بەشی گاز و نەوت و بەشێکی فراوانی ئاوەدانکاری و ئاسایش و پێوەندییەکانیان گرتۆتە دەست. هەموو ئەمانە خراونەتە خزمەت کەسوکارەکانیان و کەس بۆی نیە تەنانەت تەداخولیشیان بکات.

ناوبراو زیادی کرد: من لە 2018دا کاتی هەڵبژرادنەکان لە هەولێر بووم و بینیم کە کوڕی سەرکردەیێکی بەناوبانگی کوردی سووریا لە پارکێکی هەولێر ئایس کرێمی بە ڕێبوارەکان دەفرۆشت و نوخبەیێکی کورد بە منی گوت لەجیاتی ئەوەی پۆستێکی لە ئیدارەی هەرێمدا بدەینێ تەنها ڕێگەمان داوە کە لە سەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستان ڕزقی خۆی لە ڕێبوارەکان سواڵ بکات.

شێری لیزەر دەشڵێت زەحمەتە وەزعی هەرێمی کوردستان بەم جیلە نوێیەش باشتر ببێت هۆکارەکەش ئەوەیە کە جیلی تازەتری سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان چێژی زیاتر لەو دەسەڵات و سامانە دەبینن کە لە ناوچەی دژەفڕین لە باکووری عێراق لە بەردەستیاندایە. ئەوان دەستیان کردووە بە کاری بازرگانی کردن لەگەڵ ئەکتەرانی ڕۆژئاوایی وئەمریکی وەک کلۆنەل "ناب" کە کلاوی سەربازیی خۆی لە سەر لابرد و لە 1991ەوە دەستی بە بازرگانیی چڕ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد و سامانێکی بۆ خۆی بەیەکەوە ناوە. ئێستا هەموویان ملیاردەرن و نایانەوێت سامان و دەسەڵاتەکەیان لەگەڵ کەسی تر بەش بکەن. بەداخەوە شانازیشی پێوە دەکەن.

 ناوبراو پێی وایە قەیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم و ئەنجامی ململانێ لە سەر دەسەڵات و سامانە و دەڵێت: کێشمەکێشم لە سەر سەرچاوە و سامانی کەرکووک بەردەوام دەبێت. بوونی شەراکەتی تایبەت لە نێوان کەسایەتییە تارێندراوە پێشووەکانی عێراق لە ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردەکان و عەرەبەکان گەرەنتییە بۆ ئاسایشی ئەو بەرپرسانە و بەهرەمەندبوون لە بەرژەوەندییەکانیان. ئەو بەرپرسانە ڕەگەزنامەی وڵاتی تریشیان هەیە و ئەگەر دۆخەکە خراپ بێت دەتوانن بگەڕێنەوە ئیمارەتەکانی خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە بنەماڵە ناڕازییەکانی کوژراوان یان بریندارانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا لە فەڕەنسایە کە دەیانەوێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق بە بەرپرسی ئەو ڕووداوانە بزانن چوونکە عەبدولمەهدی لە 1963وە تا گەڕانەوەی بۆ عێراق تارێندراوی فەڕەنسا بووە هەر بەو بۆنەیەشەوە دەسەڵاتی دادی فەڕەنسا دۆسیەیێکی بۆ جووڵاندووە. ئەگەر دۆسیەی زیاتر لەو شێوەیە بۆ دادگا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەرز بکرێتەوە ئەو کات دەکرێت بڵێین دادپەروەری بۆتە وشەیێکی مانادار.

ئایا هەرێمی کوردستان بەراورد بە دیکەی ناوچەکانی عێراق بەهەشتی ئەمنە؟

شێری لیزەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا بۆچوونی هەندێک کەس لەبارەی جیاوازبوونی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەراورد بە دیکەی ناوچەکانی عێراق ڕاستە یان خەیر، گوتی: پێش سی ساڵ بەروارد بە ئەمساڵ واتا (1991-2021) لە یەکەم ڕۆژەکانی جووڵەی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاری کردن لە کوردەکان لە ژێر کاریگەریی ناوچەی ئارام لە باکووری عێراق، دۆخی ناوچەکە بە کورتی "بەهەشتی ئەمن" یان شوێنی ئارام ناو نرا بەڵام ئەمە شتێکی ڕەها نەبووە و بەراورد بە دۆخی دیکەی ناوچەکانی عێراق کە لە ژێر دەسەڵاتی سەدامدا بوون ئەو ناوە هێنرا.

ناوبراو دەشڵێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەستوەردانی دەرەکی و ململانێی نێوخۆیە بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕگابەریی نێوخۆی ودەستی بیانییەوە هەرگیز ئەمن نەبووە. کۆمەڵێک هەنگاو وەک دامەزراندنی پەرلەمانی گوێ لە مشت لە ناوی دوو پارتی باڵادەست و بە بەشداریی کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامی و سۆسیالیستی و ڕێگەدان بە چالاکی کردنی چەند دەزگایێکی سیخوڕی لە هەرێمی کوردستان وەک میتی تورکیا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی کوردستانی ئازاد نەبوو بەڵکوو مەبەست قۆرخ کردنی دەسەڵات و پارێزگاری کردنی بوو و لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەوەمان بینی. زۆربەی کوردەکان ئاگادارن کە ئاستی ژیانیان و هەلومەرجی دامەزرانیان لە ئیدارەکان لە کاتی سەدامدا ستاندارەکانی باشتر بوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر گەنجانی هەرێمی کوردستان بیانەوێت بەهەند وەربگیرێن پێویستە سەر بە دوو حیزبی باڵادەستی هەرێم بن. تەنها ئەو کاتە پشتگیریی گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و نووسەر و هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە ڕایبەگەیێنن سەر بە یەک لە دوو پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتین. هەر بۆیە کوردەکان ئیهمال دەکرێن و کاری هونەرمەندە گەورەکان نابینرێت یان خود ستایش ناکرێت.

شێری لیزەر ئەوەش دەڵێت کە کوردستانی عێراق عێراقێکی تر نیە. هەمان عێراقە بەڵام بە ئاڵای کوردەکانەوە. تەنانەت حیزبی بەعس کاری زیاتری لەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان بۆ کەلتووری کورد کردووە. پارتە دەسەڵاتدارەکان ئەو میدیایانەیان سانسۆر دەکەن کە هی خۆیان نیە و کۆنتڕۆڵیان بەسەریاندا نیە.

ناڕەزاییی کورد و بەدیلی حکوومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان

چاودێری کاروباری کوردەکان لەبارەی قۆرخ کردنی دەسەڵات لە هەێمی کوردستان بە دەستی دوو پارتی باڵادەست و بەدیلی ئەو دەسەڵاتە بە کوردپرێسی گوت: ئەگەرچی حیزبی تر لە هەرێمی کوردستان هەن و بەردەوام پارتەکانی دیکەش دادەمەزرێن بەڵام دوو پارتی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە ڕێچکەکانی زاڵ بوون بە سەر سیاسەت و ئابوور و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان دۆزیوەتەوە و ئێستاش بەردەوام لە لووتکەی دەسەڵاتن. هاووڵاتییان پێشوازیی زۆریان لە گۆڕان کرد بەڵام ئێستا خزاوەتە ژێر سێبەری پارتی. وەک سەردەمی شەڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی 1994 بۆ 1998 لە نێوان دوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سیاسەتی دووفاقی بسەپێنە و حوکمڕانی بکە سێبەری بڵاو بۆتەوە.

پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری کوردی لە سووریا

شێری لیزەر لەبارەی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کوردەکانی سووریا دەڵێت: بەداخەوە کوردەکانی دانیشتووی گوند و شارەکانی سووریا لە عەفرین و قامیشلۆوە تا کۆبانێ و ئەعزاز وەک ئێزدییەکان دەستیان لێ بەر درا بۆ ئەوە بکەونە ژێردەست داعشەکان و بکوژانی ئەندامی بەرەی نوسرە کە لە لایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن. هەرێمی کوردستان لە پێگەیێکدا بوو کە لە جیاتی ئەوەی ڕووبەڕوویان ببێتەوە چووە تەنیشتیانەوە.

ئەو توێژەرە نەبوونی پێوەندیی گونجاوی نێوان کوردەکان بە کێشەیێکی مێژووی دەزانێت و دەڵێت: بەڵام ئەوە کێشەیێکی مێژوویییە. من سەردەمێک پاش پێکدادانەکانی 1990ینێوان پارتی و یەکێتی و پەکەکە لەو ناوچەیە بووم. هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەدەبینرایەوە و خوێنی زۆربەی کوردەکان بە ناوی حیزبێکەوە دژی حیزبێکی دیکە دەڕژایە سەر عەرز.

شێری لیزەر لەبارەی سەرچاوەی ململانێکانی نێوان دوو بەرەی سەرەکیی کورد لە عێراق و سووریا و تورکیا دەڵێت: پارتی بنەمای ئیسلامیی بەهێزی هەیە و ئەمەش وای کردووە ببێتە هاوپەیمانی ئاساییی تورکیا کە ئیسلامییەکان تێیدا دەسەڵات دەگێڕن. جێی سەرنجە ئەو کاتەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەردەمی ڕەوە گەورەکەی 1991 و لە گۆڕەپانی شەڕی دژبە سوپای عێراقدا کە مەترسیی ڕووخانی کوردستان هەبوو هێزی پێشمەرگە بەرماڵیان ڕادەخست و چەکیان دەنایە سەر عەرز و نوێژیان دەکرد. پارت و لایەنە چەکدارەکانی سووریا وەک پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) هێزە کوردییەکانی ناسراو بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنانی کوردی سووریا ڕیشەی ئیسلامییان نیە و لە دڵی سێکۆلارە کوردەکانی سووریا و تورکیاوە هەڵقوڵا. زۆربەیان لە بنەماڵەی عەلەویەکانن کە لە لایەن نەتەوەپەرستە تورکەکانەوە درانە بەر پەلامار و جینۆساید کران. ئەرمەنەکانیش بە هەمان موسیبەت ڕۆیشتوون و لە شەڕی ناگورنو-قەرەباغیشدا هەمان بەڵایان بەسەردا هاتەوە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەو دوو لایەنە ڕیشەی جیاوازیان هەیە و دوورنواڕی جیاوازیشیان بۆ داهاتوو پێناسە کردووە. هێزە کوردییەکانی سووریا بە شێوەیێکی ڕێکخراوتر لە پارتی و یەکێتی و بە هەستی شۆناسی کوردیی بەهێزترەوە دەرکەوتوون بەڵام ئێستاش لەلایەن ئەنقەرەوە لە ژێر مەترسیی لەناوچووندان.

ناوبراو ئاماژەی بە پێشینەی ئەو لایەنانە لە سووریا کرد و گوتیشی: دیمەشق بەردەوام ڕێگەی بە دوو پارتی داوە لە سووریا نووسینگەیان هەبێت. عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە تا ئەکتەوبری 1998 لە سووریا لە ئاسایشی تەواودا بوو بەڵام کاتێک بڕیاری دا ئەو مەتەرێزە بەجێ بهێڵێت و بەرەو ڕۆم بڕوات ئاوڕێکی جیهانی لە کورد درایەوە و دەرفەتێکی گەورە لە کیس چوو. ڕۆژئاوا دەیتوانی بە ئاسانی بوونی پەیەدە قبووڵ بکات لەبەر ئەوەی تاکە بژاردە بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش. من دەمزانی کە دۆناڵد ترەمپ دەیانفرۆشێت. سەرنجی تاوەرەکانی ترەمپ لە ئەستەمبۆڵ بدەن سەرنجی بازرگانیی نێوان زاواکەی ترەمپ و زاواکەی ئەردۆغان بدەن.

ئەو چاودێرە هەلپەرستی و بەرژەوەندخوازیی لایەنە کوردییەکان بە هۆکارێک دەزانێت بۆ پێوەندیی خراپی نێوانیان و دەڵێت: بازرگانی کردن لە سەرووی مافەکانی مرۆڤەوە پێناسە کراوە و ئەوەش لەبارەی پێوەندییە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری کوردی لە سووریا ڕاست دێتەوە. بەها دەستنیشان‌کراوەکانیان هاوبەش نیە. خۆش بژێویی کورد کە هەر یەکەو لەو دوو لایەنە ئیدعای دەکەن و شەڕی لە سەر دەکەن ئەساسە نەک ڕێژەی پارەی نێو ئەکاونتە بانکییەکان.

بوونی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و بێدەنگیی هەولێر و بەغدا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی

پسپۆڕی کاروباری کوردەکان لەبارەی هۆکارەکانی بێدەنگیی لایەنەکان لەبەرامبەر هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: تورکیا بەردەوام لە هەرێمی کوردستان ئوپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام داوە و پاساوەکەشی بوونی هێزی پەکەکە بووە. بەغدا و هەولێریش لەو بارەیەوە بێدەنگن و من 35 ساڵە ئەو دۆخە دەبینم. ئوپەراسیۆنی سەربازی لە ژێر سەرۆکایەتیی ئەردۆغان تەنانەت لە ئوپەراسیۆنی بێ بەزەیی تانسۆ چیللەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا خراپترە کە بە دروشمی "وشک کردنی دەریا بۆ ڕاوکردنی ماسی" ئەنجامی دا و بەو دروشمە فاشیستەکانی تورکیا هان دەدا کە بۆ کوشتنەکان هاودەنگی ئەو بن.

ناوبراو ئاماژەی بە یارمەتیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ کوردەکانی عێراق لە بەرپەرچدانەوەی داعش کرد و گوتی: من لەم دوایییەدا بینیم کە هۆڵەندا هێزی بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش ناردە ناوچەکە بەڵام ئەو وڵاتەش لە فرۆشتنی کوردەکاندا دەستی تێکەڵە.سەرمایەدانانی تورکیا لە هۆڵەندا ڕێژەکە بەرچاوە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئەتەرانی گرینگی پارتی دادوگەشە وەک بیناڵی یێڵدرم سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بکەین.

ئایا جۆبایدن سەرۆککۆمارێکی باشترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد؟

شرۆڤەکاری کاروباری کورد لەبارەی هەڵوێستی جیاوازی جۆبایدەن بەرامبەر بە پرسی کورد دەڵێت: بایدەن عاقڵتر و بەئەزموونترە لە ترەمپ. ترەمپ کارساتێک بوو بۆ کوردی تورکیا و سووریا. ئەو بازرگانێکی بێ ئەخلاقە.

شێری لیزەر زیادی کرد: ئەوە ڕاستییێکە کە ئۆباما یارمەتیدەر بوو لە پاراستنی گیانی ئێزدییەکان. ئەو بە ئەردۆغان قەڵس دەبوو و دەتوانێت مێشکی بخوێنێتەوە. ئۆباما ڕاوێژکارێکی بەهێزە بۆ بایدەن و لە دوایین کتێبیدا باسی ڕەخنەگرتن لە ئەردۆغان و متمانە نەکردن بە ناوبراو دەکات.

ئەو توێژەرە دەشڵێت سەرەکیترین هەڕەشە لە سەر کوردەکان، تورکیا و بەرژەوەندخوازیی سەرکردە کوردەکانە. تا ئەو کاتەی قیادەی کوردی یەک دەنگ نەبن و پشتگیریی کورد وئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکە نەکەن وڵاتانی ڕۆژئاوای بۆ لەبیرکردنی کوردەکان دەستی کراوە دەبێت. وەک چۆن پەیمانی لۆزان و پەیمان سور هەمان مامەڵەی بەرامبەر کورد کرد.

شێری لیزەر لەبارەی ئەولەویاتەکانی کاری بایدەنەوە دەڵێت: پێویستە سەرەتا بایدەن بەرپەرچی عەقڵیەتێک بداتەوە کە ترەمپ پشتگیریی دەکرد و ئەوەش عەقڵیەتی لەبەربوونی سپی پێستەکانە. پاشان دەبێت بایدەن بیر لەوە بکاتەوە کە بەرنامەی بۆ عێراق چی دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی فیرقەیی لە نێوان گرووپە جیاجیاکان و داعش لە ناوچەی جێناکۆک کرد و گوت ناکرێت لەبارەی سێ ناوچەی جیاوە لە عێراق پێش سەرهەڵدانی داعش لە سەر پێشنیازەکەی جۆبایدەن قسە بکرێت کە ساڵی 2006 باسی کرد بەڵام گوتیشی: سەربەخۆیی زیان بە کوردەکانی عێراق ناگەیەنێت.

شێری لیزەر ئاماژەی بە بوونی دەیان هەزار کورد لە ئەمریکا کرد و دەڵێت: ئەوان لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بە قازانجی کورد لۆبیگەری دەکەن بۆ نموونە سزادانی ئەردۆغان بە هۆی ڕەفتاری دوژمنانەی بەرامبەر بە کورد یەک لەو لۆبیگەرییانەیە.

ئەو پسپۆڕەی کاروباری کورد هەڵوێست بایدەن و تیمەکە لەبارەی کوردەوە بە هەڵوێستێکی جێی هیوا دەزانێت و دەڵێت: جۆبایدەن لەبارەی ئەو شتەی کە لە تورکیا و سووریا ڕوو دەدات ئیهمالی نەکردووە. هیلاری کلینتۆن هاوڕێی دیموکراتی بایدەن لەگەڵ چلسیی کچی ئیمتیازی بەرهەمهێنانی فیلمێکیان لەبارەی ژنە شەڕڤانە کوردەکانی سووریا وەرگرتووە کە بەگوێرەی کتێبی گایل لمون بە مانشێتی "کچانی کۆبانێ" دروست دەکرێت. ئەوەش نیشانەیێکی ڕێزنان لە پێگەی کوردەکانە کە دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت.

شێری لیزەر باسی زەروورەتی کەڵک وەرگرتنی کورد لە لۆبییەکان بۆ وەرگرتنی پشتگیریی ئەمریکا کرد و گوتیشی: لۆبیی تورکیا لە ئەمریکا ملوێنان دۆلار لە سەرف دەکات بەڵام ئەو نوخبانەی لە کوردستاندا دەسەڵاتیان بەدەستە چەندین ملوێن دۆلار بۆ دوژمنایەتی کردنی یەکتر سەرف دەکەن.ئەم هەستە کرم خواردووە لە نیشتمانپەروەری ڕاست دژی ئەو لەخۆبوردەیی و گیانفیدایییەیە کە لە کۆبانێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بینرا.