هەرێمی کوردستان پێبەندی یاسای بوودجەی 2021ی عێراق نابێت، بەغدایش هیچ بڕە پارەیێک نانێرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر بەهار مەحموود نوێنەری کوردی پەرلەانی عێراق لەبارەی ڕێککەوانی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بوودجە و یاسای بوودجەی 2021ی ئەو وڵاتە دەڵێت: ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەم ڕێککەوتنەدا دەستی کەوتووە تەنها شەرعییەت دانە بە فرۆشتنی نەوتەکە وەکوو چۆن ئێستا لەلایەن حزبەوە دەفرۆشرێت. ئێستا ئەو شەرعیەتەی وەرگرتووە واتا شەرعیەت دانە بەوەی کە تا ئێستا هەبووە. لە بەرمبەریشدا حکوومەتی فیدراڵیش ئەوە وتووە کە ئەگەر هەرێم ئیلتیزام نەکات و قیمەتی نەوتەکەمان بۆ نەنێرێت ئێمەش بوودجەی بۆ نانێرین یەعنی هەردوو لایان بەوەی کە مەبەستیان بووە دەستیان گەیشتووە.

کوردپرێس: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 31ی مارچی ڕابردوو یاسای بوودجەی گشتیی 2021ی عێراقی بە کورت هێنانی 28 تریلیۆن دینار و پاش چوار مانگ کێشمەکێشی نێوان ڕەوتە سیاسییەکان، پەسەند کرد. یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی موناقیشە لەسەر بوودجەی عێراق، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و ئەو بەڵێنانە بوو کە هەرێم لەبەرامبەر ئەو بەشەدا بە عێراقی دەدا. سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ لە تێپەڕینی ئەم یاسایە، هێشتا نیشانەیێک لە پێبەندبوونی هەولێر بە یاساکە نابینرێت و ئەمەش نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە کە لە قەیرانی ئابووریدا ململانێ لەگەڵ نەبوونی مووچە و لێبڕینی مووچە دەکەن.

ئاژانسی کوردپرێس بە ئامانجی لێکدانەوەی پرسی یاسای بوودجەی 2021ی عێراق، تایبەتمەندییەکانی، بەڵێنەکانی بەغدا و هەولێر بۆ یەکتر و هەروەها پێشبینییەکان لەبارەی پێبەندبوونی لایەنەکان بە یاسا، گفتوگۆیێکی لەگەڵ دکتۆر بەهار مەحموود نوێنەری پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە.

کوردپرێس: تەوەرە سەرەکییەکانی یاسای بوودجەی 2021ی عێراقمان بە شێوەیێکی گشتی بۆ باس بکەن.

بەهار مەحموود: یاسای بوودجە هەروەها کە دەزانن بریتییە لە یاسای خەرجی بۆ ساڵێکی وڵات لەبەر ئەوەش چەند فەکتەر لەخۆی دەگرێت لەوان چۆنیەتی دابەش کردنی بوودجە، چۆنیەتی دابەش کردن لەنێوان پارێزگاکان و ئیقلیمەکان و هەموو شتێکی دیکە. واتا ئەمە دابەش کردنی سەروەتی ئەو وڵاتەیە بەسەر هاووڵاتییاندا و هەروەها چۆنیەتی خەرج کردنی. بەشێوەیێکی گشتی بوودجە خۆی لە دوو بەش پێکدێت بوودجەی تەشغیلی و بوودجەی ئیستیسماری، ئێمە لە بیدایەتەوە ئەو پڕۆژەیە کە لە حکوومەتەوە هات زۆر تێبینیمان لەسەری هەبوو یەکێک لەو تێبینییانە ئەوە بوو کە بوودجەی تەشغیلی زۆر زۆر بوو و بوودجەی ئیستیسمارییەکەی کەم بوو، لە کاتێکدا کە عێراق پێویستی بە ئاوادات کردنەوە و بوودجەی ئیستیسماری هەیە و قەرزێکی زۆری تێدا بوو و ئەو بوودجەیە مومکین نەبوو بەو شێوەیە بڕوات چوونکە نیشانەی وێران بوونی ئیقتیسادی وڵات بوو. بە سپاسەوە هاوڕێیانی ئێمە لە لیژنەی مالی و دوای سەدان سەعات کۆبوونەوە تونییان بوودجەکە بە شێوەیێک لێبکەن کە هەم قەرزەکان کەم بکەنەوە و هەم تەخمینێکی تر بۆ نەوت بکەن چوونکە ئەو تەخمینەی لە لایەن حکوومەتەوە هاتبوو نرخی بەرمیلێک نەوتی بە 42 دۆلار دانابوو لەگەڵ ئەمەش نرخی نەوت گۆڕا و بووە هۆی ئەوەی کە قەرزەکان کەم ببنەوە.

