مەترسیی داڕمانی بزووتنەوەیێکی ڕەخنەگر لە هەرێمی کوردستان

بەشی جیهان- ژمارەیێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان کە سەردەمێک هیوای کوردە عێراقییەکان بۆ دەستەبەرکردنی گۆڕان لە پێکهاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەبارەی مەترسیی داڕمانی ئەو حیزبە و جیابوونەوەی کادیرە سەرەکییەکانی هۆشداری دەدەن.

کوردپرێس:

بزووتنەوەی گۆڕان کە سەردەمێک زمان سوورترین ڕەخنەگری دوو لایەنی باڵادەستی هەرێم واتا پارتی و یەکێتی بوو ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکان لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانێتیی ڕاگەیاندووە. هەروەها ژمارەیێک لە کادیرە ناسراوەکانی ئەو بزووتنەوەیە پێوەندییان بە پارتییەوە کردووە ئەوەش لە کاتێکدا پێشتر توندترین ڕەخنەکانیان ئاراستەی پارتی دەکرد.

چەند کەسێک کاربەدەست لە گۆڕان وێڕای ناڕەزایی دەربڕین لەبارەی شێوازی کارکردنی سەرۆکە پێشووەکانی ئەو بزووتنەوەیە، هۆشداریی کەڵەکەبوونی کێشەکانی حیزبیشیان داوە. ئەو کەسانە یەک لە کێشە هەرەگەورەکانی گۆڕان بەوە دەزانن ژمارەیێک لە ئەندامانی باڵای بزووتنەوەکە پێوەندییان بە پارتی و یەکێتییەوە کردووە.

یۆسف محەمەد سادق یەک لە ئەندامانی بەرجستەی پێشووی گۆڕان و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کێشەکانی گۆڕانەوە بە ئاژانسی میدیای بەریتانیی وتووە بزووتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بۆتەوە. یۆسف محەمەد کە ئێستا سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات دەشڵێت هەموو پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی ئێستای گۆڕان بڕیوە.

ئەندامێکی دیکەی گۆڕان کە بە هۆی ڕاجیاوازیی لەگەڵ عومەری سەید عەلی ڕابەری ئێستای گۆڕان لە بزووتنەوەکە جیا بۆتەوە، بەو میدیا بەریتانییەی وتووە ئێمە گۆڕانمان بۆ گەیاندنی دەنگی هاووڵاتییان و وەک لایەنێکی ئوپۆزسیۆن دانا بەڵام سەرکردەکانی ئێستای گۆڕان لەبیریان کردووە کە گۆڕان بە چ مەبەستێکی دامەزرا.

بەڵام عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان هۆکاری دابەزینی پێگەی گۆڕان بەوە دەزانێت کە دوو هاوپەیمانەکەی ئەو بزووتنەوەیە واتا پارتی و یەکێتی هەوڵی کەم هێزکردنی دەدەن بۆ ئەوەی بگاتە لێواری داڕمان.

عەلی حەمە ساڵح ڕەخنەی لە گۆڕانیش گرتووە چوونکە پاش ئەوەی پارتی و یەکێتی پێبەند نەبوون بە پێبەندییەکانیان بەرامبەر گۆڕان، ئەو حیزبە هیچ کاردانەوەی نەبوو.

میدیای شەپۆلەکان ئاماژەی بە ڕاپرسیی ئەم دواییەش کردووە کە باس لە داڕمانی پێگەی گۆڕان وەک سێهەم حیزبی گەورەی هەرێمی کوردستان کردووە و بە گوێرەی شرۆڤەیێک دەڵێت دوور نیە گۆڕان پێگەی ئێستاشی لە دەست بدات و بزووتنەوەی نوێت لە هەرێمی کوردستان وەک نەوەی نوێ یان کۆمەڵی دادگەری ببنە بەدیلی گۆڕان.

موئمین زەڵمی شرۆڤەکاری سیاسیی کوردیش هۆشداریی ئەوەی داوە کە کۆی ئەم بابەتانە دەلالەتن لە سەر داڕمانی گۆڕان و پێ دەچێت ئەو حیزبە چیتر نەتوانێت لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی بوەستێت کە پێشتر تانەی لێدەدان و ئێستا هاوپەیمانیانە.

منصور رحیمی

News Code 1975

Your Comment

You are replying to: .
captcha