سەرۆککۆماری ئێران: هەر دانوستانێکمان کردبێت بە ڕێنمایی ڕێبەری باڵا بووە/ هەموو جیهان چاوی بڕیوەتە سەر هەڵبژاردنەکان لە ئێران

بەشی ئێران- حەسەن ڕۆحانی لە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراندا ئاماژەی بە کۆمەڵێک تەوەری ڕۆژەڤ کرد و ڕایگەیاند ئەگەر دانوستانێک لەبارەی سیاسەتی ئێرانەوە کرابێت هەمووی بە فەرمان و ڕێنمایی ڕێبەری باڵاوە کراوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 29ی گوڵانی 1400 بەرامبەر بە 19ی ئایاری 2021 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی ڕۆژەڤ کرد کە باسی دانوستانی ئەتۆمی و هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری گرینگترینی ئەو تەوەرانە بوون.

ڕۆحانی لەبارەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و مەسەلەی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی سەر ئێران گوتی: خەڵکانێک هەن کە تانە لە دانوستانەکان دەدەن یان خود ئەو بابەتەیان پێ باش نیە. پێویستە ئاگادار بن کە هیچ لەم دەوڵەتەدا نەکراوە کە ڕاوێژ لە ڕێبەری باڵا وەرنەگیرابێت. بۆیە ئەوەش لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا دەکرێت ئیزن و ڕاوێژی ڕێبەری باڵای ئێرانی تێدا بووە. ئێستا یان ڕاوێژەکەبە نووسراوە بووە یان خود بە زارەکی ڕێنماییمان وەرگرتووە.

ڕۆحانی ئاماژەی بە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێرانیش کرد و گوتی: هەڵبژاردن بە گەرموگوڕی دەستی پێکردووە و کاندیدێکی زۆر ناوی خۆیان تۆمار کردووە دیارە هەموو جیهان چاوی لە سەر ئەم هەڵبژاردنەیە و پێویستە هەڵبژاردنێکی گەرم و گوڕ و تەندروست لە وڵاتدا بەڕێوە بچێت.

شایانی باسە دانوستانی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەنا بەردەوامە و ئەمریکا چەندین جار ئامادەییی دەربڕیوە بۆ کۆتاییهێنان بەو سزا ئابووری و سەربازییانەی دژی ئێران سەپاندوویەتی ئەوەش بەو مەرجەی ئێران پێبەند بێتەوە بەو پێبەندییانەی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمیدا قبووڵی کردووە.

News Code 2060

Your Comment

You are replying to: .
captcha