لەسەرووی هەموو ئەمانەوە دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیە و دەبێت باس لە بوودجەی هەرێمەکانیش بکات بەڵام بەداخەوە فیدراڵیەکەی ئێمە فیدراڵیێکی تەواو نییە چوونکە تەنها یەک هەرێم هەیە و خۆی دەبوو چەند هەرێمێک هەبێت ئینجا فیدراڵیەکە تەواوە. ئێستا کە یەک هەرێم هەیە ئێستا دەسەڵاتی ناوەندیی وەکوو موحافیزەیەک تەقەبوولی هەرێم دەکات لە کاتێکدا لە ڕووی دەستوورییەوە هەرێم لە موحافەزە جیاوازە بۆیە ئەم کێشە ساڵانە دروست دەبێت.

ئێمە وەکوو فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەو مادەیە کە لە ئەسڵی پڕۆژەکەدا هاتبوو تایبەت بە هەرێمی کوردستان بوو واتا مادەی 11 ئەوەی کە لە حکوومەتەوە هابوو قبووڵمان کرد کە باسی ئەوە دەکات کە مانگانە 250هەزار بەرمیل نەوت تەسلیم بکرێت و بەرامبەر بە ئەوە عێراق بوودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. بەڵام لایەنی عەرەبی بەتایبەتی شیعەکان ئەو دەقەیان قبووڵ نەبوو و بۆ ماوەیێکی زۆریش دەقی بەدیلیان نەبوو چوونکە ئەوانیش لە ناوخۆیاندا پەرتوپەڵاون و ڕێکنەئەکەوتن لەسەر ئەوەی دەقێکی بەدیل بێنن. یەعنی وەستانی بابەتەکە ئەوەی کە پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت زۆرتر لەسەر ئەوە بوو کە ئێمە دەمانگوت دەقی حکوومەت کە هاتووە هەموو کورد پێی ڕازین، ئێوە کە پێی ڕازی نین فەرموون دەقی بەدیل بێنن کە موناقشەی لەسەر بکەین و ئەوان نەیاندەتوانی ئەوە بێنن. ئەوە بوو کە لەدوای ئەوەی کە چەند جارێک وەفدی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد لەسەر ئەو شێوازەی ئێستا ڕێککەوتن هەرچەند من وەکوو خۆم و ئێمەش وەکوو فراکسیۆنی گۆڕان تێبینیمان هەیە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کە ئێستا کراوە و تەسویب بووە.

کوردپرێس: ئاماژەیێکی کورتتان دا بەڵام ئەگەر زیاتر لەسەری قسە بکەین تایبەتمەندییەکانی بوودجەی 2021 بۆ ئەمساڵی هەرێمی کوردستان چییە؟

بەهار مەحموود: تایبەتمەندییەکانی بوودجە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەی کە لە ئەمساڵدا هەیە و و لە ساڵانی پێشوودا نەبووە فەقەرەی (ە)ی مادەی یازدەیە ئەم فەقەرەیە دەڵێت حکوومەتی ناوەندی ئەو بوودجە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت هەرکات کە هەرێمی کوردستان فەقەرەکانی (الف) (ب) (ج) (د) مادەکەی جێبەجێ کرد.

ئێمە بوودجەکەمان لەسەرووی 10 ترلیۆنەوەیە بەڵام ساڵان هەندێکجار 100 و ئەوندە ملیار دەهات و هەندێک جاریش 400 و ئەوندە دەهات. لەبەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بەشە نەوتەکەی تەسلیم نەدەکرد ئەوانیش دەهاتن ئەو بەشە نەوتەیان لە بوودجەکە ئەشکاند و باقیەکەیان بۆ دەهەناردین کە ئێستا ئەمەیان نەهێشتووە. ئەگەر بێت و هەرێمی کوردستان ئیلتیزام نەکات بەناردنی نەوتەکە ئەوە ئەوانیش ئەو بەشە بوودجەیە نانێرن.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی بوودجەی ئەمساڵ ئەوەیە کە بە هەوڵی هاوڕێیانی ئێمە لە نەفەقاتی حاکیمە بە جیاتی 12.67 ی وەزارەتی... کراوە بە 13.7 کە ئەمەش بوودجەی حاکیمە تەقریبەن 2 ملیار بەرز دەکاتەوە.

هەروەها تایبەتمەندیێکی دیکە بوودجەی ئەمساڵ ئەوەیە کە ئەبێت هەرێمی کوردستان ئەمجارە 50 لەسەدی داهاتە فیدراڵیەکانیش تەسلیم بکات واتا داهاتی نانەوتیش بەپێی یاسای ئیدارەی مالی دەبێت نیوەی داهاتە نانەوتییەکان تەسلیم بکات. ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لەم ڕێککەوتنەدا دەستی کەوتووە تەنها شەرعییەت دانە بە فرۆشتنی نەوتەکە وەکوو چۆن ئێستا لەلایەن حزبەوە دەفرۆشرێت. ئێستا ئەو شەرعیەتەی وەرگرتووە واتا شەرعیەت دانە بەوەی کە تا ئێستا هەبووە. لە بەرمبەریشدا حکوومەتی فیدراڵیش ئەوە وتووە کە ئەگەر هەرێم ئیلتیزام نەکات و قیمەتی نەوتەکەمان بۆ نەنێرێت ئێمەش بوودجەی بۆ نانێرین یەعنی هەردوو لایان بەوەی کە مەبەستیان بووە دەستیان گەیشتووە بەڵام ئەم پرسە چی بۆ شەعب تییایە ئەکەوێتە سەر ئەوەی کە تا چ ڕادەیێک هەردوولا ئیلتیزام دەکەن بە جێبەجێ کردنی مادەکەوە.

کوردپرێس: ئەگەر وردتر باسی لێوە بکەین هەرێمی کوردستان دەبێت ڕۆژانە و مانگانە چەند بەرمیل نەوت یان چەند بە (قیمەت) ڕادەستی حکوومەتی ناوەندی بکات؟

بەهار مەحموود: خۆی بەپێی مادەکە واتا بەپێی مادەی 11 فەقەرەی (ب) وا تەخمین کراوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت لەم 460هەزار بەرمیل نەوتە دەبێت بە لانی کەمەوە قیمەتی 250هەزار بەرمیل نەوت تەسلیمی عێراق بکات. ئەبێت قیمەتەکەی ڕادەست بکات بەڵام بە نرخی سۆمۆ ئەمەش خاڵێکی ترە کە هەرێمی کوردستان زۆر زەرەری تێدا دەکات چوونکە نرخی سۆمۆ جیاوازە لەو نرخەی کە هەرێمی کوردستان نەوتی پێدەفرۆشێت بۆیە لێرەشدا هەرێمی کوردستان زەرەرێکی دیکە دەکات لە مادەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان قیمەتەکە بە نرخی سۆمۆ بنێرێت. بەڵام ئەو خۆی بە هەرزانتر دەیفرۆشێت واتا ئەگەر بیەوێت نرخی 250هەزار بەرمیل نەوت بە قیمەتی سۆمۆ بدات بەغدا دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت. ئەمەش لە دواجاردا بە زەرەری هاووڵاتییان تەواو دەبێت چوونکە لە نەوتەکەی ئەوان دەڕوات.

کوردپرێس: ئێوە پێش بینی ئەوە دەکەن کە داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەکان لە لایەن هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا بکرێت لەم بارودۆخەی کە ئێستا حکوومەت هەیەتی؟

بەهار مەحموود: من تەسەور دەکەم کە لە ئەسڵدا ڕێککەوتنەکە هەر بۆ ئەوەیە کە نەهەرێمی کوردستان قیمەتی نەوتەکە تەسلیم نەکان نەک ئەوەش کە بەغدا بوودجە نەنێرێت. حاڵەتەکە ئەمەیە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر فرۆشتنی نەوتی خۆی و ئەوەی لەسەر ڕێککەوتن کراوە دەیدات و مەقاسەیش نەماوە. مادام ئەو قیمەتی نەوتەکە تەسلیم نەکات ئەویش هیچ نانێرێت.

کوردپرێس: کە واتا ئێوە گەشبین نین بە جێبەجێ بوونی یاساکە؟

بەهار مەحموود: تەسەور ناکەم چوونکە وەک وتم لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا کێشە هەیە چوونکە نرخی نەوتی ئەمان کەمترە لە نرخی نەوتی سۆمۆ هەروەها خۆشیان ئەوەیان دەویست. یەعنی هەرێمی کوردستان ئەوەی دەویست کە شەرعیەت بە فرۆشتنی نەوتەکەی بدرێت و ئەو شەرعیەتەی وەرگرتووە لە ڕووی ئەمەوە ئەم شتە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان باشە لەبەر ئەوەی کە لەمەودوا ناتوانرێت بە هەرێمی کوردستان بوترێت کە بە نایاسایی نەوتەکەی دەفرۆشێت. هەروەها تەنانەت لەوانەیە کە لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە پێداچوونەوە بە عەقدەکانی بکات لەبەر ئەوەی کە چەند وەختە کۆمپانیا گشتییەکان ڕەنگە منەتی ئەوەیان کردبێت کە ئەوان تەعامول بە نەتێکی قاچاخ دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا چوونکە لە ڕووی دەستوورییەوە سەلاحیەتی فرۆشتنی نییە بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەم قانوونەدا دانپێدانیانێکە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت و ئەمە بۆ حکوومەت باشە.

بەڵام ئەمەش بۆ هاووڵاتییان کاتێک باشە کە هەردوولا ئیلتیزام بکەن ئەگەر نەوتەکە تەسلیم بکرایەت بۆ هاووڵاتییان باشتر بوو چوونکە ئەگەر نەوتەکە تەسلیم بکرایەت (نەک قیمەتەکەی) ئەو کاتە حکوومەتی فیدراڵی مولزەم بوو بەوەی کە بوودجەکە بە تەواوێتی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و ئەگەر ئەوەش ببوایەت بوودجەکەی بەشی مووچە و زیاتریش دەکات لە لایێکی تریش ئەوەی کە ئەگەر ئەو بڕە بوودجەیە هاتبات هەموو هاووڵاتیێکی هەرێمی کوردستان دەزانێت کە ئەو بڕە بوودجەیە لە بەغداوە بۆی هاتووە مێقدارەکەی چەندە و دەچێتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە. بەڵام ئێستا کە قیمەتەکە تەسلیم دەکرێت، خۆیان نەوتەکە دەفرۆشن من وەکوو ئەندامێکی پەرلەمان و هاووڵاتییان نازانن چەندی نەوت فرۆشتووە و چەندی لای حزب دەمێنێت و چەندی بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی دەمێنێتەوە. واتا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت ئەنجا دێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی بەڵام ئەگەر بوودجە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە بێت ڕاستەوخۆ دێت و هەموو کەسیش دەزانێت بوودجەکە چەندە کە بۆی هاتووە. بۆیە فەساد کەمتر دەبێتەوە بە قازانجی هاووڵاتییان.

کوردپرێس: هەرێمی کوردستان ئێستا لەگەڵ قەیرانێکی دارایی دژواردا ڕووبەڕوو بووەتەوە کە زیاترین گوشار خراوەتە سەر هاووڵاتییانی ئاسایی، ئەگەر وەک ئەوەی پێش بینی دەکەن هەرێم پابەندی یاساکە نەبێت لە هەرێمی کوردستان چی ڕوودەدات و ئاقاری ڕووداوەکان چۆن دەبینن؟

بەهار مەحموود: ئەوە بەسراوە بە نرخی نەوتەوە ئەگەر نرخی نەوت وەک ئێستا و باشتر بێت تەسەور ئەکەم ئەتوانن هیچ نەبێت وەک ئێستا مووچە بەردەوام بێت؛ ئەگەر باشتریش نەبێت. بەس ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت و لە ڕاستیدا دۆخی هەرێم بەرەو خراپی دەڕوات.

کوردپرێس: یەکێک لەو باسانە دەکرێت باسی لێبڕینی مووچەیە. بە ڕای ئێوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و بوودجە لە بەغداوە بێت ئایا لێبڕین بەردەوام دەبێت؟

بەهار مەحموود: بەردەوام بوون و بەردەوام نەبوونی لێبڕینی مووچە یەکەم شت بەسراوە بە ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە ئایا حکوومەت نیەتی ئەوەی هەیە کە ئەو لێبڕینە چاک بکاتەوە، چوونکە ناوێکی وایان لێناوە وەکوو ئەوەی کە نەیانەوێت چاکی بکەنەوە و ناویان ناوەتە «خۆگونجاندن» کەوایە یەکەم بەسراوە بە ئیرادەی ئەوانەوە کە ئایا ئەوان ئیرادەیان هەیە کە ئەگەر داهات باش ببێت لێبڕین نەهێڵن. ئەگەر ئەم ئیرادەیان هەبێت بەڵێ دەتوانرێت هەر ئێستاش بەو نرخەی نەوت کە ئێستا هەیە و حکوومەتی هەرێم دەیفرۆشێت دەتوانێت لێبڕین لاببات. ئەگەریش بوودجە لە بغداوە بێت ئەو کاتە هەر بە تەواوێتی دەتوانێت لایببات چوونکە ئەو کاتە بەغدا مولتەزیمە بەوەی کە هەموو بوودجەکە بنێرێت و بوودجەکەش بەشی ئیستیسماریش و تەشغیلی-یش دەکات. لە کۆتاییدا هیوادارم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی پێبەندی ڕێێکەوتنەکە بن لە پێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2118

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha