فەرهەنگی سیاسیی پەیەدە هەمان فەرهەنگی پەکەکە-یە

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت PYD ئاستەنگ بۆ گفتوگۆکان دەنێتەوە و باوەڕی بە شەراکەت لە دەسەڵاتدا نییە و ئەم فەرهەنگە هەمان فەرهەنگی PKKیە.

«هەواڵ عیسا» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئامانج لە سەردانی ئەمدواییەی بەرپرسانی ئەمریکی بۆ کوردستانی سووریا و دیدار لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) چ بووە دەڵێت: ئەو شاندەی ئەمریکییە کە سەردانی کوردستانی سووریایان کردووە پێکهاتبوون لە ئەندامانی پێنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری) و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەوان جەنابی نێچیرڤان بارزانی و جەنابی مەسروور بارزانی ئەنجام دا و هەروەها لە سەردانەکەیاندە بۆ کوردستانی سووریا لەگەڵ ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و سەرۆک عەشیرەتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەند دیدارێکیان هەبوو.

ناوبراو درێژەی دا: لەو سەردانەدا لەگەڵ هیچ حزبێکی کوردیدا کۆبوونەوە نەکرا و تەنها لەگەڵ هەسەدە و سەرۆک عەشیرەتەکانی عەرەب چەند دیدارێک بەڕێوەچوو و ئێمە ئاگامان لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان نییە، ئێنە ڕۆڵی ئەمریکا لە سووریا و کوردستان بە ئەرێنی دەزانین.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) وتیشی: ئێمە بئامادەبوونی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا کاریگەر و گرینگ لە قەڵەم دەدەین و هیوادارین بە گوشار خستنە سەر پەیەدە هاوپەیمانیی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەنەکەسە دروست بکەن چوونکە لایەنی بەرامبەر باوەڕی تەواوی بە شەراکەت نییە و پێویستە ئەمریکا گەرەنتیکاری ئەم شەراکەتە بێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: هەر جارەو پەیەدە خەلەلێک لە کاری گفتوگۆکاندا دروست دەکات و تۆمەتێکی ناڕاست دەخاتە پاڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد تاکوو پڕۆسەی دانوستانەکان پەک بخات.

هەواڵ عیسا جەختی کردەوە: ئێمە تێڕوانینێکی ئەرێنی و سازێنەرمان بە گفتوگۆی کوردی-کوردی دا هەیە و جیدین لە درێژەدان بەم گفتوگۆیانە و باوەڕمان وایە بە ستراتێژی دەتوانین یەکگرتنی کورد-کوردی لە کوردستانی سووریا بخولقێنین.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا ڕاشیگەیاند: لایەنی بەرامبەرمان ئاستەنگ بۆ گفتوگۆکان دەنێتەوە و باوەڕی بە شەراکەت لە دەسەڵاتدا نییە و ئەم فەرهەنگە هەمان فەرهەنگی PKKیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2177

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha