کوردی سووریا: ئامادەین دانوستان لەگەڵ تورکیا بکەین

بەشی جیهان-سەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات دەڵێت: ئیدارەی خۆسەر ئامادەیە لەگەڵ تورکیاش و لەگەڵ ئوپۆزسیۆنی سووریاش دەست بە گفتوگۆ بکات.

کوردپرێس:

ڕیاز زرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات باڵی سیاسیی هێزە کورد و عەرەبەکانی سووریای دیموکرات لە کۆنفڕانسێکدا کە پەیمانگای سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەی برد ڕایگەیاند کوردەکانی سووریا ئامادەن لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکەن.

زرار لەبارەی پێشمەرجەکانی کورد بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا گوتی: پێویستە هێز یان لایەنێک لە ئاستی وڵاتان بەشداری بکەن بۆ ئەوەی گەرەنتیی پێویست بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان دەستەبەر بکرێت.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات هەروەها جەختی کردە سەر خواستی ئیدارەی خۆسەری باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لەبارەی دانوستانی کوردی-کوردی بۆ یەکگرتنی نێوان کوردەکانی سووریا و دەشڵێت: پشتگیری کردنی ئەمریکا لە دانوستانی نێوان کوردەکان شوێندانەریی ئیجابیی لە سەر ئەو دانوستانە دەبێت.

ناوبراو سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ سووریا بە شتێکی ئیجابی دەزانێت و لەبارەی ناوەرۆکی دانوستانەکانیانەوە گوتی: لە دیدارەکاندا لەبارەی کرانەوەی سیاسی و یارمەتیی ئابوورییەوە گفتوگۆ کرا.

زرار پێیشی وایە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بە زیانی کورد و ئیدارەی خۆسەرە و هیوای ئەوەشی خواست کە دەست بەردان لە کوردەکان کە 2018 و 2019 کرا و ئەمریکا و ڕووسیا لە هێرشەکانی تورکیا دژی کورد کردیان چیتر دووپات نەبێتەوە.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هۆی وشکەساڵی و خراپ بوونی وەزعی جووتیارییەوە ئابووری ناوچەکە خراپە و داواشی کرد یارمەتیی دەرەکی زیاتر بکرێت و ڕێڕەوە سنوورییەکان بە ڕووی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بکرێنەوە.

News Code 2122

Your Comment

You are replying to: .
captcha