کورپرێس: ڕۆژی سێشەمە 4ی سەرماوەزی 1399 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لەگەڵ سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتەکەی ئێران واتا سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی و سەرۆکی دەزگای داد کۆ بوویەوە و کۆمەڵێک تەوەری خستە بەر باس کە سەرەکیترین تەوەری دانیشتنەکە باسی ئابووریی وڵات بوو.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند کێشەی ئەمڕۆکەی ئێمە نەبوون یان خود نەزانینی دەرەچە و چارەسەری ئابووری نیە بەڵکوو پێویستمان بە هەڵمەت و ئیرادەیێک هەیە بۆ بەکارهێنانی دەرفەتەکان.
ڕێبەری باڵای ئێران گوتیشی: ئەوەی کە ئەم چوار ساڵەی ڕابردوو هەر چواری بە ناوی وەبەرهێنانەوە ناو نراوە هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئێستا لە باری ئابوورییەوە زیاترین پێویستمان بە کارکردن و نواندنی ئیرادە هەیە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر هەوڵ دراوە لە ڕێگای هەڵگرتن و سڕکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە فەرێحی بە کەرتی ئابووریی وڵات ببەخشرێت بەڵام ئەو ڕێبازە و ئەو دەرەچەیە شکستی هێنا و ئەو ئەزموونەمان وەرگرت کە بژاردەی دووهەم واتا پووچەڵ کردنەوەی گەمارۆکان گونجاوترە.
ڕێبەری باڵای ئێران دووپاتی کردەوە کە بەڕاستی هاووڵاتییان لە دۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین و پێویستە زووبەزوو پشتگیریی چینی کەم دەست بکرێت و ئیرادەیێک کۆ بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان.
Your Comment