نێچيرڤان بارزانى سوپاسى پشتگيريى فه‌ره‌نسا لە هەرێمی کوردستان ده‌کات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى کوردستانى بۆ پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى و مرۆييى فه‌ره‌نسا لە هه‌رێمى کوردستان دووپات کرده‌وه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ برونۆ ئۆبێر، باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق و ئێريک شۆفاليێ، سه‌رۆکى سه‌نته‌رى پشتگيريى قه‌يرانه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى ده‌روه‌ى فه‌ره‌نسا و شاندێکى ياوه‌ريان کرد.

لە دیدارەکەدا بارزانى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستان پێويستييان به‌ ڕۆڵ و پشتگيريى فه‌ره‌نسا و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و به‌رده‌واميى ئه‌رکى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تييه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى، به‌تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان.

شاندى ميوانيش دووپاتى پشتگيريى وڵاته‌که‌يان بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و به‌رده‌واميى هاوکارييه‌ مرۆيييه‌کانى کرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى دۆخى ئاواره‌کانى عێراق له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌يان‌، نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى کوردستان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى خۆويستانه‌يان بۆ شوێنه‌کانيان و پێويستيى دابين کردنى ئاسايش و ئارامى و خزمه‌تگوزارييه‌ سه‌ره‌تايييه‌کان کرده‌وه‌ تا زه‌مينه‌يێکى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌يان فه‌راهه‌م ببێت و پرۆسه‌ى ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ى شوێنه‌ زيانبه‌رکه‌وتووه‌کانى شه‌ڕى تيرۆر ئاوه‌دان ده‌کرێنه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ ئۆليڤيێ ديکۆتينى، کونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، دوايين پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌کانى عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى تيرۆرستانى داعش، ڕێککه‌وتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ ئاسايي کردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و چه‌ند پرسێکى ديکه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش تاوتوێ کران.

‌هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان ده‌ستخۆشى له‌ ده‌ستپێشخه‌رى و پڕۆژه‌ى بنياتنانى نه‌خۆشخانه‌يێک له‌ شه‌نگال کرد که‌ له‌ ڕێگه‌ى ڕێکخراوێکى ناحکووميى فه‌ره‌نسييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت و ڕايگه‌ياند سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستانيش له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و هاوبه‌شانى ديکه‌، به‌شدارى له‌ بنياتنانى نه‌خۆشخانه‌که‌دا ده‌کات.

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

 

 کۆدی هەواڵنێر: 60113