هاوسەرۆکی هەدەپە: سامانی ئەم وڵاتە سەرفی شەڕ دەکرێت
بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی هەدەپە لە دیدار لەگەڵ کرێکارە کاتییەکاندا ڕایگەیاند پارتەکەی ئەوپەڕی داکۆکیی خۆی لە سەر دەستەبەرکردنی پێویستیی کرێکارەکان ئەنجام دەدات.

کوردپرێس:

میدحەت سەنجەر هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ڕۆژی سێهەمی جەژنی ڕەمەزاندا سەردانی کرێکارانی گوندەکانی دەوروبەری ئەنقەرەی کرد. ئەو کرێکارە کاتییانە کە زۆربەیان کورد و عەرەبن هەموو لە شارەکانی ترەوە وەک ماردین و ئۆرفا ڕوویان لە ئەنقەرە کردووە بۆ ئەوەی کاری جووتیاری و کرێکاری بکەن. هەندێکیشیان کوردی سووریان. ئەم کرێکارانە لە خێوەتدا دەژین.

ماڵپەڕی فەرمیی هەدەپە ڕایگەیاند مێدحەت سەنجەر لەو دیدارەدا گوتی کرێکارە کاتییەکانی ئەم ناوچانە زۆربەیان لە سوروچ و سیۆرک ئۆرفا و گوندەکانی ماردینەوە بۆ ئێرە هاتوون و ژمارەیێکیشیان برای سووریی ئێمەن و خەڵکی حەسەکەن.

میدحەت سەنجەر زیادی کرد: نزیکەی 15 هەزار کرێکاری کاتی لە خراپترین دۆخدا لە بەشی جووتیاری لەم ناوچانە سەرقاڵی کارکردنن. زۆر منداڵ هەن کە لێرە لەگەڵ دایک و بابیان دەژین. ئەگەر لەم وڵاتەدا بە دادپەروەرییەوە سامانەکان بەش کرابا ئێمە ئەم هەژاری و نەدارییەمان نەدەبینی.

هاوسەرۆکی هەدەپە جەختیشی کردەوە کە پارتەکەی ئەوپەڕی داکۆکیی خۆی لە سەر دەستەبەرکردنی پێویستیی کرێکارەکان ئەنجام دەدات.