هەڵمەتە سەربازییەکانی پەکەکە تەنها گرفتی کوردەکانی سووریا و هەرێمی کوردستانی زیاتر کردووە

بەشی تورکیا- مافناس و چالاکی سیاسی کوردی تورکیا دەڵێت: پەکەکە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ تورکیای نییە و بۆیەش هەڵمەتە سەربازییەکانی تەنها کورد زەرەرمەند دەکات.

سێدکێ زیلان مافناس و چالاکی سیاسی کوردی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئەنجامی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکە بە کوێ دەگات، ڕایگەیاند: پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە و هەم وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوایش قبووڵیان کردووە. کاتێک ئەم پرسەیش پەسەند کراوە لەبواری مافناسانەوە پێکهاتەی هەرێمی کوردستان وەکوو کیانێک ڕێزی لێدەگیردرێت، بۆیەش بوونی پەکەکە لەو چوارچێوەیەدا نە لەلایەن عێراق و نە وڵاتانی ناوچەکە و نە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکایشەوە قبووڵکراو نییە.

ناوبراو درێژەی دا: لە 2003دا لەسەر خواستی ئەمەریکا، تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد دانووستانەکانی دەست پێکرد و بۆ ماوەی چەند ساڵ دانوستانەکان بەرەو پێش چوونی باشیان بەخۆوە بینی بەڵام هەڵمەتە هەڵەکانی تورکیا لە قەندیل هەموو دانوستانەکانی بێ ئەنجام هێشتەوە. پرسی "شەڕی خەنەقەکان" هەڵەیێکی گەورە بۆ کورد بوو و کوردانی تورکیا تووشی خەسارێکی گەورەی سیاسی و ئابووری کردەوە و ژمارەیێکی زۆر لە گەنجی کورد بەهۆی ئەم سیاسەتەوە گیانیان لەدەست دا.

مافناس و چالاکی سیاسی کوردی تورکیا لەبارەی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریا و کاریگەریی ململانێی نێوان پارتی و پەکەکە لەسەر گفتوگۆکان وتی: پێویستە هێزێکی سەربازیی یەکپارچە لە کوردستانی سووریا پێکبهێندرێت و ئەوەی لە هەرێم ڕوویدا لە کوردستانی سووریا دووبارە نەبێتەوە، هێشتایش دوو هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئەمەش خەسارێکی گەورەی سیاسی و سەربازیی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و پەکەکە-یش وەکوو هێزی سێهەم لە بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێیە و مەترسیی زۆری بۆ سەر ئەو ناوچانە دروست کردووە.

سێدکی زیلان زیاتر وتی: هەرێمی کوردستان حکوومەتی خۆجێیی هەیە. ڕاستە کە ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەبینرێت بەڵام حکوومەت و پەرلەمانیان هەیە و پێویستە پەکەکە ڕێزی لێبگرێت و کێشەیان بۆ نەخولقێنێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: پەکەکە لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە خراوتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان و لەبارەی سەربازیشەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیای نییە بۆیەش چالاکیە سەربازییەکانی تەنها کێشەی کوردەکان لە عێراق و تورکیا زیاتر دەکات. ڕەنگە پەکەکە لە ساڵی 91 و 92دا کاریگەریی سەربازیی لەسەر تورکیا دروست دەکرد کە ئەوەش بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ کوردەکانی هەرێم کە ئەوەش خودی پەکەکە تاوانبار بوو؛ دەرفەتەکەی لەدەست دەرهێنان. بەڵام لە ئێستادا پەکەکە توانای ئەمەی نییە کاریگەریی سەربازی لەسەر وڵاتی تورکیا دروست بکات.

ئەم مافناسە کوردەی تورکیا وەبیری هێنایەوە: پێویستە پەکەکە بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەی کێشە و گرفتەکان قبووڵ بکات و دەستوەردان لە کاروباری کوردانی سووریا و عێراق نەکات. ئەمڕۆ کوردی سووریا لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە شەرعیەتیان هەیە و نابێت پەکەکە ئاستەنگیان بۆ دروست بکات. لەباری ئایدۆلۆژیەوە پەکەکە دژی وڵاتانی ئەورووپیە و پێوەندیی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە کە مافی کوردیان قبووڵ نییە و هزری سیاسیی ئەو گرووپەش نەگۆڕاوە بۆیە باشتر وایە بیانوو نەداتە دەستی تورکیا و وڵاتانی دیکەوە بۆ هێرش کردنە سەر کوردستانی سووریا.

سێدکێ زیلان لەبارەی سیاسەتەکانی پەکەکە لە سووریا و عێراق وتی: پێویستە پەکەکە ڕاستییەکان قبووڵ بکات و بەرژەوەندیی کوردەکانی سووریا و عێراق لەبەرچاو بگرێت. تا ئەو کاتەی تورکیا پەکەکە دەکاتە بیانوو بۆ هێرش کردنە سەر سووریا و عێراق مافی کوردەکان پێشێل دەکرێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پەکەکە توانایێکی سەربازیی ئەوتۆی نییە و بەشەڕ کردن ناتوانێت کاریگەری دروست بکات. کۆبانی بە چەک و یەپەگە و یەپەژەوە ئازاد نەکرا، ئەگەر فڕۆکەی هاوپەیمانان و لۆجستیکی ئەوان نەبووبا کورد سەرنەدەکەوت. بۆیەش باشتر وایە پەکەکە واقعگەرا بێت و سیاسەتی دروست پەیڕەو بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 218

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha