خولیای مامەڵەی نەوتیی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ کوردانی سووریا کۆتایی پێهات

بەشی جیهان- ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای نەوتیی دەلتا کرێست ئینێرجی-ی هەڵوەشاندۆتەوە کە لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەمەبەستی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانی سووریا مۆڵەتی پێدرابوو.

کوردپرێس بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس کە پشتی بە سەرچاوەیێکی ئاگادار بەستووە و ناوەکەی نەدرکاندووە: ئیدارەی بایدن مۆڵەتی کارکردنی بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکە نوێ نەکردۆتەوە تاوەکوو لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆسەر کار بکات، بەمەبەستی نۆژەن کردنەوە و بەرز کردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ناوچەکە.

سەرچاوەکە روونی کردۆتەوە کە پارێزگاری کردن لە بەرهەمهێنانی نەوت چیتر بەشێک نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەردەمی ئیدارەی بایدندا، بەوپێیەی بایدن وایدەبینێت کە بەکارهێنانی سوپای ئەمەریکا بۆ ئاسانکاری کردنی بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا کارێکی شیاو نییە.

بەگوێرەی یاسای قەیسەر، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان نادات لەناو سووریادا کاری بازرگانیی بکەن، بەڵام لەمانگی نیسانی رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ دوای راگەیاندنی خواستی واشنتۆن بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سووریا، کۆمپانیا نەوتییەکەی ئەمەریکای لە سزاکان بەخشی و مۆڵەتی کارکردنی لە کوردستانی سووریا پێدا.

کۆمپانیای "دەلتا کرێست ئینێرجی" لەساڵی 2019 لەلایەن جەیمس کاین کە ئەفسەرێکی خانەنشینە لە هێزی دەلتای سوپای ئەمەریکا و جۆن دۆرییە جۆنیۆر بەرپرسی جێبەجێ کردنی پێشووی کۆمپانیای "گەڵف ساند پەتریلیۆم" ەوە دامەزراوە و بارەگاکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2168

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha