سەردانی نوێنەرانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیدارەی خۆسەر هەڵگری پەیامێکی گرینگە

بەشی سووریا- ئەندامێکی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: سەردانەکانی ئەم دواییەی نوێنەرانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیدارەی خۆسەر هەڵگری ئەم پەیامە بوو کە پێوەندی و هەماهەنگیێکی باش لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا هەیە. هەروەها دەری خست کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریای بایکوت کردووە و حکوومەتی ناوەندیی هیچ کاریگەریی لەسەر ئیدارەی خۆسەر نەماوە.

«فەتحوڵڵا حوسێنی» ئەندامی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی ژەنراڵ مەکیتزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ناوچەی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریا و وتی: ماوەیێکی هەم بەرپرسانی سیاسی و هەم بەرپرسانی سەربازیی سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن و لەگەڵ ژەنراڵ کۆبانی و نوێنەرانی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و هەروەها نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆ دەبنەوە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەم دیدارانەیش لە کاتێکدایە کە هەماهەنگی و پشتگیریێکی باش لەبواری سەربازیدا لەنێوان نوێنەرانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبینرێت و هیوادارین لە بواری سیاسیشدا ئەم هەماهەنگییە دروست ببێت.

ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان زیادی کرد: سەردانەکانی شاندی ئەمریکی بۆ جێگیر کردنی ئارامی لە کوردستانی سووریا زۆر بەسوودە و درێژە بە ئامادەبوون و پشتگیریی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەم ناوچەیەدا پێویستە و نیشاندەری ئەوەیە کە بەڕاستی هاوپەیمانان جیدین لە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

ناوبراو جەختی کردەوە: سەردانەکانی ئەم دواییەی نوێنەرانی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیدارەی خۆسەر هەڵگری ئەم پەیامە بوو کە پێوەندی و هەماهەنگیێکی باش لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا هەیە. هەروەها دەری خست کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریای بایکوت کردووە و حکوومەتی ناوەندیی هیچ کاریگەریی لەسەر ئیدارەی خۆسەر نەماوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2112

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha