کرۆنۆلۆژیای ڕووداوەکانی ڕۆژی حەشر/ سەیوان محەمەد
بەشی فەرهەنگ- کتێبی "نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا" بەرهەمی عارف قوربانییە و تێیدا گێڕانەوەی کارەساتەکانی ئەنفال لە زاری بەجێماوێکی ئەو کارەساتەوە دەگێڕدرێتەوە و ناخی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەهەژێنێت.

کوردپرێس:

سەیوان محەمەد وەرگێڕی کورد لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کتێبی "نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا" کورتە باسێکی لە چوارچێوەی یادداشتێکدا نووسیوە. دەقی یادداشتەکە لێرە بخوێنەوە:

"ئەبێ خودا خۆی ڕۆژێ سەرمان لێبدا و

پێمان بڵێ ئەو ڕۆژی حەشرە چۆن ڕوویدا؟!"

-شێرکۆ بێکەس-

من سەربوردەی نێرگز ناو ئەنێم کرۆنۆلۆژیای ڕووداوەکانی ڕۆژی حەشر، سەفەری تاقەتپڕووکێنی نێرگز بەناو تاریکترین و ترسناکترین تووناوتوونەکانی  ئەو دۆزەخەی بەعس لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ کوردی داخستبوو. ڕەنگە ئەوەی ئەنفال لە مەرگەساتەکانی تر جیائەکاتەوە تەنیا چارەنووسی نادیاری قوربانییەکان نەبێت، بەڵکو ئەو مێژووەشە کە دەکەوێتە پێش مەرگەساتەکەوە. لە گێڕانەوەکەی نێرگزەوە ئاشنا ئەبین بە کۆی ئەو نەهامەتی و چەرمەسەرییانەی کۆمەڵگەی دێنشینی کورد بەتایبەتی، لە کۆدەتای بەعسییەکانەوە لە ساڵی ١٩٦٣ تا ساڵی ١٩٨٨ چەشتوویانە، کە دواجار لە ئەنفالدا دەگاتە چڵەپۆپە. کاتێک بەسەرهاتی ڕۆژی حەشر لە زاری نێرگزەوە ئەبیستی، موچوڕکە و تەزی سارد بە گیانتا دێت، هەست بە تاریکبوونی فکر و خەیاڵت ئەکەی، دەروونت هێندە ئەشێوێ کە ناتوانی چیتر بیر بکەیتەوە. بەڵێ خوێندنەوەی سەفەری پڕئازاری نێرگز وێرانت ئەکا، بەڵام چما گێڕانەوەی حیکایەتەکانی ئەنفال جگە لە وێرانکردنی هۆش و دەروونمان شتی تری لێ چاوەڕوان ئەکرێ؟!!

ئەوەی زیاتر لە ژیانی نێرگز و ڕزگاربووانی ئەنفالدا ئازاربەخشە ئەو دۆزەخی دووەمەیە کە پاش ڕاپەڕین و لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە هێندەی تر ئەیانسووتێنێت، ئەو دەسەڵاتەی کە لەسەر ئێسکوپروسکی قوربانییەکانی ئەوان دروست بووە، کەچی زەڕەیەک ئەخلاقی ئەوەی نەبوو بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕزگاربووانەدا بکات.لەوەیش خراپتر، بۆ ئەوەی قەتماغەی برینیان هەڵکەنێت و هەمیشە زامیان بکولێنێتەوە، لە سەرۆکجاشە دەست بە خوێن سوورەکان خۆش بوو و لەبری ئەوەی داداگاییان بکات، باشترین پلە و پێگەی پێدان. ئەمڕۆش زۆرێک لەو سەرۆکجاشانەی کە لەپای بەشدارییان لە پرۆسەی ئەنفالدا حکومەتی ئەوکاتەی بەعس زەویی خەڵکی ئەنفالکراوی خەڵاتکردن، لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا پێداگری ئەکەن لەسەر خاوەندارێتی ئەو زەوییانە.

چیرۆکی نێرگز، چیرۆکی زەلیل بوونی سادەیی و پاکی و بەرائەتە لەبەردەم چنگ و کەڵپەی هێز و دڕندەیی و تاواندا، چیرۆکی ئەتککردنی پیرۆزی و پاکیزەییە، چیرۆکی کوشتنی نوری خوا و خواناسیی ڕاستەقینەیە بەناوی دینەوە، چیرۆکی زامێکی قووڵ و درێژە کە لە ڕابردوویەکی دوورەوە هاتووە و هەتا ئەو ڕۆژەی کوردێک بمێنێ پێویستە بکولێتەوە و خوێنی لێ بچۆڕێت؛ زامێک کە هەرگیز خۆش نابێت....

من ئەمشەو بەدیار ئەم کتێبەوە دانیشتم و نەمتوانی دایبنێم تا بەیەکجار و بەبێ دابڕان هاوسەفەر و هاوئازار و هاوژانی نێرگز بووم.