کاردانەوە نێوخۆیی و بیانییەکان لەبارەی حوکمی دادگای تەمیز سەبارەت بە 5 ڕۆژنامەوانی کورد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان حوکمی 6 ساڵ زیندانی کردنی بە سەر 5 ڕۆژنامەوانی کورددا سەپاند و ئەوەش کاردانەوەی فراوانی نێوخۆیی و دەرەکیی بەدوای خۆیدا هێنا.

کوردپرێس:

پاش ئەوەی دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان لە سەر بڕیاری سێ دادوەر لە کۆی 5 دادوەری دادگاکە حوکمی 6 ساڵ زیندانی بە سەر 5 ڕۆژنامەوانی دەستگیرکراوی بادیناندا سەپاند، ئەو بڕیارە کاردانەوەی فراوانی نێوخۆیی و دەرەکیی لەگەڵ خۆی هێنا.

کونسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان

كونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوە دەرچو دژ بە پێنج لە رۆژنامەنوسان و چالاکوانان، قوڕسە ئیستیعاب بکرێ، و داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكات لێبوردنی گشتیان بۆ دەربكات.

‏کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە پێگەى خۆی بڵاویکردوەتەوە"بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمییز لە دژی پێنج رۆژنامەوان و چالاکوانەکە دەڕوانین. تێگەیشتن لە بڕیارەکەی دادگا ئاسان نییە، بەبێ لەبەردەستدابوونی بەڵگەیەکی روون بۆ تاوانکارییەك مایەی سزادان بێت".

هەروەها ‏کونسوڵگەریی گشتیی ئەڵمانیا داوا لە سەرۆکى هەرێم دەکات دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ دەرکردنی بڕیاری لێخۆشبوون. گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەل رۆژنامەوانان و چالاکوانان بەشێکە لە کاری رۆژانەی دیپلۆماتکاران و هەروەها کاری رۆژانەی کونسوڵگەریی گشتییش.

‏ئەڵمانیا جەختیشی کردووەتەوە کە بڕیارەکەی ئەمرۆی دادگا "بێمانایە" و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانە و نزیکەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمى کوردستان.

کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان

لەسەر بڕیارەكەی دادگای تێهەڵچونەوە، کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە کە ڕێز لەکاری دیبلۆماتە ئەمەریکیەکان بگرن، کە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن.

لە راگەیەنراوەكەی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە قسەر لەسەر تاکە کەیسی دادگاکان ناکەین، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کردووە.

كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا جەختی كردووەتەوە لەوەی، ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێکە لە شوناسیان و بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لێی وەک یەکێک لە بەها سەرەکیەکانیان.

29 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای تەمیز دەکەن

ژمارەیک لە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان کە ٢٩ پەرلەمانتارە نامەیەک ئاڕاستەى دادگای‌ پیاچوونەوەی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەکەن و داوا دەکەن بڕیاری‌ دەستەی‌ سزایی‌ دادگاکەتان لەلایەن (دەستەی‌ گشتی‌) دادگای‌ پیاچوونەوەوە پیاچوونەوەی‌ بۆ بکرێت‌و ڕاست بکرێتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا ئەو ٢٩ پەرلەمانتارە دەڵێن"لە ڕێگەی‌ ئەم نامە ئاشکرایەوە، داوا لە دادگاکەتان دەکەین، بڕیارەکەتان، بڕیاری‌ ژمارە (٤٦٨) لە بەرواری‌ (٢٨ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢١) تایبەت بە پیاچوونەوە بە بڕیاری‌ دادگای‌ (تاوانەکانی‌ هەولێر٢) تایبەت بە سزادراوانی‌ پارێزگای‌ دهۆک ڕاست بکەنەوەو سزای‌ هەریەکە لە سزادراوان (شیروان ئەمین، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا، گوهدار موحەممەد ئەمین) هەڵبوەشێننەوە".

گۆڕان

دلێر عەبدولخاق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، راگەیەنراوێکی لەبارەی بڕیاری دادگای پێداچونەوەی هەرێم دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی هەولێر و دهۆک بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، " بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچوونەوە دژی دەستگیرکراوانی بادینان پێشینەیێکی مەترسیدارە."

ئاماژە بەوەش کراوە، "بزووتنەوەی گۆڕان، وەک پێشتر  ھەڵوێستی فەرمی، لەرێی پشتیوانی فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان و ژوری  قانونی رون و رەوان بوە، بە ئامانجی پارێزگاری لە ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان و متمانەی ھاوڵاتیان بە دادگاکان."

گۆڕان پێشیوایە، " نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان" و لەوبارەیەوە جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکەنەوە، لەوانە: 

یەکەم: ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی پایەیەکی دیموکراسیە کە قابیلی زەوتکردن نییە.

دووەم: بەڵگەکانی ئەم کەیسە و گیراوەکانی دیکە نەسەلمێنراون و لاوازن.

سێیەم: دیپلۆماتکاران کارێکی سەرەکیان دیدارە لەگەڵ رۆژنامەنووس و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی. تێوەگلاندیان لەم کەیسە نیشانەی نەبوونی بەڵگە و پێشینیەکی مەترسیدارە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.

چوارەم: بەهۆی ئەم کەیسە هەموو نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیکە رووبەڕووی گۆشەگیری ئەبنەوە.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویشیەتی، " بۆ رێگری لە زیانی گەورە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی جەخت لە گرنگیی خواستی بەڕێز رێکخەری گشتی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی قانونی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافی ئازادی رادەربڕین و دەستەبەرکردنی عەدالەت لە کەیسی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکەینەوە."

پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانە لە بڕیارەکەى دادگای تەمیزی هەرێم دەدەن

بەشدار حەسەن یەکێک لە پارێزەرانى تیمى پارێزەرانى بادینان لە کۆنگرەیێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،هەوڵی راستکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای تەمیز دەدەین لە داهاتوودا پێش ئەوەى بگاتە سەرۆکى هەرێم رێگایێکى دیکە هەیە کە دەتوانین تانەى لێبدەین، بەڵام ئەگەر ئەوە کاریگەرى نەبوو ئەوان سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بە لێبوردنی گشتی ئەو گیراوانە ئازاد بکات.

ئاماژەى بەوەش کرد،  لە دانیشتنی داهاتوودا داوا دەکەن سەرلەبەری دۆسیەکە بگەڕێتەوە و هەموو تۆمەتبارەکان بە ئامادەبوونی پارێزەران ئیفادەیان لێوەربگیرێت، دەشڵێت، لە کۆی پێنج ئەندامی دادگای پێداچوونەوە دوو ئەندام رازی نەبوون بە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر گیراوانی بادینان.

حاكم شێخ لەتیف، شارەزا لە یاسا

حاكم شێخ لەتیف، شارەزا لە یاسا داوا لە هەردو كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە هەولێر دەكات لەسەر بڕیاری سزادانی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان هەڵوێستیان هەبێت.

حاكم شێخ لەتیف، لە نوسینێکدا بەبۆنەی پەسەندکردنی سزادانی چالاکوانانی بادینان ڕایگەیاندووە "بەپێی بڕیارەكەی دادگا كە پلەی كۆتایی وەرگرتوە، هەردو كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە هەولێر، شوێنێكن بۆ كاری سیخوڕی و تێكدانی ئاسایشی هەرێم و كاری تیرۆرو تێكدان".

حاكم شێخ لەتیف دەشڵێت "بەوەشداوە كە ئەو دو كونسوڵخانەیە ئەگەر بەو جۆرەن ئەوا نابێت لەنێو خاكی هەرێمدا بمێنن و ئەگەر واش نین دەبێت هەڵوێستیان هەبێت "چوونكە ئیتر هەر رۆژنامەنوس و چالاكوانێك پەیوەندی پێیانەوە بكات یان كردبێت بۆی هەیە روبەڕوی هەمان تۆمەت ببێتەوە".

بەگوێرەی وتەی ئەو شارەزا یاساییە ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی خۆی بەكارنەهێنا بۆ دەركردنی لێخۆشبون بۆ سزادراوانی بادینان، ئەوا رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی و رۆشنبیران لە میدیاو سۆشیال میدیاو لە واقعیشدا هەڵمەت یاخود كەمپەین و هاشتگای "كونسوڵی ئەمریكاو كۆنسوڵی ئەڵمانیا بۆ دەرەوە" بەرپا بكەن.

رۆژنامەنووسى پارتى و نزیک لە نێچیرڤان بارزانى

رۆژنامەنووسى پارتى و نزیک لە نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆکى پارتى رێبوار کەریم وەلی لە نووسینێکدا بەناونیشانى "پارتى یاری بە ئاگر دەکات" نووسیویەتى" لە کۆی پێنج دادوەرەکەی دادگای پێداچوونەوە، سێیان پارتین و ھەر ئەو سێیەش بڕیاری دادگایی تاوانەکانیان تەئیید کرد".

ئاماژەى بەوەش کردووە کە ئەو دادوەرانە پێش ئەوەی نوێنەری کەس بن، نوێنەری حزبەکانی خۆیانن و بۆیەش حزب لەوێی داناون تا پارێزەری مەساڵحی حزب بن کەواتا پارتی بڕیاری داوە.

رێبوار کەریم وەلی باس لەوە دەکات کە ئەو کردەوانەی کە وەکو تاوان بەسەر ئەو سزادراوانەدا کراوەتە ماڵ رەنگبێ یەکێک بێت لە گەورەترین سکانداڵەکانی مێژوو کە بەناوی قانونەوە تۆمار کرابێت. چونکە نەک ھەر ھیچ دەققێک لە قانوندا نییە پشتیان پێ بەستبێت، بگرە رێگا خۆشکەرە بۆ قەیرانێکی سیاسیی گەورە بە تایبەت لەگەڵ ئەمریکا وئەوروپا.

هەوڵەکان بۆ رازیکردنى سەرۆکى هەرێم بۆ رەتکردنەوەى بڕیارەکەى دادگای تەمیز

میدیا کوردییەکانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە هەوڵەکان بۆ رازی کردنى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم دەست پێدەکات کە بڕیارەکەى دادگاى تەمیز واژوو نەکات و رەتی بکاتەوە.

سەرچاوەیێک بۆ شارپرێس باسی لەوە کردووە کە هەوڵەکان لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە دەبێت و هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکان و لەناوخۆى پارتیشەوە کار لەسەر رازیکردنى سەرۆکى هەرێم دەکەن.

هەروەها سەرچاوەکە کە پێی باش نەبوو لەم کاتەدا ناوی بهێنرێت ئەوەشى خستەڕوو، لەم رۆژانەدا سەردانى سەرۆکى هەرێم دەکەن و سەرکردەى لایەنە سیاسیەکانیش دەبینن بۆ ئەوەى بە هەموو لایەک ئەو بڕیارە "نادادپەروەر"انە هەڵوەشێتەوە.

لەلایێکى دیکەوە بەپێی زنیارییەکان لەسەردانەکەى چەند رۆژى رابردوودا نیچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ بزوتنەوەى گۆران و یەکێتى و کۆمەڵ و یەکگرتوو نیگەرانى خۆى لە بڕیاری سزادانى رۆژنامەنوس و چالاکوانان دەربڕیوە.

هەروەها لایەنە سیاسییەکان داوایان لەسەرۆکى هەرێم کردوە ئەگەر دادگای تەمیزى هەرێم بڕیاری دادگاى هەولێر پەسند کرد ئەوا بڕیارەکە پەسند نەکات و رەتی بکاتەوە.