پەدەکەسە و ئەنەکەسە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سووریا ناکەن

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی سووریادا بەشداری ناکەن.

«نافع عبدالله» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕای حزبەکەی و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە سووریا و وتی: پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی سووریادا بەشداری ناکەن.

ناوبراو درێژەی دا: ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی دۆخی سیاسیی سووریا یەکناگرنەوە.

نافێع عەبدوڵڵا وتیشی: بەڕێوەبردنی وەها هەڵبژاردنێک دژی ئیرادەی گەلی سووریایە لەبارەی چارەسەری قەیرانەکان و هەڵمەتێکی ناڕەوایە. بۆیە ئێمەیش بە ڕەوای نازانین.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) پێشتر ئاماژەی بە دانیشتنی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و بریکاری نوێنەری ئەمریکا لە دانوستانەکانی نێوان لایەنە کوردییە سوورییەکان کرد و بە کوردپرێسی ڕاگەیاندبوو: ئەو دیدارە جێی ڕەزامەندی بوو و خاڵی ئیجابی لەبارەی درێژەدان بە گفتوگۆکان لەو دیدارەدا پێشکەش کران کە ڕێگا بۆ بەردەوام بوونی پڕۆسەی دانوستان خۆش دەکات.

ناوبراو پێشتریش گوتبووی: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە ئامانجەکانی خۆمان بۆ ڕێککەوتن ڕژدین و هیوای ئەوەش دەخوازین کە لایەنی بەرامبەری دەرک بە بەرپرسیارێتیی خۆی بکات و ڕێگا بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی خۆش ببێت.

ئەندامەکەی ئەنەکەسە ڕاشیگەیاند: پێویستە بەرپرسانی پەیەدە لە وتە و هەڵمەتی نەشیاو و دوور لە ڕۆحی برایەتی دەست هەڵبگرن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2040

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha