ژمارەیێک هەڵسووڕاوی گۆڕان وازیان لە حزبەکەیان هێنا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەشێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنن، لەئێستادا ژمارەیێک کەسی بەرژەوەندیخواز دەستیان بەسەر گۆڕاندا گرتووە و بۆ خزمەتی تایبەتی بەکاریدەهێنن بۆیە بڕیاریان دا واز لە حزبەکەیان بهێنن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، 26 هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لەسنووری ئیدارەی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا ڕایدەگەیێنن: "وەک بەشێک لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سنووری قەزای رانیە و ناحییەکانی، کەهەر لەسەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە خۆبەخشانە و بەبێ هیچ بەرژەوەندییێکی تایبەتی و بەوپەڕی توانامانەوە کارمان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، تەنها لەپێناو هێنانەدی ئەو ئامانجانەی بزووتنەوەی گۆڕانی لەپێناودا دامەزرا".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بەداخەوە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێک کەسی بەرژەوەندیخواز دەستیان بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا گرتووە و بزووتنەوەی گۆڕانیان بەلاڕیدا بردووە و خستوویانەتە خزمەت بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، خەونی هەزارەها گۆڕانخواز و تێکۆشەری ئەم هەرێمەیان لەگۆڕنا".

ئەو هەڵسووڕاوانە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "بۆیە بەهەموو لایێکی رادەگەیەنین کە لە 24-11-2020ەوە وازهێنانی خۆمان لە بزووتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنین و هیچ پەیوەندییەکمان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە".

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113